شکست،  بێ ورەیی ، بەرهەڵستکاریی: قەیرانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا

کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بووەتە جێگای ڕیسوایی‌یەکی تەواوەتی بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکا. نەک تەنها ڕێژەی داڕمانی سەربازی و ئابوری خستە ڕوو بەڵکو لەهەمان کاتدا بارودۆخی ڕوولەسەری بێزاریی خەڵکیش لە ناوخۆی ئەمریکادا. لە کاتێکدا لە نێوخۆ وەڵام بە پێداویستیە سەرەتاییەکانی خەڵک نادرێنەوە، کرێکاران لە ئەمریکا بە تەواویی ناتەندروست و ماندوو بوون بە دەست سەرکێشییە سەربازییە کۆتایی نەهاتووەکانی چینی باڵا دەستەوە.

ئەم بابەتە هەفتەیەک پێش ئەوەی تالیبان دەست بەسەر کابولدا بگرێت بڵاوکراوەتەوە.


[Source]

کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان کۆتایی بە بوونی دوو دەیەی سەربازیی لە ناوچەیە هێنا . بڕیاری کشانەوی سوپا لەم ناکۆکییە کارەستبارە بووتە جێگای پشتیوانییەکی بەربڵاو لە نێوخۆی جەماوەری ئەمریکا. بە پێ‌ی ڕاپرسی YouGov/Economist لانی کەم ٥٨% پێشوازی لێکردووە، کە لە خۆیدا نیشاندەری بێزارییەکی گەورەیە لە نێو ئەمریکییەکان، تەنها ٣٩%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە کە "شەڕی دژ بە تیرۆر" ئەم بایەخدانەی پێویست بووە، ئەم ژمارەیە بە بەروارد لەگەڵ ٨٨% پشتگیرییەک کە لە کاتی داگیرکردنی ئەفغانستاندا لە ساڵی ٢٠٠١ لێ‌ی بەهرەمەند بوو جێگای ووردبوونەوە و تێڕامانە.

ئەم شەکەت و ماندووبوونە لە جەنگ پەلی بۆ نێو ڕیزەکانی سوپای ئەمریکی کیشاوە. ژمارەیەکی زۆری سەربازە ئەمریکییەکان لە ئامانجی خستنە مەترسی ژیانی خۆیان لە سەرکێشییە سەربازییە بێ دەرئەنجامەکان پرسیار ئەکەن. لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵات بێبایەخانە لە چەند کۆستی دەروونی، فیزیکی و عەقڵی بەجێهێڵراون. پێئەچێت هەمان ئەو حکومەتانەی هەموو کەرەستە پێویستییەکانی ناردنیان بۆ جەنگ لە وڵاتانێکی دوور ئامادە ئەکەن، بێتوانا بن لە دۆزینەوەی ئەو سەرچاوانەی هاوپشتیکردنی شەڕکەرە کۆنەکان کە دەرگیری چەندین گرفت و کێشەی تەندروستی عەقڵی، بێکاری و بێخانەو لانەیی بوونەتەوە.

ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکانی ئاسایی ئەمریکیی، دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ناکۆکییە گرانبەهاو ئاڵۆسکاوییەکانی دەرەوە ڕەد ئەکەنەوە، بە تایبەت ئەو کاتانەی هەژاری کارەستبارانە و نایەکسانی لە نیوخۆدا ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن. پێویستە چینی دەسەڵاتداری ئەمریکی لە ڕێگای هێڵە حزبییەکانەوە ئەو ڕاستییە تاڵە قوت بدات کە لێژبوونەوەی ڕێژەیی‌یەی هێزەکەی هاوشان لەگەڵ توڕەیی و بێزارییەکی ڕوو لەسەری نێوخۆ، بە مانای ئەوەیە چیتر توانای ئەو ڕۆڵە ڕاهاتووانەی لە ڕابردوو ئەیگێڕا لەدەستداوە.

توانا سنووردارەکانی هێزی سوپای ئەمریکی

وەک هێزێکی دەسەڵاتداری ئیمپریالیستی لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەمریکا هێزی سەربازیی خۆی لەپێناو بەرگریکردن لە بازاڕەکانی و پاراستنی بواری بەرژەوەندییەکانی لە سەرتاسەری جیهان بەکارهێناوە. لەنیوەی دوومی سەدەی بیستدا، ئەمریکا لە سەدان ناکۆکی چەکداری لەسەر ئاستی جیهان دەستێوەردانی کردووە.

بەڵام کشانەوەی لە ئەفغانستان تەنها کارەساتی ڕسواکەرانە بۆ دڵنیاییدان لەوەی ئەمریکا گەیشتووەتە سنوورەکانی خۆی نییە. بەگەڕانەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨، لە ڕووبەڕووبوونەوەی نمایشی سەربازیی ڕوسیا کە بەردەوام چالاکی و دەستێوەردانەکانی لەگەڵ جۆرجیا لەسەر ئۆسیتیای باشوو نوێ ئەکردەوە، ئەمریکا جگە لە هەڵچوونی سەرکۆنەکردن لە کەنارەوە نەیتوانی هیچ شتێک بکات، و کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا پاش ئەوەی دورگەی قرم لە ڕیفراندۆمێکدا بە ڕووسیاوە لکێندرا، چینی دەسەڵاتدار لە ئەمریکا نەیتوانی جگە لە هەڵبەزودابەز و دەربڕینی توڕەیی بە وشە هیچ شتێکی تر بکات.

لەعێراق سەرباری کوژرانی ٤٥٠٠ سەربازو برینداربوونی زیاد لە ٣٠هەزاری تر، و تێپەڕاندنی خەرجییەکان بە بڕی تریلیۆنەها دۆلار ، هیچکام لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەدی نەهاتن. سەرباری ئەو بانگەشە گاڵتەجاڕانەی کە شەڕ ی عێراق بەشێکە لە " شەڕی دژ بە تیرۆر"، بەڵام هەر لە کاتی داگیرکردنیدا بە ڕابەرایەتی ئەمریکا، ڕێکخراوی قاعیدە جێ پێ‌ی خۆی کردەوە لەو وڵاتە، و بەهۆی تاوان و کردەوە ئابڕووبەرەکانی سوپای ئەمریکا لە فەلوجەو چەند شوێنی تر هەستان بە چەکدارکردنی گەنجان و لاوانی ڕادیکاڵ. لەهەمان کاتدا، هیچ ژمارەیەک لە سوپای ئەمریکا چیتر ناتوانێت ڕێگری لە لێژبوونەوەی عێراق بۆ ژێر کاریگەری و نفوزی ئێران بکات.

لە ساڵانی ژێر سایەی حوکمی ئۆبامادا، ئەمریکا هەوڵی بۆ دەستخستنی پشتگیریی خۆجێ‌ی بۆ لێدانە سەربازییە سنوودراوەکانی بە فڕۆکە لە لیبیا و سوریا دا، و ناچار بە پشتبەستن بە وەکیلە ناباوەڕپێکراوەکانی لە سەر زەمین بوو. لە دواین جاردا، ئۆباما بە بەکردەوە ناچار بوو کاروبارەکانی سوریا تەسلیم بە ڕووسیا بکات. پاش شکستی وەکیلە ئیسلامییە" موعتەدیلەکان" ی لە بەرامبەر سوپای سوریای هاوپەیمان لەگەڵ سوپای زەمینی ئێران و لێدانی فڕۆکەکانی ڕوسیا، ئەمریکا تەنها بە بینەرێکی ڕووداوەکان گۆڕدرا.

لەکاتێکدا، سەرباری هاتوهاوارەکانی ئەمریکا بۆ کردەوەی سەربازیی لە ئێران، کۆریای باکوور، و ڤەنزوێلا، لە هەموو پرسەکاندا هەڕەشەکان بە هیچ جێیەک نەگەیشتوون. پێش هەرشتێک جەماوەری خەڵک کەمتر پەرۆشن بۆ سەرکێشی زیاتری خوێناویی و ڕوولەسەرانەش کەمتر بە کردە شۆڤێنییە سەربازییەکان کاریگەرن. بەم جۆرە هێزی چینی دەسەڵاتدار لە ئەمریکا ڕوو لەسەرانە بە بەکارهێنانی تەنها هێزی ئابوری دژ بە دوژمنەکانی لە ڕیگای سزاوە سنوردار بووە.

دۆناڵد ترامپ لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦دا، سوودی لە تووڕەیی و بێزارییە ڕوولەسەرەکانی دژ بە جەنگ بە پڕوپاگەندەی " سەرەتا ئەمریکا" وەرگرت، و لە جیاتی بە خەرجدانی دارایی لە " جەنگە کۆتایی نەهاتووەکان " بەڵێنی بە خوڵقاندنی پیشەی زیاتر و گەشەی ئابوری لە ناوخۆ دا.

کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بە دەستپێشکەری ترامپ، نیشانەی بێتوانایی چینی دەسەڵاتداری ئەمریکایە لە سەپاندنی قەڵەمڕەوی خۆی لە هەر جێیەک و بەو ڕێگایەی تا ئێستا پێ‌ی ڕاهاتووە.

دوو دەیە لە جەنگ، جگە لە گیان لە دەستدانی سەدان هەزار مرۆڤ، و دامەزراندنی حکومەتێکی بوکەڵەی خۆفرۆش بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشت. پرسەکە لەمڕۆدا بە تاڵیبانێکی بەهێزتر لە هەرکاتێکی سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە ٢٠٠١ کۆتایی هاتووە. گشت ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بارودۆخێکی شڕدان.

کۆمەڵگا لە جەنگ بێزارە

تەنها ٩%ی ئەمریکییەکان پشتگیریی دەستتێوەردانی سەربازی بوون لە سوریا. و پێشنیازی ترامپ بۆ دەستتێوەردانی سەربازی لەپێناو لابردنی سەرۆک مادورۆ لەسەر دەسەڵاتی ڤەنزوێلا پشتگیرییەکی لاوازی ٢٠% بەدەست خست.

بەچاولێکردنی مەودای لاوازانەی پشتگیریی جەنگێک کە کۆتایی نایەت، هیچ سەیر نییە زۆرینەی ئەمریکییەکان ئەیانەوێ لەو کارەساتانەی لە ئەفغانساتدا ڕوویانداوە خۆیان بێبەری بکەن و دژایەتی چینی باڵادەست لە بەشداریپێکردن لە سەرکێشییەکانیان ئەکەن ،بەڵام ڕەدکردنەوەی گشتی ناکۆکی هەروەها ئەکرێت بە قەیرانی ئابوری لە نێوخۆدا لێکبدرێتەوە، کە سێبەری خۆی لەسەر خەرجدانە بەلێشاواکانی شەڕی کۆتایی نەهاتووی ئەمریکا داداوە. لە دواین لێکدانەوەدا داکشانی سەربازی ئەمریکا لە داکشانی ئابوری ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتووە.

یەک دەیە لە سیاسەتی سکهەڵگوشین و لە خۆگرتنەوە، و بەردەوامی پەتای جیهانیی ( کە ئەمریکا خاوەنی گەورەترین ڕێژەی گیان لدەستدانە لەسەر ئاستی جیهان ) کاریگەری تێکشێنەرانەیان لەسەر ژیانی خەڵک کردووە. ئەمە بەشداری لە گۆڕینی هۆشیاری لە نێو جەماوەری خەڵکدا دەربارەی عەسکەرتاریەت و جوودابوونی ئەمریکا بە شێوەی گشتی کردووە.

بە پێ‌ی ڕاپرسییەکی دامەزراوی ڕۆناڵد ڕیگان، تەنها ١١%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە خەرجییە سەربازییەکان ئەبێت ببێتە پێشینەی ئەرک و کارەکانی حکومەت، لە کاتێکدا چاودێری تەندروستی و پرۆگرامەکانی پەروەردە لە پلە یەکەکانی ئەرکەکانی حکومەت هەژمار ئەکرێن.

هەمان ڕاپرسی ئەوەی خستەڕوو لە ساڵی ٢٠١١دا تەنها ٨%ی ئەمریکییەکان پێیان وابوو وڵاتانی تری باشتر لە ئەمریکا بوونیان هەبێت، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە لە ٢١% دا جێگیر بووە. تەنانەت ئەو ڕێژەیە لە نێو گەنجەکان ٣٦% پێکئەهێنێت.

ڕەدکردنەوەی دامەزراوە سیاسییەکان، کە لە ڕوداوەکانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پاری ژیانی ڕەشپێشت پرسە (Black Lives Matter) دەرکەوت، و تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی ترامپ لە ساڵی ٢٠١٦ (هەرچەندە بە شێواویش) قین و بێزاری جەماوەر لە باردۆخی ئێستا کە هیچ پاشەڕۆژێک مسۆگەر ناکات ئەخاتە ڕوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیاسییەکان لە ڕێگای جەنگەکانەوە لە دەرەوەی وڵات سامانەکان بە هەدەر ئەدەن.

خەونی ئەمریکا بە کابوسێک گۆڕدراوە. ئەو دوو تریلیۆن دۆلارەی لە کارەساتی تێکدەرانەی ئەفغانستان بە خەرج درا ئەکرا زۆرێک لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی کرێکاران و گەنجانی ئەمریکا چارەسەر بکات. ژمارەیەکی زۆرتر و زۆرتر لە خەڵک بەو دەرئەنجامە ئەگەن کە دوژمن لە نێوخۆدایە نەک لە دەرەوە.

ئەمە بایەخپێدانی سروشتیانەیە بۆ چینی باڵادەست کە لە مەترسی هەڵچونی زیاتری ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان تێئەگات لە ڕێگای تێوەگلان لەو ناکۆکییانەی کە هیچ کۆتاییەکیان نییە و بە مەسرەفن لە کاتێکدا کە کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەت لە هەوڵی نەخنکاندان.

هەمان ئەو ڕق و بێزارییەی کە ملیۆنەها ئەمریکی نیگەران کردووە بە هەمان شێوە پەلی بۆ نێو ڕیزەکانی سوپا هاویشتووە، ئەمە هیچ سەیر نییە. تەنها جەنگی ئەفغانستان بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی 2,448 سەربازی ئەمریکی جگە لە 20,700 سەربازی بریندار، سەربازی ئەوەی هێزەکانی سوپا لە ماوەی ئەم سالانەی دوایی‌دا دەرگیری کەمکردنەوەی مووچەو لێسەندنەوەی زۆرێک لە دەستکەوتەکانیان بوون.

دەرئەنجامی بەشداریکردن لە " جەنگی دژی تیرۆر" نزیکەی 155,000 سەرباز دەرگیری خەمۆکیی بەردەوام بوونەتەوە، کە بە ڕۆڵیان کاریگەرییان لە سەر تەندروستی عەقڵی و دەروونی سەرجەم کۆمەڵگا کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە تا ئێستا نزیکەی ٤٥ هەزار سەربازی ئەمریکی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. جگە لەوەی ٦٧ هەزار سەبازی تر بەهۆی کەمی دەرفەتەکانی کار، دەستگیرۆیی نەکردن لە کێشە دەوونی و عەقڵییەکانی کە بەهۆی جەنگەوە تووش بوون ،بێ خانەو لانە کەوتوون و لە شەقامەکاندا ڕۆژ ئەکەنەوە.

سەربازی هەموو هاتوهاوارە شۆڤێنییەکانی دەربارەی "هاوکاریکردنی هێزەکانی سوپا" چینی باڵادەستی ئەمریکا بەسووک سەیرکردنێکی بێئەندازە دەرهەق بە سەربازە کۆنەکانی پیشان ئەدات و لە چارەنوسێکی کەساس و داماوا بە جێیان دێڵێت.

هەموو ئەم فاکتەرانە، هاوشان لەگەڵ ئەزموونی شکست، و باوەڕبوون بەوەی گیانەکان لە پێناو ناکۆکییە بێ ئامانجەکاندا لەناو ئەچن، لە باری مەعنەوییەوە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر سەربازەکان و متمانەیان بە ئەفسەرە باڵاکان کردووە. بۆ نمونە لە ڕاپرسییەکی ٢٠١٥دا دەرکەوت ٥٥%ی سەربازەکانی ئەمریکا " ڕەشبینی بەرامبەر پاشەڕۆژیان لە سوپا" ، لە کاتێکدا تەنها ٢٧%یان لەو باوەڕەدان سەرکردەکانیان بەرژەوەندییەکانی ئەوانیان لە دڵدا هەڵگرتووە.

لێکۆڵینەوەی ئەم دواییانەی فاینەنشیەڵ تایمزدا دەربارەی کشانەوەی سوپا لە ئەفغانستان تیشکی زۆری خستووەتە سەر ئەم قەیرانە مەعنەوییە. کۆنەسەربازێک دانە بەوەدا ئەنێت:" هەمیشە من وا پەروەردە کرابووم کە ئێمە هەمیشە باشترین کەسەکانین[...] چیتر من باوەڕم بەم چیرۆکە نیشتمانییەی پێش نوستن نییە"

یەکێکی تر توانجێکی ترلەم بارەیەوە ئەدات: "ئەو بیرۆکەیەی کە بۆ ماوەی ٢٠ساڵ بە دارێکی گەورەوە ئەگەڕاین و ئێستا ئەیشکێنین، چ شتێکی بیناکرد، جگە لە قەرزێکی زۆری کەڵەکەبوو؟ و مردن؟" نەبێت.

لەهەموو بارەکاندا، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ئەو هەستە ڕوولەسەرە لە نێو ئەفسەرە باڵاکاندا دەستنیشان ئەکات کە " هێزەکانی سوپا بە ئەندازەی پێویست ڕابەرایەتی بەرەو پاشەڕۆژ ناکرێت"

یەکێک لە سەربازە کۆنەکانی هێزی دەریایی ئەمەی بۆ ڕژنامەکە ڕوونب کردەوە:

" ئەگەر باوەڕت وابێت کە نیشتنانەکەت تۆ بۆ کردەی ئەستەم و بێ ئامانج ئەنێرێت [...] ئیتر دەرئەکەویت کە ئەوە تاڵیبان ، قاعیدەو داعش نین هەوڵی کوشتنت ئەدەن ، بەڵکو ئەمریکا خۆیەتی"

داکشانی دڵسۆزیی و باوەڕیی بە سەرکردایەتی ، کاریگەری و چالاکی سوپا کەمتر ئەکاتەوە و دەستی چینی باڵادەستیش لاوازتر ئەکات.

هەر سوپایەک پێداویستییانە ڕەنگدانەوەی ئو کۆمەڵگایەیە کە تێیدا دەرکەوتووە. لاوازی باوەڕیی بە ڕابەریی سوپا ڕەنگدانەوەی داڕمانی شەرعیەتی دامەزراوەکانە و بەرهەمی قەیرانی سەرمایەداری‌یە. بێ هیوایی لە نێو ڕیزەکانی رابەری سوپادا بە مانای چوونەسەری مەترسی هەڵگەڕانەوەو دابەشبوونی هێزەکانی سوپایە: یەکێک لە مەترسی‌ترین سیناریۆکان بۆ چینی دەسەڵاتدار.

یەکێک لە تازەترین نمونەکانی ئەم سرشتە هەڵگەڕاوەیە، لە ڕوداوێکی مانگی مارسدا دەرکەوت، کاتێک کاپتنی کەشتییە بارهەڵگری فڕۆکەی ثیۆدۆر ڕۆزڤێڵت (Theodore Roosevelt) لە هەنگاوێکدا دژ بە فەرمانی ئەفسەرە باڵاکان، بڕیاری بە چۆڵکردنی کەشتییەکە لە پێناو بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید -١٩ دا . بڕیارەکە بووە هۆکاری داماڵینی کاپتنەکە لە ئەرکەکەی، بەڵام هاوسۆزی لە لایەن تیمەکەیەوە، کە تەندروستییان لە لایەن ئەدمیراڵە دڵڕەقەکانەوە خرابووە مەترسیی‌یەوە بەدەستخست.

ئەم دابەشبوونانە لە نێو ڕیزەکانی سوپا نیشانە شاراوەکانی قەیرانێکی یەکجار قوڵتری باوەڕیین بە چینی باڵادەست لە نێو سەرجەم چینی کرێکاری ئەمریکا بە گشتی و ژمارەیەک لە سەرمایەدارانی میلیتانتی بە شێوەی تایبەت.

ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە قەیراندا

تێکڕا هیچ گومانی تێدا نییە، ئەمریکا هێشتا گەورەترین هێزی ئابوری و سەربازی بێ ڕکابەرە. ساڵانە تێچووە سەربازییەکانی بە ئەندازەی هەر ١٠ وڵاتی لوتکەیە پێکەوە. هیچ هێزێکی تر توانای ئالنگاری لەسەر جێگاو ڕێگای لەسەر ئاستی جیهان نییە، بەڵام لەسەر ئاستی هەرێمیدا، هاوکێشەکە جۆرێکی ترە، چیتر ئینکانی ئەو بانگەشەیەی کە بەتواناترین هێزە لەهەر جێیەک نییە. ئێستا چین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا بەهێزترین هێزی سەربازییە. لە سوریا، هێزەکانی ڕوسیا و ئێران توانییان شکست بە دەستتێوەردانی ئەمریکا بهێنن. و بە شێوەیەکی بەردەوامیش چاومان لێیە هێزە هەرێمییەکان ئالنگاری ئیمپریالیزمی ئەمریکا ئەکەن و زیاتر تواناکانی سنوردار ئەکەنەوە.

لەکاتێکدا پاشەکشەی ڕێژەیی ئابوری بە بێزارییەکی قوڵ لە نێوخۆدا وەرئەگێڕدرێ، ڕەوت و مەیلە بەجۆش و ڕوولەسەر و دژمنکارییە نیشتمانییەکان هەڵکشاوانە جێ‌ی و ڕێ‌ی ئەمریکا بۆ دەستگرتن بە بەرە یەکگرتووەکانەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا ئەستەم‌تر ئەکەن. هەروەک بایدن لە تێچوونەکانیدا ڕووبەڕووی بووەوە.

لێژبوونەوەی ڕێژەییانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا، و هەڵکشانی شەکەت و وماندوو بوونەکانی هاوڵاتیانی ئەمریکا لە جەنگ ، هەروا خودکارییانە کۆتایی بە ناکۆکی جیهانیی ناهێنێت. تاکو ئێستاش ئیمپریالیزمی ئەمریکا توانای بڵاوکردنەوەی تۆوەکانی بەربەریزمی لە زۆرێک لە شوێنەکانی جیهاندا هەیە. لە دواین جاردا ، ئیمپریالیزم دەرهاویشتەی سیستمی سەرمایەداری خۆیەتی. بەم شێوەیە، تا ئەو جێیەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە قەیراندا بێت، بە سانایی بۆشاییەک دروست ئەکات و هێزەکانی تر لە هەوڵی پڕکردنەوەیدا ئەبن. ئەمە ئەبێتە هۆکاری خوڵقاندنی بارودخێکی زیاتری جەنگ بە وەکالەت لە ئەفغانستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەهەر جێگایەکی تر. تەنها لە ڕێگای توڕهەڵدانی سەرمایەداری بۆ زبڵخانەی مێژوو ئەکرێت کۆتایی بەم کابوسە بهێنرێت.

هەروەک ئەوەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا هەرە دواکەوتووترین هێزی سەر گۆی زەوی‌یە، هێزی چینی کرێکاری ئەمریکاش لە ماتە وزەیەکی شۆڕشگێڕانەی مەزن بەهرەمەندە و ئەو توانایەی بەردەستە گەورەترین ئامێری جەنگ کە جیهان بەخۆیەوە ناسیبێتی لە جێ‌ی خۆی ڕابگرێت.

کرێکاران و گەنجانی ئەمریکا بە بەردەوام ناچار ئەبن خەونەکانیان لە " بەرژەوەندی نیشتمانیی"ی گشتیدا لەگەڵ واقعیەتی سیاسەتەکانی بکوژەکانی چینی دەسەڵاتدار بەراورد بکەن. چاویان بەو ڕاستی‌یە ئەکرێتەوە کە بەرژەوەندی هاوبەشی زیاتریان لەگەڵ کرێکارانی کاراتچی و بیژنگدا هەیە وەک لە زوتەربێرگ و بیزۆس. پرسی هاوبەشیان لەگەڵ برایان و خوشکانیان لەسەر تاسەری جیهان ئەبیننەوە-ئەمەیە هۆکاری شۆڕشی سۆسیالیستی جیهانیی،و کرێکارانی ئەمریکا لە کاروانی ئەم خەباتەدا کلیلە ڕۆڵێکی مەزنیان هەیە.