قەیرانی سەرمایەداریی و وەزیفەى ماركسیستەكان

سوڕی ئابووریی و خەباتی چینایەتی

جیهان ئەزموونی قوڵترین قەیران لە 1930ـەوە تاكو ئێستا دەكات. ترۆتسكی دەیگوت یەكێك لە قورسترین و ئاڵۆزترین ئەركەكانی بەردەم شیكاریی ماركسیستیی وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارەیە: "لە چ قۆناغێكداین؟"

شتێك بە ناوی قەیرانی كۆتایی سەرمایەداریی بوونی نییە. بەڕادەیەك ئەم دووسەد ساڵە، بازنە و خولانەوەى داڕمان و لەناوچوونی خەسڵەتی هەمیشەیی سەرمایەداریی بووە. دواجار سیستەمی سەرمایەداریی بەردەوام تەنانەت لە قوڵترین قەیرانی ئابوورییەوە دێتە دەرەوە تا كاتێك كۆى سیستەمەكە بەدەستی چینی كرێكار لەناو ببرێت.

ئەمە ڕوون و ئاشكرایە. بەڵام پرسیارە دیاریكراوەكە ئەمەیە: ئایا چۆن و بە چ نرخێك لەم قەیرانە دێنە دەرەوە؟ و پرسیاری دووەمیش ئەمەیە: پەیوەندیی نێوان سوڕى ئابووریی و ئاگایی چینی كرێكار چییە؟ ترۆتسكی زۆرجار ئەوەى ڕوونكردووەتەوە كە پەیوەندیی سوڕی ئابووریی و ئاگایی پەیوەندییەكی ئۆتۆماتیك نییە. فاكتەرگەلی جۆراوجۆر شوێنەواریان لەسەر ئەم پەیوەندییە هەیە و دەبێت بەدیاریكراوی دەستبكەین بە شیكردنەوەى ئەم فاكتەرانە.

دوو وتاری گرنگی ترۆتسكی هەن كە لەسەر ئەم پرسە دەدوێن: یەكێكیان "شەپۆل-تۆفان"(Flood-Tide)ـە، كە لە كتێبی "یەكەم پێنج ساڵی ئەنتەرناسیۆنالی كۆمۆنیست"دا هاتووە. و دووەم وتارێكی زۆر گرنگە و لە ساڵی 1932 نووسراوە، واتا بەدرێژایی ئەو قەیرانە قوڵەى دوای كەوتنی ساڵی 1929ی گرتەوە. ئەم وتارە ناوی "قۆناغی سێیەمی هەڵەكانی كۆمینترن"ـە (8ی كانوونی دووەمی 1930). جێی خۆیەتی بە وردبینییەوە، بەش بەش لێكۆڵینەوە لەم دوو وتارە بكرێت.

لە گریمانە سەرەتاییەكانی ماتریالیزمی دیالەكتیكی ئەوەیە ئاگایی ئینسان بە جەوهەر كۆنزەرڤاتیڤە. زۆرینەى خەڵك حەزیان بۆ گۆڕان نییە. ئەوان بەرهەڵستی لە بەرانبەر بە ئایدیا تازەكان دەكەن. و خۆیان دەلكێنن بە فۆرم و ئایدیا باڵادەستەكانی كۆمەڵگاوە تا ئەو كاتەى شەپۆلی لێدانی ڕووداوەكان ناچاریان دەكات دەست لەم ئایدیا و بیروبۆچوونانە هەڵگرن.

دۆخی هەنوكەیی سەرمایەداریی جیهانیی، مرۆڤ بە بیر قسەكەى ترۆتسكی لە ساڵی 1938دا دەهێنێتەوە. "لەڕوانگەى ئوبێكتیڤییەوە(بابەتییەوە)، هەلومەرجی شۆڕشی سۆسیالیستیی جیهانیی نەك تەنها گەیشتووە و ئامادەیە، بەڵكو بەهۆى ئەو هەموو پێگەییویەیەوە، گەنیوە!". بارودۆخ، لەڕوانگەى مێژووییەوە شكست و ئیفلاسی خۆی دەرخستووە. ئەمە بۆ هەموومان ڕوونە. و وێڕای ئەمە هێشتا ناكۆكی و پارادۆكسێك ماوەتەوە. ئەگەر بەمجۆرەیە ئەى بۆچی هێزە ماركسیستییەكان هێشتاش كەمینەیەكی چكۆلەن؟

وەڵامی ئەم پرسیارەش زۆر ئاسانە. ئاگایی زۆر زیاتر لەدواوەى پێگە و دۆخی ئوبێكتیڤەوەیە. ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی چینی كرێكار زۆر لەدواوەى بارودۆخی واقیعی و ڕاستەقیەنەوەن. و گرنگتر لەهەمووشیان، ڕێبەری پرۆلیتاریا لەدواوەى هەلومەرجی ئوبێكتیڤەوەیە.

ئەم واقیعانە لە ئاسمانەوە دانەبەزیونەتە سەر زەوی، بەڵكو بەدرێژایی دەیەكان و نەوەكانی قۆناغی بووژانەوەی ئابووریی سەرمایەداریی، كارپێدانی تەواوەتی، باشتربوونی ڕێژەیی ستانداردەكانی ژیان هاتوونەتە ئاراوە. ئەمە، بەتایبەت لە وڵاتانی سەرمایەداریی پێشكەوتوودا، ڕەوتی بارودۆخەكان بووە. ئەویش نەك بۆ ماوەیەكی كورت، بەڵكو بۆ قۆناغێكی زیاتر لە پەنجا ساڵ. ئەم واقیعە ئاگایی چینی كرێكار لە بریتانیا، فەڕەنسا، ئیسپانیا و ئەمریكا دەهێنێتە بوونەوە. دیارە هەلومەرجی ئەوەى پێیدەگوترێت "جیهانی سێیەم" فەڕق دەكات.

ئاگایی چینی كرێكار

هەڵەیەكی زۆر جددیی بۆ شۆڕشگێڕان ئەوەیە ئەوەى ئێمە تێیدەگەین تێكەڵی بكەین بە نیگا و تێڕوانینی جەماوەر بۆ شتەكان. دەبێت تێبگەین زۆرینەى كرێكاران و جەماوەر ئاگاییەكی هاوشێوەى ماركسیستەكانیان نییە. تا ئەو شوێنەى پەیوەندیی بە جەماوەرەوە هەیە، یەكەم كاریگەریی قەیرانی قوڵ، داڕمانی ئابووریی قوڵ (و ئەمە قەیرانێكی قوڵە)، بریتییە لە شۆك. كرێكاران ماتن و ئاڵۆسكاون، تووشی تراوما بوون و تێناگەن ئەوە چییە ڕوودەدات.

زۆرینەیان پێیانوایە قەیرانێكی كاتیی دەبێت. بەم ئەنجامە دەگەن ئەگەر قایشەكانیان شل بكەنەوە، خۆیان بەخت بكەن، سەریان شۆڕش بكەن، عاقیبەت بارودۆخەكە باشتر دەبێت و دەگەڕێتەوە ڕەوشی پێشووی خۆى. لەڕوانگەى زۆرینەى مرۆڤە ئاساییەكانەوە، ئەمە گریمانەیەكی بەڕادەیەك لۆژیكیانەیە. بەڕواڵەت ئەم قەیرانە وەك شتێكی عەجیب و غەریب، شتێكی نائاسایی، دەردەكەوێت. و خەڵك دەیانەوێت "ڕۆژە خۆشەكانی ڕابردوو" بگەڕێنەوە.

"ڕێبەران"ی چینی كرێكار، ڕێبەرانی یەكێتییە كرێكارییەكان، ڕێبەرانی سۆسیال دیموكرات، كۆمۆنیستەكانی پێشوو، ڕێبەرانی بۆلیڤیی، هەموویان بانگەشە بۆ ئەم بیرۆكەیە دەكەن، كە ئەمە قەیرانێكی كاتییە. ئەوان پێیانوایە بە چەند گۆڕانكارییەك لە سیستەمی باڵادەستدا، قەیرانەكە چارەسەر دەبێت. و كاتێك ئێمە باسی فاكتەری سوبێكتیڤ (زەینیی)، واتا ڕێبەرایەتی دەكەین، دەبێت ئەوە بزانین بۆ ئێمە ڕێبەرایەتیی ئەم ڕێكخراوانە فاكتەرێكی سوبێكتیڤ نییە. بەڵكو بەشی هەرە گرنگی بریتییە لە فاكتەری ئوبێكتیڤ (بابەتیی) كە دەتوانێت بۆ ماوەیەك لەدواوە پرۆسەی بارودۆخەكە بهێڵێتەوە.

بێگومان ئەمە ئایدیایەكی تەواو هەڵەى ڕیفۆرمیستەكانە كە دەڵێن تەنها پێویستمان بە كۆنتڕۆڵ و دیسپلینی زیاتر هەیە، و دواتر دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ هەلومەرجی پێشوو. ئەمە نەقەیرانێكی ئاساییە و نە كاتییشە. ئەمە قەیرانی دابڕانی بنچینەییە لە پرۆسەى بارودۆخەكان. ئەمە بەو مانایە نییە سوڕى ئابووریی نابوژێتەوە. ئەم بووژانەوەیە درەنگ یان زوو، هەر ڕوودەدات.

لە ئێستادا ئابووریناسان و سیاسەتمەدارە بۆرژواكان، و زیاتر لە هەموویان ڕیفۆرمیستەكان، بێچارە و نائومێد بەدوای جۆرە هەڵسانەوەیەكن بۆ ئەوەى لەم قەیرانە ڕزگاریان بێت. ئەوان وەك ڕێگای ڕزگاربوون سەیری بووژانەوەى سوڕى ئابووریی دەكەن. بەردەوام باس لە "تیشكەكانی ئومێد"ی بووژانەوە دەكەن. بەڵام تا ئێستا ئەم "تیشكانەى ئومێد" تەواو كز و بەڕادەیەك وایان لێهاتووە نابینرێن.

ئەو ئۆپەراسیۆن و كردەوانەى سەرجەمی دەوڵەتە سەرمایەدارەكان لەجیهاندا دەستیان بۆ بردووە لەڕوانگەى ئابووریی ئەرسەدۆكسیی سەرمایەدارییەوە، تەواو نابەرپرسانەیە. تەنها شیكردنەوەى ئەم كردەوانە، سەرلێتێكچوون و ئاڵۆسكانە. چینی باڵادەست لە ئاكامە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی قەیرانی ئابووریی تۆقیوە. هەر لەبەر ئەوە دەیانەوێت بڕێكی لەڕادەبەدەر گەورەى پارە بڕژێننە نێو ئابوورییەوە و ئاستە بەرز و بێ پێشینەكانی قەرزپێدان دروست بكەن. هەروەك هەمووان دەزانن دەبێت ئەم قەرزانە درەنگ یان زوو بدرێنەوە. ئەمە خۆی ڕاستەوخۆ قەیرانێكی زەبەلاحە لەداهاتوودا.

 چ جۆرە "بووژانەوە"یەك؟

تەواو ڕوون و ئاشكرایە كە دواجار جۆرە بووژانەوەیەك لە سوڕى ئابووریدا هەر ڕوودەدات. بەڵام هەر بەم ڕادەیەش ڕوون و ئاشكرایە ئەم بووژانەوەیە هیچ یەكێك لە كێشەكانی بەردەم سەرمایەداریی چارەسەر ناكات. ڕێك بەپێچەوانەوە. قەیرانی ئابووریی تازەتر و قوڵتر سەرهەڵدەدات و گرنگتر لەهەمووی، قەیرانە ساسیی و كۆمەڵایەتییە قوڵەكان دێتەئاراوە. بۆرژوازیی سەراسیمە و بەنائومێدییەوە بەدواى بووژانەوەى هاوسەنگیی ئابووریدا وێڵە كە بە لەناوچوونی ساڵێك تا هەژدە مانگی ڕابردوو لەنێو چووە. كێشەكە ئەوەیە سەرجەمی هەنگاوەكانیان بۆ زیندووكردنەوەى هاوسەنگیی ئابووریی دەبێتە هۆى لەناوچوونی گشتیی هاوسەنگیی كۆمەڵایەتی و سیاسی.

ترۆتسكی وتارێكی سەرنجڕاكێشی هەیە، لە ساڵی 1932 نووسیویەتی (واتا لە نزمترین خاڵی قەیرانی ئابوورییدا). ناوی وتارەكەش: "ئاسۆكانى هەڵكشانی ئابووریی" و تیایدا، باسی شوێنەوار و كاریگەرییەكانی قەیرانی ئابووریی لەسەر ئاگایی جەماوەر دەكات. بۆیە دەڵێت:

"ناڕەزایەتی، ئارەزووی ڕاكردن لە هەژاریی، ڕق لە چەوسێنەران و سیستەمەكەیان، سەرجەمی ئەم هەستانە كە تا ئێستا سەركوت دەكرێن و بە بێكاریی ترسێنەرانە و سەركوتی دەوڵەتیی، بۆ ناوەوە فڕێدەدرێن، بە یەكەم نیشانە ڕاستەقینەكانی بووژانەوەى پیشەسازیی، بەهێزێكی دووهێندەوە فڕێدەدرێنە دەرەوە".

پرسەكە، زۆر كۆنكریتییە(مەلموسە). كرێكاران دەبینن خەریكە كارگەكانیان دادەخرێت، مەترسی لە سەر كارەكانیان هەیە، خێزانەكان كەوتوونەتە بەردەم مەترسییەوە، ڕێبەرانی سەندیكاكان هیچ ئەڵتەرناتیڤێكیان پێ نییە. ئەم بارودۆخە بەشێوەیەكی كاتیی، شوێنەواریی لەسەر مانگرتنەكان هەیە. بەڵام كاتێك هەڵكشانێكی بچووكی ئابووری ڕووبدات و كرێكاران ببینن سەرۆك كارەكان كەسی دیكە دەرناكەن و دەیانەوێت چەند كەسێكی دیكەیش دابمەزرێنن و داواكارییەكانیش خەریكە بەرز دەبێتەوە. ئەمە دەتوانێت پاڵنەرێكی بەهێز بێت بۆ خەباتی ئابووری.

بۆ نموونە، لە جیهاندا زیادەى بەرهەمهێنانی پۆڵا. "پۆڵا، زۆر هاتووە" (دیارە بۆ سنوورەكانی سیستەمی سەرمایەداریی). ئەمە پەیوەندیی بە دابەزینی بەهێزی بەرهەمهێنانی ئامێرییەوە هەیە. شتێك دەبینین نزیكەى لە 30%ی توانای زیادە لە كەرتی ئۆتۆمبیل لە ئاستی جیهانیدا بەگەڕ دەخرێت. و توانای زیادە دەربڕینێكی دیكەى هەمان زیادەى بەرهەمهێنانە. كارگەكانی ئامێر دەیانەوێت پشكە زیادەكانیان بفرۆشن، كارگەكان دادەخەن و كرێكاران دەردەكەن. بەڵام كە پشكەكان تەواو بوو باشتربوونێكی كەم ڕوودەدات و ئەمەش كرێكارانی ئامێرسازیی بۆ دەستبردن بۆ ئەكت و كردە بەجورئەتتر دەكات.

ڕێگەم بدەن نموونەیەكی مێژوویی بهێنینەوە. لە ئەمریكا ساڵی 1929 تا 1933 هیچ مانگرتنێك بەرپانەكرا. هیچ بزووتنەوەیەكیش بوونی نەبوو جگە لە ڕاپەڕینی كرێكاران. بەڵام لە ساڵەكانی 1933 بۆ 1934 كە نیشانەكانی هەڵكشانی ئابووریی دەركەوت، سەرهەڵدانی شەپۆلێكی بەرفراوانی مانگرتن و داگیركردنی كارگەكانمان بینی وەك مانگرتنی مینیاپۆلیس بەڕێبەرایەتیی ترۆتسكیستەكان.

ئەمە كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێكخراوە جەماوەرییەكان لە ئەمریكا هەبوو و بووە هۆى بەستنی كۆنگرەى ڕێكخراوە پیشەسازییەكان (CIO) كە ئینشیقاقێك بوو لە یەكێتییە كۆنە سەندیكاییەكان، فیدراسیۆنی كرێكارانی ئەمریكا (AFL)دا. سی. ئای. ئۆ، یەكێتییەكی زۆر ڕادیكاڵ بوو كە كەرتەكانی پێشووی ڕێكنەخراوی كرێكارانی ڕێكخست. و دووبارەش ئەم پرۆسەیە دەبینینەوە.

هەر لەو وتارەدا ترۆتسكی دەنووسێت دەبێت شۆڕشگێڕ لەسەرخۆ و ئارام بێت. نائارامی و هەڵەشەیی دایكی ئۆپۆرتۆنیزم (هەلپەرستیی) و هەروەها بان-چەپگەرایی (ئۆڵترا-چەپگەرایی)یە. ئەو هەر لەم میانەیەدا دەنووسێت دەبێت هەموو ئەندامانی حزب ناچاربن بلكێن بە یەكێتییە كرێكارییەكانەوە. ئەو بەردەوام پێداگریی لەسەر زەروورەتی پەیوەندیی نزیكتری شۆڕشگێڕان بە ڕێكخراوە جەماوەرییەكان و گرنگتر لەهەمووی، بە یەكێتییە كرێكارییەكانەوە، دەكات. ئەمە ڕێكەوت نییە. كرێكاران لەنێوان قەیرانەكاندا هەست بە زەروورەتی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بۆ بەرگریكردن لەبەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەن و ئەم ڕێكخراوانە دەكەونە ژێركاریگەریی قەیرانەوە.

كوێریی بۆرژوازیی

ترۆتسكی لە بەرنامەى ڕاگوزەر (بەرنامەى ئینتیقالی)دا باس لەوە دەكات كە بۆرژوازیی بە چاوە داخراوەكانییەوە بەرەو كارەسات دەڕوات. دەكرا هەر دوێنێ ئەم وشانە بنووسرێت. بۆرژوازیی لە هیچ شتێك تێناگات؛ ئەوان نازانن چی ڕوودەدات. ترس و تۆقین بەرۆكی گرتوون. هەر بۆیە دەستیان بۆ ئەم هەموو كردەوە نابەرپرسانەیە بردووە. ئەمە نیشانەى سەراسیمە و نائومێدبوونیانە.

 ئەمەش بەڕێكەوت نییە. لینین دەڵێت ئەو كەسەی لەسەر لێواری دۆڵێك وەستاوە عەقڵی بەكارناهێنێت و بەشێوەیەكی لۆژیكیی (مەنتیقی) بیرناكاتەوە. و گەمژەترین و ئەحمەقترین بەشی سەرمایەداران، ئابووریناسە بۆرژوازەكانن. لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئەوان دەستیانكرد بە پۆزلێدان و شانازییكردن بەخۆیانەوە كە بەهیچ جۆرێك هەڵكشان و داكشانی ئابووریی ڕووناداتەوە و سوڕ و دەوریبوون[ی قەیران] كۆتایی پێهاتووە. ئەمە ڕاستییە كە لە تەواوی قۆناغی ڕابردوودا، بەدرێژایی چەندین دەیە، ئابووریناسە بۆرژوازەكان تەنانەت بۆ جارێكیش چییە پێشبینیی گەشەى ئابووریی یان داكشان و سستبوونی ئابوورییان نەكرد.

دەبێت باسی ئەوەش بكەین، ئەمە بۆ ئابووریناسە ماركسیستەكانیش ڕاستە. بەدرێژایی چەندین ساڵ من گوێبیستیی تیۆریگەلێكی سەروئاسایی زۆرێك لەلایەن ئابووریناسە زیرەكەكانەوە بووم كە دەڵێن دەتوانن پێشبینیی سوڕ[ی قەیران] بكەن. ڕێگەم بدەن پێتان بڵێت: خۆزگە قسەكانیان ڕاست بووایە و لە شوێنی تایبەتدا فۆرمولەكەیان بەمنیش دەگوت. دەتوانین پارەیەكی زۆر دروست بكەین. بەڵام حەیف دەبێت بڵێم تا ئەو شوێنەى بیرم دەكەوێتەوە سۆسە و گومانەكانی خودی خۆمان دەربارەى جوڵە دیاریكراوەكانی سوڕى ئابووریی لە زۆربەى كاتەكاندا هەڵە كەوتۆتەوە و ڕاست دەرنەچووە.

ئەمەش بەڕێكەوت نییە. ئابووریی زانستێكی دەقیق نییە. هیچ كاتێك نەبووە و هیچ كاتێكیش نابێت. زۆرترین كارێك ئەگەر بتوانین بیكەین شیكردنەوەى پرۆسە گشتییە بنچینەییەكان و گومانكردنی ڕۆشنبینانە لەسەر زەمەنی ڕووداوەكانە. وێڕای هەموو ئەمانە، مافی ئەوەمان هەیە كەمێك بە ئابووریناسە بۆرژوازەكان پێبكەنین. ئەوان تیۆرییەكی نوێی سەیروسەمەرەیان هێنایە سەر مێزەكە كە بریتییە لە "گریمانەى بازاڕی كاریگەر" . بەڵام لەڕاستیدا ئەمە تیۆرییەكی زۆر زۆر كۆنە و هیچ شتێكی تازەى تێدا نییە. بەفیعلیی هەر ئەو ئایدیا كۆنەیە كە: "بێڵن بازاڕ خۆى ئیشی خۆى بكات و هەموو شتێك چارەسەر دەبێت. خۆى هاوسەنگیی دەهێنێتە ئاراوە. تا ئەو كاتەى دەوڵەت تەداخول نەكات و ئەم میكانیزمە زۆر جوانەى بازاڕ تێكنەدات، هەموو شتێك، درەنگ یان زوو، بەرەو باشتربوون دەچێت". جۆن ماینارد كینز وەڵامێكی زۆر بەناوبانگیی ئەم ڕوانگەیەى دایەوە: "درەنگ یان زوو، هەر هەموومان دەمرین".

ناتوانم بەر بەخۆم بگرم و دوو ئیقیتیباس لە ئابووریناسانی هەنوكەیی بۆرژوازیی نەهێنمەوە، كە ئەمە داننانە بە شكست و مایەپووچبوونیان. بۆ باری ئایشنگرین ، مێژوونووسی دیاری ئابووری، دەنووسێت: "قەیران، بەشێكی گەورەى ئەو شتەى بردۆتە ژێر سایەى گومانەوە، كە سەبارەت بە ئابووریی دەمانزانی". و ئەمەش پاوڵ گروكمەن، كە لە ساڵی 2008دا، واتا ساڵی پار، خەڵاتی نۆبڵی ئابووری وەرگرت، دەنووسێت: "لە سی ساڵی ڕابردوودا، تیۆریی ئابووریی هەمووەكی (ماكرۆئیكۆنۆمی) لە باشترین حاڵەتدا تەواو بێ كەڵك و لە خراپترین حاڵەتدا، بێگومان زیانبەخش بووە". ئەمەش لەو كەسانەوە: ئەوانەى دان بەوەدا دەنێن كە ڕۆحیشیان بەتەنها ئابووریی دەناسێت و ئاگای لە هیچ شتێكی دیكە نییە.

خەریكە هەموو سیستەم دەكەوێت. و ئێستا ئەوان دەیانەوێت بە قسەكردن لەسەر "تیشكەكانی ئومێد" بارودۆخی خۆیان باش بكەن. وێڕای ئەمانە ئەگەر سەیری ئامارەكان بكەن دەبینن ئابووریی ئەمریكا ڕوولەكەوتن و داڕمانە، بەتایبەت لە كەرتی پیشەسازیدا. ئەگەری ئەم كەوتنە خێراییەكی كەمتری بەراورد بەڕابردوو هەیە.

قەرز

من ئێستا ئاماری سندوقی دراوی نێودەوڵەتیم لەبەردەمە. بۆ ساڵی 2010 پێشبینیی بوژانەوەى ئابوورییان كردووە. ئەمە گومانێكە و ڕەنگە هەڵەش بێت، بەڵام بەهەرحاڵ، ئاماژە بە ژماردنەكانیان دەكەم. ئەمەش دیمەن و ڕوانگەیەكی باڵای ئەوانە بۆ ساڵی داهاتوو[2010] : 08%ی گەشە بۆ ئەمریكا؛ 1.7%ی گەشە بۆ ژاپۆن (كە ئەگەر شتێك لەسەر مێژووی ژاپۆن بزانن، دەزانن ئەمە ژمارەیەكی زۆر لاوازە)؛ 8.5%ی گەشە بۆ چین (كە سەرچاوەگەلێكی گەورەى خەرجی هەڵكشان و بەرزكردنەوەى خواست كردووە) و بەردەوامی كەوتنی 0.1%ی گەشە بۆ یەكێتیی ئەوروپا.

كەواتە ئەوەى لێرەدا دەست و پەنجەى لەگەڵدا نەرم دەكەین لە باشترین حاڵەتدا زیندووكردنەوەى ئابووریی زۆر میانڕەوە كە نەك لەگەڵ باشتربوونی ستانداردەكانی ژیاندا نایەتەوە، بەڵكو بریتییە لە هێرشگەلی توندوتیژانە دژی ستانداردەكانی ژیان، دابەزینی تێچوون و خەرجییە دەوڵەتییەكان و بەرزكردنەوەى باج لەسەر شانی چینی كرێكار و چینی ناوەڕاست. ئایا ئەمە سیناریۆی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سەقامگیرییە؟

ئێستا ڕێگەم بدەن باسی مەسەلەى قەرز بكەم. ڕاستی بابەتەكە لێرەوەیە كە بۆرژوازیی، بەتایبەت لە ئەمریكا، بە ڕادەیەك لەدەست كاریگەرییەكانی ئەم قەیرانە قوڵە تۆقیوە كە بەردەوام لە هەوڵی نائومێدكەرانەدا پارە و سەرچاوەكان دەڕژێنێتە ناوەوە تا بەر بە هەڵكشانی زیاتری ئەم قەیرانە بگرێت. بەگوێرەى ئاماری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، قەرزی گشتیی تێكڕای دە وڵاتی دەوڵەمەندی دونیا تا ساڵی 2010 دەگات بە 106%ی تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی . ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2007دت، 78% بوو. ئەمە واتا زیادەى قەرز بەدرێژایی سێ ساڵ بۆ زیاتر لە نۆ ترلیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە. ئەمە باسی بارودۆخێكی نائاسایی دەكات. بارودۆخێكی ئاوا بەدرێژایی مێژوو هیچ پێشینەیەكی نەبووە. و بەڕاوەستاوییش نامێنێتەوە.

هیتلەر لە دەیەى 1930دا، لەڕێگای بەرنامەیەكی بەرفراوانی خەرجی چەك و تەقەمەنییەوە ڕووی لە سیاسەتێكی لەمجۆرە كرد. ڕۆزڤێڵت بەرەو نیو دەیل (پڕۆژەى نوێ) ڕۆیشت، كە لەڕاستیدا، چارەسەری قەیرانی ئەمریكادا نەكرد. ئەو شتەى بێكاریی لە ئەمریكا چارەسەر كرد نیو دەیل نەبوو، بەڵكو جەنگی دووەمی جیهان بوو. ئەمە بۆ ئەڵمانیاش هەربەمجۆرەیە. هیتلەر ناچار بوو لە ساڵی 1938دا جەنگ بەرپا بكات لەبەر ئەوەى ئەگەر ئەم كارەى نەكردبایە ئابووریی ئەڵمانیا لێكهەڵدەوەشا. ئەمە هۆكاری سەرەكیی جەنگی دووەمی جیهان بوو: زەروورەتی حەتمییانەى سەرمایەداریی ئەڵمانیا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەسەر شانی ئەوروپا.

هیتلەر بەم شتە خێرا و سادەیە چارەسەری كێشەكەى كرد: داگیركردنی ئەوروپا و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی سامانی فەڕەنسا و هەموو نەیارە ئیمپریالیستەكانی دیكە. بەڵام لە ئێستادا ڕوانگەى جەنگ لە ئەجێنداكەدا نییە . لەم ڕۆژانەدا، سەرمایەدارانی ئەوروپا لەكێبڕكێدان لەگەڵ ئەمریكا. كێ دەیەوێت دژی ئەمریكا بجەنگێت. تەنانەت خستنەڕووی ئەم پرسە لە گاڵتە دەچێت. لەژێر ئەم هەلومەرجەدا ناتوانین جەنگێكی جیهانیی ببینین. دیارە هەمیشە جەنگی بچووك بچووكمان دەبێت. عێڕاق جەنگێكی بچووك بوو. ئەفغانستان جەنگێكی بچووكە. جەنگێكی بچووكیش لە سۆماڵ هەیە. بەڵام جارێ هەواڵێك لەسەر جەنگێكی گشتیی لەنێوان زلهێزەكاندا هەیە.

گوتم ئەم ژمارانەى قەرز بێ پێشینەن، بەڵام دەبێت بڵێم بێ پێشینە لە ڕۆژگاری ئاشتیدا. جەنگ مەسەلەیەكی دیكەیە. دوای جەنگی دووەمی جیهان، قەرزی گشتیی بریتانیا، 250%ی تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بوو. و ئەمریكا زیاتر لە 100%ی تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی قەرزی هەبوو. ئەمە دەرەنجامی جەنگی دووەمی جیهان بوو. بەڵام ئەمانە ئەم قەرزانەیان بە باشتركردنی گەورەى ئابووریی دواى 1945 چارەسەركرد. ناچمە نێو بەڵگەكانەوە، چونكە بەڵگەكانمان لە بەڵگەنامەیەكی پێشوودا خستووەتەڕوو (بڕوانە: ئایا داكشانەوەیەكی ئابووریی دێت؟"  تید گرانت".

قۆناغی بووژانەوەى ئابووریی دواى جەنگ نزیكەى سی ساڵ بەردەوام بوو (تا ساڵی 1974). بەڵام چیتر ئەم شتە لەئارادا نییە. هیچ كەس ئەمجۆرە ڕوانگەیەی نەخستووەتەڕوو. ئابووریناسە بۆرژوازەكان هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەى پرۆسەى هەوڵدان بۆ دەرهێنان و ڕزگاركردنی خۆیان لەو گێژاوەى تێیكەوتوون، شتێكی درێژ و بەئازار دەبێت. مادام دوو بەرە ناتوانن جەنگ هەڵبگیرسێنن، دەبێت هەموو ناكۆكییەكان بەشێوازی ناوخۆیی و لە خەباتی چینایەتیی پڕجۆش و خرۆشدا ڕەنگ بدەنەوە. ئەمە ڕوانگەیەكی واقیعییە بۆ قۆناغی دواتر.

كەڵەكەكردنی ئابووریی قەرز بە مانای ساڵان و چەندین دەیە دابەزین و كەمبوونەوەى قوڵی خزمەتگوزارییەكان و سیستەمی زگهەڵگوشینی هەمیشەیی دێت. دەتوانین وەك جۆرە هاوكێشەیەك ئەمە بخەینە ڕوو: چینی باڵادەستی هەموو وڵاتان ناتوانن ئەو ئیمتیازانە بپارێزن كە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا وەریانگرتووە، بەڵام چینی كرێكاریش ناتوانێت بەرگەى كەمبوونەوە و دابەزینی زیاتری ستانداردەكانی ژیانی بگرێت. لە وڵاتانی سەرمایەداریی پێشكەوتوودا (وڵاتانی وەك سوید، سویسرا، نەمسا)، خەباتی چینایەتیی لەئارادایە. ئەم ڕوانگەیە بەدیدی ئێمە باشترین ڕوانگەیە.

قۆناغی زگهەڵگوشینی تەواو

بەدرێژایی قۆناغی پەنجا ساڵە، بە بەرەكەتی گەشەى ئابووریی لە وڵاتانی سەرمایەداریی پێشكەوتوودا (ئەوروپا، ئەمریكا، ژاپۆن، ئوسترالیا و هتد) چینی كرێكار و ڕێكخراوەكانی سەركەوتووبوون لە داگیركردنی هەلومەرجی ژیانیی لانیكەمى نیوەشارستان. ئەوان وەك شتێكی ئاسایی لەم هەلومەرجەیان دەڕوانی لەبەر ئەوە جگە لەمە هیچ شتێكی دیكەیان نەدەزانی. بەڵام پەنجا ساڵی ڕابردوو هەرگیز شتێكی ئاسایی نەبوو. ئەمە ئاوارتەیەكی مێژوویی بوو نەك دۆخێكی ئاسایی شتەكان لەژێر چەتری سەرمایەداریدا.

بۆ نموونە سەیری پرسی مووچەى خانەنشینبوون بكەن. یەكەم كەس ئەم مووچەیەى دابینكرد، بیسمارك بوو. ئەم بۆناپارتیستە كۆنەپارێزە بە میهرەبانییەكی تەواوەوە بۆ هەموو تاكەكانی سەرو 70 ساڵیی، مووچەى خانەنشینی بڕییەوە. لەو ڕۆژگارەدا لە ئەڵمانیا، ڕێژەى مامناوەندیی ئومێد بۆ ژیان 45 ساڵیی بوو. بیسمارك لەڕاستیدا مرۆڤێكی زیرەك و وریا بوو! ئەمڕۆ كرێكاران لە زۆر وڵاتدا بە مافی خۆیانی دەزانن كاتێك لە تەمەنی 60 بۆ 65 ساڵی دەست لە كار هەڵدەگرن، مافی وەرگرتنی كەمێك پارەیان لە دەوڵەت هەبێت. وابیردەكەنەوە ئەمە ئاساییە و مافێكی ئۆتۆماتیكە. بەڵام ئاسایی نییە و مافێكی ئۆتۆماتیكیش نییە.

ئێستا بۆرژوازیی بە ڕاشكاویی دەڵێت: ئێمە چیتر دەرەقەتی ئەم كارانە نایەین. ناتوانین ئەم هەموو ئینسانە پیر و نابەرهەمهێنەرە بەخێو بكەین. كێشەكە ئەوەیە خەڵك زۆر دەژین. دەبێت كەمێك بەرانبەرمان میهرەبان بن و كەمێك زووتر بمرن! ڕێگەم بدەن ئیقتیباسێك لە سەروتاری ئیكۆنۆمیست لە 27ی حوزەیران بكەم: "بمانەوێـت و نەمانەوێت، دەگەڕێینەوە بۆ جیهانی پێش-بیسماركی. جیهانێك تیایدا كاركردن خاڵی وەستانی ڕەسمیی نەبوو". واتا بە دەربڕینێكی دیكە، كاركردن تا ساتی مردن.

هێرش دەكەنە سەر مووچەی خانەنشینی و ئەم هێرشەش لە ئەمریكاوە دەستپێدەكات. سەرۆك كۆمار، ئۆباما، نوێنەری ماسكی پێكەنیناویی سەرمایەدارییە. پێكەنینی ئەم پیاوە هەمیشەییە و مرۆڤ بە بیر پڕوپاگەندە و ڕیكلامی مەعجوونی ددان دەهێنێتەوە. بەڵام ئەم ماسكە عاقڵ و پێكەنیناویی و جوانە زۆر زوو لادەچێت و لە پشتی ئەم ماسكە پێكەنیناوییەدا، خەڵك دەموچاوی ڕاستەقینەى وەحشی و سەركەش و قێزەونی سەرمایەداریی دەبینن. مەسەلەكە پەیوەندیی بەسەر حەماقەت یان دڕندەییبوونی ئەوانەوە نییە (خۆ ئەگەرچی دڕەندە و وەحشیشن)، بەڵكو مەسەلەى زەروورەتی موتڵەقە. لەڕوانگەى سەرمایەدارییەوە، هیچ چارەسەرێك نییە جگە لەم كارە.

كاتێك دەڵێن ئێمە دەرەقەتی دابینكردنی ئەم چاكسازییانە نایەین، لەڕوانگەى ئابووریی بازاڕەوە خەریكن حەقیقەتێك دەدركێنن: دەبێت خەرجییەكان ببڕدرێن، ببڕدرێن و ببڕدرێن، تەنانەت لە قۆناغی بووژانەوەشدا. بریتش ئایروەیز (British Airways) [هێڵی ئاسمانیی بریتانیا] بەم دواییانە داوای لە كرێكاران كردبوو بەخۆڕایی و خۆبەخش كاربكەن. دەیانگوت: "ناتوانین مووچەكانتان بدەین". لە كانوونی دووەمدا، یەكێتیی تیمستەرەكان كە بەشێكی بەهێزی چینی كرێكاری ئەمریكایە، ڕێككەوتنی لەسەر كەمكردنەوەى 10%ی كرێ كرد.

مرۆڤ لەمەوە بەچ ئەنجامێك دەگات؟ ئایا دەبێت بڵێین ئاستی ئاگایی لەخوارەوەیە و كرێكاران شۆڕشگێڕ نین و ئەمجۆرە قسە قۆڕە باوانە كە مرۆڤ لە ڕیڤیزیۆنیستەكان و فیڕقەكانەوە دەیبیستێت؟ ئێمە ئەم جۆرە دەرەنجامانە نادەین بەدەستەوە. ئەمجۆرە شتانە ئاكامی حەتمیی ئەم قۆناغە هەنوكەییەن كە پیایدا تێپەڕ دەبین – تێپەڕین لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دیكە، قۆناغێكی تەواو جیاواز.

شەپۆل و تۆفان لە كۆمەڵگادا

ئەو شتەى شیكردنەوەمان بۆ كرد پرۆسەیەكی سادە یان تاكە پرۆسەیەك نییە. هەر لەحاڵی حازردا گەلێك مانگرتنی بەڕادەیەك توندوتیژ خەریكن سەرهەڵدەدەن. داگیركردنی كارگەكانمان بینیوە؛ نەك تەنها لە ئەمریكای لاتین، بەڵكو تەنانەت لە بریتانیاش بەر داگیركردنی كارگەكان كەوتووین. حەفتەى ڕابردوو لە دورگەى وایت داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی كارگەمان بینی. نازانم بەڕاست هاوڕێیانمان ناوی دوورگەى وایتیان بیستووە یان نا؟ دوورگەیەكی بچووكە لە كەناری باشووری بریتانیا كە پارەدارەكان دەڕۆن تا بە كەشتییەكانیان یاری بكەن، خەڵك بۆ پشووەكان دەڕۆن و پارتی كۆنزەرڤاتیڤیش بەردەوام بە زۆرینەیەكی گەورەوە [لەوێدا] دەیباتەوە. بۆ هاوڕێیانی ڤەنزوێلایی بەڕادەیەك وەك دوورگەى مارگریتا وایە، بە بواردنی ئەوەى لەوێ هەمیشە باران دەبارێت. جگە لەمە، هەموو شتێك وەك یەك وایە.

گوتوومە، حەفتەى پێشوو لە دوورگەى وایت داگیركردنی كارگەمان هەبووە. ئەمە ڕاستییە و ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگریشە، بەڵام دەبێت زەینمان لەم بارەیەوە كۆ بكەینەوە. ئەگەر گوتوومە ئەمە وێنەیەكی گشتیی كرێكارانە لە بریتانیا، هەڵە دەبوو؛ ئەمە، لەم قۆناغەدا، وێنەیەكی گشتیی نییە. ئەو قۆناغەش دێت. كەچی هێشتا نەهاتووە. بەڵام ناكرێت هێڵی پەیوەندیی ئۆتۆماتیكی نێوان مانگرتنەكان و بەڕادیكاڵبوون بكێشرێت، كە دەشێت بە زۆر ڕێگای جۆراوجۆر پیشان بدرێت و دەربخرێت. ماركسیستەكان لەنێو دڵی قەیرانێكی قوڵدا ڕاستەوخۆ چاوەڕوانیی مانگرتنێكی گەورە نین: شتێكی ئاوا تەواو ناواقیعییانەیە. ڕاستییەكەى لە ئێستادا ئاستی مانگرتنەكان زۆر لەخوارەوەیە: لە بریتانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەمریكا. ئەمە كۆتایی مەسەلەكە نییە.

تۆفان و شەپۆلێكی گەورە لە كۆمەڵگادا هەیە. بەپێچەوانەى ڕابردووەوە، لە هەموو شوێنێكدا ئەوە سیستەمی سەرمایەدارییە دەبرێتە ژێرپرسیارەوە. ئێرە هەر ئێرە ناوچەى كاری ئێمەیە؛ ناوچەیەك تیایدا ئایدیاكان دەتوانن ئاسەواری گەورە بەجێبهێڵن. ئەمە گۆڕانە و گۆڕانێكی گرنگە. بێگومان ئەم دۆخە هەلومەرجێكی گونجاو بۆ گەشەى ڕەوتی ماركسیستیی خۆش دەكات. گوتم لە ئەمریكا لە ساڵی 1929 بۆ 1933 بەڕادەیەك هیچ مانگرتنێك نەبووە، بەڵام لە هەمان ئەو ساڵانەدا پارتی كۆمۆنیستی ئەمریكا بەخێرایی گەشەیكرد، بەتایبەت لەنێوان بێكاران و ڕەشپێستەكاندا.

"جیهانی سێیەم"

ئەوەی دەربارەى وڵاتانی سەرمایەداریی پێشكەوتوو ڕاستە، دە بەرابەر زیاتر دەربارەى "جیهانی سێیەم" ڕاستە. من هیچ حەزم لە دەستەواژەى "جیهانی سێیەم" نییە. پێموایە دەستەواژەیەكی تەواو نازانستییە، بەڵام هیچ بەدیلێكی ئەو وشەیەشم پێ نییە. مەبەستمان لێرەدا بەشێكی ئاسیا، ئەمریكای لاتین، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقایە.

ماركس دەیگوت هەڵبژاردنی مرۆڤایەتیی لەنێوان سۆسیالیزم یان بەربەریزم دایە و ئێستا ئەمە بەمانای دەقیقی وشەكە، بەمجۆرەیە. بەشی باشووری سەحرایی ئەفریقا تەنانەت لە سەردەمی بووژانەوەی ئابووریشدا كابووسێكی پێرفێكت بووە: جینۆسایدی ترسناك لە ڕەواندا، جەنگی ناوخۆیی ترسناك لە كۆنگۆ، كە هیچ كەسێكیش تەنانەت وشەیەكی لەسەر نەدەگوت و تیایدا لانیكەم پێنج بۆ شەش ملیۆن كەس كوژران. ئێستا جەنگێكی وەحشیگەرایانەش لە سۆماڵ ئامادەیە . بەم دواییانە یەكێك لە ستراتیژیستەكانی ئەمریكا گوتوویەتی: "ئێوە هەمووتان نیگەرانی ئەفغانستانن، بەڵام دەبێت زیاتر نیگەرانی پاكستان و سۆماڵ بن، كە بە وەرچەرخانێكی هاوشێوەدا دەڕۆن".

بەڵام تەنانەت لە ئەفریقاش وڵاتانێكی سەرەكی هەن چینی كرێكاری بەهێزیان هەیە: میسر، نێجیریا... لەم وڵاتانەدا گەلێك خۆپیشاندانی گەورەمان هەبووە. بەڵام وڵاتی سەرەكیی لە ئەفریقای ڕەشپێست، ئەفریقای باشوورە. پارتی كۆنگرەى نەتەوەیی بەهۆى خیانەت و فرۆشتن و بەبوكبردنی هەموو خەڵكی، گەیشتە دەسەڵات. جەماوەری كرێكارانی ڕەشپێست زۆر بەقورسی لەم مامەڵەیەدا دەستیان بەشتێك گەیشت. تەنها ڕووداوێك هاتبێتە پێشەوە ئەوە بوو بۆرژوازیی ڕەشپێست و چینی ناوەڕاستی ڕەشپێست چووە پاڵ چەوسێنەرانی سپیپێست و بەشی بۆرژوازیی پارتی كۆنگرە تابو ئەمبیكی بوو. ئەمبیكی ستالینیست بوو و پاشان بوو بە بۆرژوایەكی پێرفێكت و لە ئەنجامدا لە كۆنگرە بە ئاشكرا درزی تێكەوت.

قەیرانی ئابووریی ئاسەوارێكی خراپی لەسەر ئەفریقای باشوور بەجێهێشتووە لەكاتێكدا ئەم وڵاتە 17 ساڵە قەیرانی نەبینیوە. ئێستا بێ بازاڕیی قووڵی ئابوورییان هەیە، ڕێژەى ڕەسمیی بێكاریی 23.5ـە و ڕێژى ڕاستەقینە لەمانەش زیاترە. زۆما شوێنی ئەمبیكی گرتەوە و ڕوون و ئاشكرا بوو جەماوەرانی كرێكاری ڕەشپێست وابیریان دەكردەوە زۆما دەبێتە چەپ و وابڕیارە بەرگریی لە بەرژەوەندییەكانی ئەوان بكات. بەڵام حەفتەى ڕابردوو مانگرتنێكی گەورە سەرتاپای ئەفریقای باشووری گرتەوە. لە كرێكارانی پاسەوە دەستیپێكرد بەڵام لە دوو شەممە و سێ شەممەى ئەم حەفتەیەدا مانگرتنی گەورەتر هەموو شارە گەورەكانی ئەفریقای باشووری گرتەوە. نەك تەنها پاسەكان، بەڵكو عەیادەكان، ئەفسەرانی ڕێنمایی و شۆفێری، كتێبخانەكان، پاركەكان، كەرتی گشتیی بەشێوەیەكی گشتیی. یەكێتییە كرێكارییەكانی شارەوانییەكان داواى 15%ی بەرزكردنەوەى كرێ دەكەن. واپێدەچێت بە خواستەكانی بگات. بەڵام پێكدادانەكان لەگەڵ پۆلیسدا، بەرەكان سەریانهەڵداوە و پۆلیس، تەقە لە كرێكاران دەكات. لانیكەم 13 كرێكار لەم پێكدانانەدا بریندار بوون و ئەم ژمارەیە بەردەوام بەرز دەبێتەوە. بزووتنەوەى شۆڕشگێڕ ئێستا بەرەو وڵاتی سەرەكیی ئەفریقا، واتا ئەفریقای باشوور، فراوان دەبێت و هەڵدەكشێت.

زۆر باسی ئەمریكای لاتین ناكەم چونكە قسەمان زۆر لەسەر كردووە. ئەم ناوچەیە هێشتا بەشێكی زۆر سەرەكیی شۆڕشی جیهانییە. لە ڤەنزوێلا شۆڕش زیاتر لە دە ساڵ درێژەى كێشاوە و ئەمە بارودۆخێكی بەرچاو و حاشاهەڵنەگرە. لە تەواوی مێژوودا بارودۆخێكی هاوشێوە نابینینەوە ئەم هەمووە درێژەى كێشابێت. بەڵام لێرەدا كێشەكە، كێشەى ڕێبەرایەتییە. هۆگۆ چاڤێز پیاوێكی زۆر ئازا و ڕاستگۆیە، بەڵام خەریكە بە بەركەوتنی ئەزموونیانە دەچێتە پێشەوە، كە ڕەنگە وابچێتە پێشەوە بەرنامەكەى تێكبچێت. ئەو دەیەوێت هاوسەنگیی لەنێوان چینی كرێكار و بۆرژوازییدا دروست بكات. ئەمەش مەحاڵە. كاری نەكردەیە.

ئەو بۆ ماوەیەكی زۆر بەهۆى پێگەى ئابوورییەوە دەیتوانی ئەم كارە بكات. وەك لینین دەڵێت، سیاسەت، ئابووریی شاراوەیە. نرخی بەرزی نەوت، ڕزگاری كردن. توانیان ئیمتیاز پێشكەش بكەن، چاكسازیی بكەن، مسیۆن (فەرمانبەری بەرپرسی ئەنجامدانی كارێك) بنێرن و هتد، بەڵام ئیتر ئەمانەش تەواو بوون. نرخی نەوت دابەزیوە. كەمێك سەركەوتۆتەوە، بەڵام بەس نییە. بەگوێرەى هەندێك ژمارە كە من بینیومە، هەڵاوسانەكە نزیكەى لە 30%ـە. ئەمە واتا دابەزینی كرێی ڕاستەقینە. زۆرێك لە پڕۆژەكانی خۆشگوزەرانی خەریكن دەبڕدرێن و بێكاریی ڕووی لە هەڵكشان كردووە.

گومانم نییە كرێكارانی ڤەنزوێلا هێشتا وەفایان بۆ چاڤێز هەیە، بەڵام هەر لێرەوە گومانم نییە زۆرێك لە كرێكاران، تەنانەت چاڤێستە دەست لەسەر سینەكانیش، خەریكن بەخۆیان دەڵێن و بیر دەكەنەوە ئەمە ئیتر چ جۆرە شۆڕشگێڕێكە؟ ئەمە ئیتر چ جۆرە سۆسیالیزمێكە؟ ئەرێ دەمانەوێت چارەسەری كێشەكان بكەین یان نا؟ و ئەمە بێگومان لەناوەوەى پارتی سۆسیالیست، پی. ئێس. ی. ڤی (پارتی سۆسیالستی یەكگرتووی ڤەنزوێلا)دا ڕەنگدەداتەوە، كە لە پایزدا كۆنگرەكەى دەبەستێت.

ئەم پارتە تەواو بەبیرۆكراتیی بووە و ڕێبەرییەكەى كەوتووەتە ژێر دەستی ڕیفۆرمیستەكانەوە، بەڵام زەخت و فشار لە خوارەوە دەبینین. دووجەمسەربوونێكی بەهێز لەنێوان چەپ و ڕاستی ناو ڤەنزوێلادا هەیە و ئەم دووجەمسەربوونە(polarization) دەبێت خۆی لەنێو بزووتنەوەى بۆلیڤاریدا دەربخات. و دەبێت ئەمە هەلومەرجێكی زۆر گونجاو بێت بۆ ڕەوتی ماركسیستیی.

دەتوانن ئەوە ببینن كاتێك ئێمە هەمیشە پێداگریمان لەسەر ڕۆڵی سەنتەریی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان دەكردەوە، چەندە بەڕاست و دروستی قسەمان دەكرد. ئێمە گوتمان لە ئەفریقای باشووردا بزووتنەوە لەڕێگای كۆنگرەى نەتەوەیی ئەفریقا و پارتی كۆمۆنیستی ئەفریقا و دیارە یەكێتییە كرێكارییەكانی كۆساتو (COSATU)ـەوە دەچێتە پێشەوە. كەمێك درەنگ ڕوویدا و بەهۆى پێگەى ئابووریی گشتییەوە لەنێو پرۆسەكاندا ڕوویدا. دەبێت ئارام و لەسەرخۆ بین. لە ئەفریقای باشووردا دەبینین ڕوانگەكانمان خەریكن لەبەرچاوانماندا ڕوودەدەن.

لە ڤەنزوێلاشدا هەر بەمجۆرە دەبێت، چونكە هاوڕێیانمان كارێكی سەیر و سەمەرەیان لە ڤەنزوێلا ئەنجامداوە و بەهێزیی تیۆرییان لەگەڵ نەرمنواندنێكی پێویستیی تاكتیكیدا تێكەڵ كردووە و هەمیشە پێداگرییان لەسەر ڕۆڵی بزووتنەوەى بۆلیڤاری و پارتی سۆسیالیستیی یەكگرتوو كردووە. پێموایە لە یەك دوو ساڵی داهاتوودا بنەماكانی ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری چەپی ناو پارتی سۆسیالیستی یەكگرتوو ئامادە دەبێت و ئێمەش بەشداریی تێدا دەكەین و وادەكەین ئەوان باوەڕ بە ئایدیاكانی ماركسیزم بهێنن.

لە مەكسیكیشدا دیسان گرنگیی ڕێبەرایتیی دەبینین. لە ساڵی 2006 ئەوەندە بەس بوو لۆپێز ئۆبرادۆر پەنجەى بچووكی بەرز بكاتەوە بۆ ئەوەى شۆڕشی سۆسیالیستیی سەركەوتوو لە مەكسیكدا ببینین؛ ملیۆنان كەس ڕژابوونە سەر شەقامەكان. بەڵام لۆپێز ئۆبرادۆر هەر ئەو كەسەیە كە هەیە و لە ئەنجامدا پێموایە زیاتر لە بزووتنەوەكە دەترسا نەك تەنانەت لە كالدرۆن و هەوڵیدا برێكی بزووتنەوەكە ڕابكێشێت و ستۆپی پێ بگرێت. و سەرەنجام لۆژیكییە خەڵك نائومێدن و سەراسیمە. لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا، پارتی شۆڕشی دیموكراتیی (PRD) كەوت و پارتی كۆنی پی. ئاڕ. ئای (پارتی شۆڕشی بنچینەیی) ڕووبەڕووی پشتیوانییەكی گەورە بووەوە.

ئایا ئەمە بەمانای ئەوەیە كرێكارانی مەكسیك كۆنەپارێز بن یان لەناكاو بوونەتە كۆنزەرڤاتیڤ و موحافەزەكار؟ دەبێت لە سایكۆلۆژیای كرێكارانی مەكسیك تێبگەین. ئەوان پشتیوان و لایەنگری پارتی شۆڕشی دیموكراتیی بوون، پشتیوانیی لۆپێز ئۆبرادۆر بوون، بەڵام لە مەكسیك قەیرانێكی ئابووریی زۆر قوڵ دەبینین. سەرجەمی ناوچەكانی مەكسیك وابەستەیە بەو كۆچەرانەى لە ئەمریكا كار دەكەن (ئەمە لە ئەمریكای ناوەندیدا تەنانەت زیاتر ڕاستە، هەروەكچۆن لە هۆندۆراس یان ئال سەلڤادۆردا بینرى). كاتێك ئەم كرێكارە كۆچەرانە دەردەكرێن، ناتوانن پارە بۆ خێزانەكانیان بنێرن. ئەمە ترسناكە. ئەمە تۆفان و شەپۆلەكانی هۆندۆراس ڕوون دەكاتەوە. هەر ئەم شەپۆل و تۆفانانە لە سەرجەمی ئەمریكای ناوەندیدا دەبینینەوە.

بەڵام كرێكاران مرۆڤگەلێكی زۆر پراكتیكین. كرێكاری مەكسیكیی چاو لە پارتی شۆڕشی دیموكراتیی و سەركردەكانی دەكەن و دەڵێن: "ئەوانیش سەرخۆشن و كار ناكەن. من دەمەوێت نان بخۆم. كارم دەوێت. پی. ئاڕ. ئای كە لە دەسەڵاتدا بوو دەمانزانی شەلاتیی گەندەڵن، بەڵام لانیكەم شتێكیان پێدەدام بیخۆم، كارم هەبوو". بەمجۆرە بوو زۆرێك دەنگیان بەم پارتە دا بۆ ئەوەى ببینن كارێكیان بۆ دەكات یان نا. بێگومان ئەوان هیچ كارێك ناكەن و پی. ئاڕ. ئای زۆر زوو خۆی بێ متمانە دەكات. پی. ئاڕ. دی (پارتی شۆڕشی دیموكراتیی) لەسەر بنەماى جوڵەى زیاتر بەرەو چەپ، زیندوو دەبێتەوە.

مەترسیی فاشیزم

لەم كاتەدا – كاتی ڕاگوزەر (انتقالی) – هەموو جۆرە ناكۆكییەكان دەبینین. نەك تەنها لە ئەمریكای باشوور، بەڵكو لە ئەوروپا و هەروەها بەشێوەیەكی گشتی. لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییانەى ئەوروپا، سۆسیال دیموكراتەكان بە قورسی شكستیان هێنا، و لە هەندێك وڵاتدا ڕاستگەرا توندڕەوەكان پشتیوانیی زۆریان بەدەستهێنا. دەزانین گروپە ئۆڵترا چەپەكان گەلێك كێشەى سایكۆلۆژیی جددییان هەیە. ئەمان تیك (جوڵەى نائاسایی ئەندامەكان)ی عوسابیی (نێرڤس)یان هەیە و هەركاتێك پارتە ڕاستگەرا توندڕەوەكان كەمێك دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن، هاواریان بەرزدەبێتەوە: "فاشیزم، فاشیزم، فاشیزم!".

ئەمانە قسەى پڕوپووچی شێتانەن. پەیوەندییە بەرانبەرەكانی هێزە چینایەتییەكانی هەموو وڵاتان هەموو جۆرە ئەگەرێكی فاشیزمی لەم قۆناغەدا لەنێو بردووە. بەر لە جەنگ لە وڵاتانی وەك ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و تەنانەت ئیسپانیا، چینی كرێكار كەمینە بوو. تەنانەت لە ئەڵمانیا دانیشتووانێكی گەورەى جووتیار بوونیان هەبوو زۆر بەئاسانی بەرەو بەڵگە و قسە دێماگۆگ و خەڵك خڵەتێنانەى ڕاستگەرای توندڕەو و پارتە فاشیستییەكان ڕادەكێشرا. تەنانەت لە فەڕەنساش پێش جەنگ بارودۆخ هەر بەمجۆرە بوو. بەڵام ئەمانە ئیتر تەواوبوون و ڕۆیشتن. دانیشتووانی جووتیار بەڕادەیەك لە زۆرینەى وڵاتانەى ئەوروپا نەماوە و چینی كرێكار ئێستا زۆرینەى گەورەى كۆمەڵگا پێكدەهێنێت.

لە دەیەى 1930دا، خوێندكارانی هەموو وڵاتان لە كوڕانی دەوڵەمەندان بوون (لەو ڕۆژگارەدا كچانێكی زۆر كەم دەچوونە زانكۆ). زۆرینەى ئەمان كۆنزەرڤاتیڤ (موحافەزەكار) بوون و ژمارەیەكی گەورەشیان فاشیست و نازیی بوون. لە بریتانیای ساڵی 1926دا خوێندكاران مانگرتنەكانیان دەشكاند واتا شكستیان بە مانگرتنەكان دەهێنا. لە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و نەمسا زۆرینەى خوێندكاران فاشیست بوون. ئایا ئێستاش بەمجۆرەیە؟ ناوی یەك وڵاتی جیهان بهێنن خوێندكاران لەژێر دەسەڵات و هەیمەنەى فاشیستەكاندا بن. بەپێچەوانەوە. بەڕادەیەك لە هەموو وڵاتان خوێندكاران چەپ و تەنانەت شۆڕشگێڕن.

شتێكی پێكەنیناوییە ئەگەر بەهەمان سیاق و ستایلی دەیەى 1930 قسە لەسەر فاشیزم بكەین. فاشیستەكان لەهەر شوێنێكیش بن بەگشتیی ڕێكخراوگەلی بچووكن. دەتوانن زۆر دڕندە و توندوتیژ بن، بەڵام ئەگەری گرتنەدەستی دەسەڵاتیان نییە. هەرچۆنێك بێت چینی حاكم تەنها كاتێك بەئاشكرا دەچێتە باوەشی كۆنەپارێزییەوە ئەگەر چینی كرێكار چەندین شكستی زۆر گەورە و لەپشتەوەیان بەركەوتبێت. ئەمە دەربارەى ئەڵمانیا دروستبوو، دەربارەى ئیتاڵ دروستبوو، و دەربارەى ئیسپانیای قۆناغی 1919-1939ش دروست بوو. لە ئەنجامدا ماوەیەكی زۆر پێش ئەوەى پرسی كۆنەپارێزیی دەربكەوێتەوە، كرێكارانی ئەوروپا و ئەمریكای لاتین چەندین جار هەوڵیانداوە دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. هەلومەرجی واقیعی بەمجۆرەیە.

دەكرێت بگوترێت لە بۆلیڤیا بزووتنەوەى فاشیستیمان هەیە. لانیكەم فاشیستەكان لە بزووتنەوەى ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستگەراكاندا دەرگیرن. چینی كرێكاری پاڵەوانی بۆلیڤیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا لانیكەم دوو جار دەرفەتی ئەوەى هەبووە بە ئاسانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. ئەگەر دەسەڵاتیان بەدەستەوە نەگرتووە ئەوە كەمتەرخەمی ئەوان نەبوو بەڵكو دەرەنجامی سەرلێتێكچوون و بێ توانایی ڕێبەرایەتییەكەیان بوو. كرێكارانی بۆلیڤیا دوو جار یاخیبوونیان بەرپا كردووە. دوو حكومەتیان لەناوبردووە. پرسیارەكەى من ئەوەیە ئیدی دەكرێت چ داوایەكمان لە كرێكارانی بۆلیڤیا هەبێت؟ ئیدی دەبێت چ كارێك بكەن؟ بەڵام ئەوان هەرەسیان هێنا، چونكە ڕێبەرایەتییەكی ڕوونی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتیان نەبوو.

دەرەنجامی ئەمەش حكومەتی ڕیفۆرمیستی ئیڤۆ مۆرالیس بوو. ئەمە قۆناغێكی خەباتی چینایەتیی توندی لە بۆلیڤیا دەستپێكردووە كە هێشتاش تەواو نەبووە. دامەزراندنی ڕێبەرایەتییەك بەستراوەتەوە بە توانای ماركسیستەكانی بۆلیڤیا و من زۆر بەوە دڵخۆشم ڕایبگەیەنم ڕەوتی ماركسیزمی ئەنتەرناسیۆنال بەم دواییانە ئەندامێتیی دوو ڕێكخراوی زۆر گرنگی قبوڵكردووە: ڕێكخراوی ئێمە لە بۆلیڤیا و ڕێكخراوی ئێمە لە مەراكیش.

پەیوەندییە جیهانییەكان

هاوڕێیان بارودۆخی گشتیی جیهان ئێستا كەوتۆتە نێو ئاوە پڕ تۆفان و شەپۆلاوییەكانەوە. ئێستا ئەمریكییەكان دەیانەوێت لە عێڕاق بڕۆنە دەرەوە. ئۆباما "پیاوی ئاشتیی"یە و بۆ ئەمەش دەیەوێت هێزەكانی لە عێڕاق بهێنێتە دەرەوە و بیاننێرێت بۆ ئەفغانستان. دەزانن ئەگەر من سەربازێكی ئەمریكایی بام لە بەغدا پێموایە پێم باش دەبوو هەر لە بەغدا بمێنمەوە! ئەوان ناتوانن جەنگ لە ئەفغانستان ببەنەوە و پاكستانیشیان ناسەقامگیر كردووە.

لە كۆمیسیۆنی جێبەجێكردنی ئەنتەرناسیۆنال سەبارەت هۆندۆراس لێكۆڵینەوەیەكمان هەبوو و ڕوونە چینی باڵادەستی ئەمریكا درزی تێكەوتووە. ڕوونە ڕێكخراوی سی ئای ئەی و ئەم مافیا كۆنەپارێزە خەریكی كودەتا بوون لە هۆندۆراس. بەڵام ئەمە بۆ ئۆباما گونجاو نەبوو. سیاسەتی دەرەوەى ئەو جیاوازە و بەراورد بە كەسی پێشووتر "زیرەكانەتر"ـە. جۆرج بۆش نوێنەرێكی زۆر دەبەنگ بوو بۆ سەرمایەداریی ئەمریكیی. پێموانییە بەهەموو تەمەنی كتێبێكی خوێندبێتەوە. لەوانەیە تەنها كتێبی پیرۆزی خوێندبێتەوە و ئەویش پێموایە لە بەشی یەكەمی سیفری پەیدابوونەوە تێنەپەڕیوە. ئەگەر بكرێت لەتەنیشت جۆرج بۆش بووەستی و گوێی تاقی بكەیتەوە، دەبینی تیشكی خۆر لەلایەكی دیكەوە دەردەكەوێت! ئەو نوێنەری دەبەنگترین و كۆنەپارێزترین بەشی چینی باڵادەستی ئەمریكا واتا مافیای تكساسە. و ئەوان هێشتاش كاریگەرییان زۆرە.

بۆش دەیویست موشەكە ناوكییەكان لە كۆماری چیك و پۆڵەندا بەكار بهێنێت و ڕووسیاش زۆر لەم بارودۆخە ناڕەحەت بوون. نازانم چی بوو ئەوان پێیانوابوو ئاراستەى ئەم موشەكانە ڕووی لەخۆیانە! جۆرج بۆش دەیگوت نەخێر نەخێر نەخێر، ئاراستەى ئەم موشەكانە دژی ڕووسیا نییە. نیگەران مەبن، دژی ئێرانە. بیر لەوە بكەنەوە مرۆڤ موشەك لە پۆڵەندا دابنێت بۆ ئەوەى ئێران بكاتە ئامانج! ئەم قسانە دەبەنگانەن و ڕووسەكان تووشی شۆك بوون. گوتیان ئیتر واز لەم قسانە بێنن. و كاتێك جۆرجیایان داگیركرد خاڵەكەى خۆیان تەواو بە نەرمی دەربڕی. بە ئەمریكاییەكانیان گوت: "تا ئێرە هاتن، ئیتر بەسە".

ئۆباما بۆ دیداری مێدڤێدیڤ، سەرۆك كۆماری ڕووسیا، ڕۆیشت و پێكەنینی مەعجونە ددانییەكەى خۆیشی لەگەڵ خۆیدا برد. دیارە لەڕاستیدا ئەو هیچ كارێكی بە مێدڤیدێڤ نەبوو و قسەكان لەگەڵ پۆتین بوو. مێدڤیدێڤ دەستنیشانكراوی پۆتینە. ئەو پێكەنینەكەى تاقیكردەوە و ئاسەوارێكی نەبوو. پۆتین گوتی بەڕێز سەرۆك كۆمار بێ هۆ پێكەنی و ئەم موشەكانە لە پۆڵەندا بەرە دەرەوە. و ئەوان ناچارن ئەم كارە بكەن – كارەكەشیان كرد. ئەمە نیشانەى بەرتەسكبوونەوە و سنووردارێتییەكانی دەسەڵاتی ئیمپریالیستیی ئەمریكایە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانەیەكە بۆ گەمژایەتیی سیاسەتی بۆش. تەنها كارێك توانیبێتیان بە سەركەوتوویی ئەنجامی بدەن ناسەقامگیركردنی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. هەموو ڕژێمە پرۆ-خۆرئاواییەكان كەوتنە جوڵە. عەرەبستانی سعودیە بەندە بە جوڵەیەكەوە. میسر هەروەها. لوبنان هەروەها. ئوردن و مەراكش. هەروەها ئەم نوخبە باڵادەستانە تۆقین لەو خۆپیشاندانانەى لە ڕۆژگاری جەنگ لە غەززە سەریهەڵدا.

لە كانوونی دووەمدا وتارێكم لەسەر جەنگی غەززە نووسی. ئەمە پێش هەڵبژاردنی ئۆباما بوو. من لەو وتارەدا پێشبینیی ئەوەم كرد كە ئۆباما لەگەڵ هەڵبژاردنیدا بۆ دەرچوون لە عێڕاق ڕاستەوخۆ بەدواى گەیشتن بە مامەڵە لەگەڵ سوریا و ئێراندا دەڕوات. ڕێك و ڕاستیش ئەمە ڕوویدا. هەروەك گوتم بەشێك لە هۆكاری داگیركردنی غەززە ئاگاركردنەوەى ئۆباما بوو لەلایەن ئیسرائیلییەكانەوە: "لەبیرت بێت ئێمە لێرەین. بیر لەوە مەكەرەوە لەپشتی ئێمەوە مامەڵە لەگەڵ كەسدا بكەیت". لەبەر ئەوەى ئێران و سوریا لە بەرانبەر بە هاوكاریكردنی ئەمریكا شتگەلێكیان دەوێت. "ناتوانیت بەبێ ڕێگەدان لەلایەن ئێمەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ كارێك بكەی" و ئەمەش ڕاستییە.

ئۆباما حەزدەكات لەگەڵ فەڵەستینییەكاندا مامەڵە بكات لەبەر ئەوەى كۆمەك بە هاوڕێكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكات و ئەمەش سوودێكی زۆری بۆ ئەو هەیە. بەڵام ئیمپریالیستەكانی ئیسرائل بەرژەوەندییگەلی خۆیان هەیە و ئامادەى مامەڵە نین. ناتانیاهۆ دەڵێت: "باشە، مامەڵەكە قبوڵ دەكەین"، بەڵام لە بەرانبەردا هەلومەرجێك دەخاتەڕوو كە فەڵەستینییەكان هیچ كاتێك ناتوانن قبوڵی بكەن و بەرگەى بگرن. ئەوان دەیانەوێت بەفیعلیی ئەوان لەچەك دابماڵن و دەسەڵاتی ئیسرائیل قبوڵ بكەن.

ئەمە چجۆرە دەوڵەتێكە؟ ئەمە چ جۆرە سەربەخۆییەكە؟ گفتوگۆ ناسراوەكەى مارلین براندۆم لە فیلمی "زڕباوك"دا بیردەكەوێتەوە: "پێشنیارێكم بۆ كرد نەتوانێت ڕەتی بكاتەوە". دیارە ئەمجارە بەپێچەوانەوەیە. ناتانیاهۆ دەڵێت: "پێشنیارێكم بۆ كردن نەتوانن قبوڵی بكەن". هەموویان مافیان. بەڵام دیپلۆماسیی بۆرژوازیی هەربەمجۆرە كار دەكات. و ئەو قسەیە دووبارە دەكەمەوە كە جارەهای جار گوتوومە: كێشەى فەڵەستین لەسەر بنەمای سەرمایەداریی چارەسەر ناكرێت.

ئێران

ڕووداوەكانی ئێران بۆ خەڵكێكی زۆر موفاجەئە بوو. لەڕوالەتدا هەورەتریشقەیەك بوو لە ئاسمانی ساماڵدا. بەڵام گۆڕانە لەناكاو و خێراكانی لەم چەشنە هەمیشە لەنێو بارودۆخدا هەن. لە ڕووداونووسییە ئەنتەرناسیۆنالەكانی ئێمەدا ئەم ڕووداوانە لە پێشەوە پێشبینیی كرابوون. ئەویش ئێستا نا، بەڵكو دە ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژگاری یەكەم بزووتنەوەى خوێندكاراندا.

من لەو ڕۆژگارەدا وتارێكم نووسی بەناوی "یەكەم تۆوەكانی شۆڕشی ئێران"  و ئێستاش بەشی دووەمی دەخەینە ڕوو. هاوڕێیان سەیر بزووتنەوەیەكی بێ وێنە! ئیلهامبەخش بوو. دوای سی ساڵ دڕەندەترین و خوێناویترین دیكتاتۆرییەت، ڕژێمێكی دێوئاسا لەسەر بنەماى پێكهاتەى كۆنەپارێزیی توندڕەو و فەناتیزمی ئایینی بە سوودوەرگرتن لە تەواوی ئامرازی سەركوت، كوشتن، ڕفاندن و ئەشكەنجەدان، سەرهەڵدانی تەقینەوەى جەماوەرمان بۆسەر شانۆی مێژوو بینی.

ئەمە وەڵامی كۆتاییە بۆ هەموو نائومێد و ڕەشبینەكان، گاڵتەجاڕەكان، ماركسیستەكانی پێشوو، كۆمۆنیستەكانی پێشوو و هەموو ئەوانەى ئەگەری سەرهەڵدانی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی ئەم سەردەمەیان بردبووە ژێر پرسیارەوە. وێڕای هەموو سەركوتێكی مەترسیدار و وەحشیانە، یەك ملیۆن كەس ڕژانە شەقامەكانی تارانەوە. لەوانەشە دوو ملیۆن بووبێت. بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕیی سەرسوڕهێنەر بوو. و بەم حاڵەشەوە هێشتا دەبینی بەمانایەك چەپەكان و بە مانایەك ماركسیستەكانی وەك جەیمس پیتراس دەردەكەون هەڵەیەكی زۆر بچووك دەكەن: ناتوانن جیاوازیی لەنێوان شۆڕش و دژە-شۆڕشدا بكەن.

لینین چوار مەرجی شۆڕشی شیكردۆتەوە. ئێمە پێشتر ئاماژەمان پێكردووە و دووبارەش ئاماژەى پێدەكەینەوە. مەرجی یەكەم ئینشیقاق و جیابوونەوەیە لە سەرەوە واتا ئینشیقاق و جیابوونەوە لە چینی باڵادەستدا: چینی باڵادەست چیتر ناتوانێت بە میتۆد و ڕێگاكانی ڕابردوو حوكمڕانیی بكات. سی ساڵە خەڵكی ئێران بەدەست حكومەتێكی وەحشیانە و دڕندەوە دەناڵێنن كە تەنانەت بچووكترین وردەكارییەكانی ژیانی خەڵكیش سەركوت دەات. مەلاكان دەیانەوێت شێوازی بیكردنەوەى خەڵك، شێوە كاری خەڵك و كارەكانی خەڵك و جلوبەرگیان كۆنتڕۆڵ بكەن. ئێران وڵاتێكی زۆر گەندە و وڵاتێكی زۆر گەورەیە و 70%ی دانیشتووانەكەى لەژێر سی ساڵییەوەن و ئەوان هیچ ڕژێمێكی دیكەى جگە لەم ڕژێمەیان نەبینیوە. و دوای سی ساڵ، جەماوەر لە مەلاكان بێزارن.

ئایەتوڵڵا خومەینی خۆى وەك "پیاوێكی پاك" دەردەخست كە نەیار و دوژمنی گەندەڵییە ترسناكەكانی شا و دارودەستەی پرۆ-ئیمپریالیستەكانی ئەوە. لەڕاستیدا با لەبیرمان نەچێت بڵێین ئەمە بەمانایەك دیموكراتە خۆرئاواییە ڕیاكارە گەندەڵەكان و خۆشحاڵەكانن. لە ساڵی 1953دا تەنها كاتێك بوو لە مێژووی ئێراندا حكومەتێكی بۆرژوا دیموكرات بەڕێبەرایەتیی كەسێكی لیبڕاڵ بەناوی محەمەد موسەدەق بێتە سەر كار. لەو ڕۆژگارەدا گانگستەرە  ئیمپریالیستەكان دەیانویست كۆنتڕۆڵی سامانی نەوتی وڵاتەكە بكەن. بریتانیا و ئەمریكا و ڕێكخراوی سی ئای ئەی، موسەدەقیان لەسەر كار لابرد و دیكتاتۆریی دڕندە و وەحشیی شایان دانا كە یەكێك بوو لە خوێنمژترین دیكتاۆتۆرەكانی هەموو سەدەى بیستەم.

ڕژێمی شا بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر و بێزاركەرانە گەندەڵ بوو. لەم وڵاتەدا وێڕای نەوتە زۆرەكەى كەچی خەڵك برسیی بوون و ئەوكاتەش شا لە نمایشە گشتییەكاندا قێزەونترین ئارایشتی دەكرد و خۆى نقومی ئەم ڕازاندنەوە ئاڵوواڵایانە كردبوو. شا دەزگایەكی سەركوتكەری گەورەى هەبوو، یەكێك لە گەورەترین سوپاكانی جیهان، پۆلیسێكی نهێنیی ناسراو بە ساواك كە كۆنتڕۆڵی هەموو لایەنەكانی ژیانی دەكرد و ئەوانیش زۆر كاریگەر بوون هەروەك گیشتاپۆ. ڕێ و ڕەسمی بچووك و زۆر دڵخوازانەیان هەبوو وەك سوركردنەوە و برژاندنی خەڵك تا سەرەمەرگ بە كارەبا. ئەمە ڕژێمێك بوو بریتانیا و ئەمریكا دایانمەزراند و تا كۆتاییەكانی تەمەنیشی بە پشتیوانیی بریتانیا و ئەمریكا مابووەوە.

بە شۆڕشی ساڵی 1979 ئەم بارودۆخە كۆتایی پێهات و كرێكارانی ئێران لەم شۆڕشەدا ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕا. ئەوان لە شەقامەكان ڕووبەڕووی دەزگای سەركوتكردن بوونەوە. خۆیان چەكدار كرد لەبەر ئەوەى سەربازان بەشێوەیەكی جەماوەریی ڕایاندەكرد و چەكەكانیان بەخەڵك دەدا. زۆرێك نازانن كرێكارانی ئێران سۆڤێتەكانی خۆیان دامەزراند كە بە شوراكان ناسراوە. دەسەڵات لە دەستی چینی كرێكاردا بوو. حەیف حزبی كۆمۆنیستی ئێران نەیدەویست دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت . ئەوان كۆمەكیان بە خومەینیی گانگستەر كرد دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. و خومەینی گوتی: زۆر زۆر مەمنون و پاشان كۆمۆنیستەكانی یاساغ كرد و لە كونجی زیندانی قەپات كردن.

خەڵكی ئێران بە سی ساڵ دیكتاتۆرییەتی وەحشی و دێوئاسا و فەندەمێنتالیست بەهای ئەم كارەیان دا. بەڵام ئیتر كاری ئەم ڕژێمە كۆتایی پێهاتووە. تەنها شتێك ئەم ڕژێمەى هێشتبێتەوە ترس و تۆقاندنە و هەروەك دەبینن وردە وردە ترسیش خەریكە نامێنێت. سیاسەت هەمیشە ڕووخسارێكی پێكەنیناویی و كۆمیدیی هەیە. و لێرەدا ئەمە دەبینین؛ تەماشاكردنی ڕەوتی بارودۆخەكان پێكەنیناوییە. عەلی خامەنەیی، ڕێبەری گەورە، هێندە متمانەى بەخۆى هەبوو كە ڕێگەى بە كەمپینێكی هەڵبژاردنی بەڕادەیەك ئازاد دا. متمانە بەخۆبوونی لەوەوە دەهات كە دەیویست تەزویر لە هەڵبژاردندا بكات. مەلا پلە باڵاكان چێكی كاندیدەكانیان كرد و زیاتر لە 400 كاندیدیان لابرد و لەبەر ئەوەى چوار كاندیدی ماوە هەموویان پیاوانی ڕژێم بوون، بۆیە ترسێكی ئەوتۆیان نەبوو. بەڵام ئەمە تەنها ڕواڵەت بوو...

بەڵام لێرەوە بوو ڕووداوێكی سەیروسەمە بینرا. هێگڵ گوتوویەتی، و لینین بەردەوام دووبارەى دەكردەوە، كە زەروورەت خۆى لەسەر فۆرمی ڕووداودا دەردەخات. ئەم میرحسێن موسەوییە ڕووخساری ڕووداوێك بوو؛ ئەو بەشێك بوو لە ڕژێم. لە سەردەمی جەنگی عێڕاق و ئێراندا، ئەو سەرۆك وەزیران بوو. بەڵام لە تەلەڤزیۆن مشتومڕ كرا و كێشەى ئابووریی خرایە بەرباس و ئەمە لە ئێراندا، بە دابەزینی نرخی نەوت، بناغەى كێشەكەیە. ناڕەزایەتییەكان هەڵكشان و هۆگریی و ویستیش بۆ مشتومڕەكان بەرز بووەوە.

ئەوە ڕاستە كە ئەحمەدی نەژاد چەند چاكسازییەكی كردووە. ئەو پارەى نەوتی هەبوو و دەیتوانی ئەم كارانە هەڵبسووڕێنێت. یارانە(سوبسید)ى دەبەخشی، بەتایبەت بە جووتیارانی هەژار لە گوندەكان و بۆ ئەمەش بڕێكی پشتیوانیی لەنێوان ئەم بەشانەدا هەیە. بەڵام ئەم پشتیوانییە بەشێوەیەكی ڕوولەزیاد لەناو دەچێت. بارودۆخی جەماوەر ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت و شەپۆلێكی مانگرتنمان لە ئێران بینیوە. بەمجۆرە بوو لەم كەمپینی هەڵبژاردنەدا شتێكی سەیر ڕوویدا. لە ڕابردوودا خەڵك حەزێكیان بۆ هەڵبژاردن نەبوو و زۆرینەیان هەرگیز ئەركی دەنگدانیان بە هی خۆیان نەدەزانی. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا چەندین خۆپیشاندانی گەورەمان لە تاران بینی. ئەم واقیعەى ئێستا نیشانەیەكە بۆ گۆڕانی وزە و حاڵەتی جەماوەر.

ئەگەرچی موسەوی نوێنەری هیچ جۆرە ئۆپۆزیسیۆنێكی ڕاستەقینە نەبوو، بەڵام جەماوەر ئەویان وەك نوێنەری ئۆپۆزیسیۆن سەیر دەكرد و بەمجۆرە ئەمەیان وەك دەرفەتێك بینی تاكو وانەیەك بە ڕژێم بدەن. زۆرینەى چاودێران پێیانوابوو موسەوی هەڵبژاردنەكان دەباتەوە. دیاریكردنی ڕاستەقینەى ژمارەكان شتێكی مەحاڵە. هەرگیز نایزانین. بەڵام ڕژێم لێرەدا كەوتە هەڵەیەكەوە. ئەحمەدی نەژاد ڕاستەوخۆ هاتە سەر تەلەڤزیۆن و گوتی بە زۆرینەى گەورە بردوویەتییەوە. تەنانەت لە وڵاتانی سەرمایەداریی پێشكەوتووشدا ڕاگەیاندنی كۆتایی دەرەنجامەكان ماوەیەكی زۆری دەوێت. ئێران وڵاتێكی زۆر گەورەیە بە ژێرخانە سەرەتایی و بەدەوییەكان لە ناوچە گوندنیشنەكاندا. ئەرێ بەڕاست ئەو چۆن توانی ڕاستەوخۆ ئەنجامەكان ڕابگەیەنێت؟

ئەگەر گوتبای "بە جیاوازییەكی كەم بردوومەتەوە" ڕەنگبوو خەڵك باوەڕیان بكردایە. بەڵام بەپێچەوانەوە سەركەوتنێكی گەورەیان ڕاگەیاند و خەڵك باوەڕی بەمە نەمرد. ڕاستەوخۆ كاردانەوەیان پیشاندا. خەڵك ڕژانە شەقامەكانەوە: خوێندكاران (سەرەتا زۆرینە خوێندكاران بوون)، و لەم میانەیەدا چینی ناوەڕاست و مامۆستایان – هەر ئەو كەسانەى لەڕابردوودا پاسەوان و پشتیوانیی ڕژێم بوون. ژنان ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕا چونكە ژنان قوربانیانی هەرە سەرەكیی ئەم رژێمەن.

ڕێگەم بدەن باسی ئەو چوار مەرجە بكەم، چوار مەرجی شۆڕش، كە لینین باسی دەكات:

1. ڕژێم ئینشقاقی تێكەوتووە؛ قەیرانێك لەنێو ڕژێمدا هەیە.

2. چینی ناوەڕاست لەنێوان هێزە شۆڕشگێڕەكان و چینی باڵادەستدا سەرگەردانە.

3. چینی كرێكار ئامادەى خەبات و پیادەكردنی گەورەترین فیداكارییە.

4. بوونی پارت و ڕێبەرایەتییەكی شۆڕشگێڕ.

ڕژێمی ئێران لە سەرەوە تا خوارەوە لێكترازاوە. ئەمە بەدرێژایی مێژوو هەمیشە لە سەرەتای هەر شۆڕشێكدا دروست دەبێت. لە فەڕەنسا لە ساڵی 1789 ڕوویدا و لە ڕووسیا لە شوباتی 1917. ڕژێم كە بە بنبەست دەگات، ئەم بنبەستە لە دوو بەرەى سەرەوەدا ڕەنگدەداتەوە. بەرەیەك دەڵێت دەبێت لە سەرەوە دەست بە چاكسازیی بكەین تا بەر بە شۆڕش بگرین لە خوارەوە. بەرەیەكی دیكە دەڵێت نەخێر، ئەگەر لەسەرەوە چاكسازیی بكەین، لە خوارەوە شۆڕش سەرهەڵدەدات، بۆیە دەبێت بارودۆخەكە هەر بەوجۆرەى هەیە بیپارێزین و بیهێڵینەوە. هەردووكیشیان ڕاست دەكەن.

دەربارەى خاڵی دووەم پێویستە بڵێین چینی ناوەڕاست سەرگەردان و سەرلێشێواو نەبوو و لەڕاستیدا بەرەى شۆڕشی گرت. كرێكارانیش بەشدارییان كرد، وەك كرێكارانی پاس (ئوتوبوس)ی تاران. تەنانەت دەنگۆی مانگرتنی گشتیش لەئارادا بوو بەڵام ئەمە ڕووینەدا. ڕێك بەهۆى نەبوونی دوایین فاكتەرەوە: پارت و ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ.

گەورەترین بزووتنەوەى جەماوەرییمان لە ساڵی 1979ـەوە تا ئێستا بینی. ڕژێمی ئێرانیان تووشی موفاجەئە كرد. موسەوییان تووشی موفاجەئە كرد. ئەمریكیەكانیشان تووشی موفاجەئە كرد. ئەمە دەنگۆیەكی پڕوپوچە كە دەڵێت ڕێكخراوی سی ئای ئەى بەرپرسی ئەم جوڵانەوەیەیە. موسەوی هەموو توانای خۆى بەكارهێنا بەر بەم جوڵانەوەیە بگرێت. هەموو ڕۆژێك دەیگوت: "مەڕژێنە شەقامەكانەوە، دەكوژرێن، دەمەوێت ژیانتان ڕزگار بكەم". هەموو ڕۆژێك ئەمانەى دەوتنەوە و هەموو ڕۆژێك كەسی زیاتر دەڕژانە شەقامەكانەوە. نەك تەنها خوێندكاران و تاكەكانی چینی ناوەڕاست.

گۆڤاری ئیكۆنۆمیست ئەو خەڵكانە بەمجۆرە وەسف دەكات كە بەشداریان لە خۆپیشاندانەكاندا كرد: ئەوان تێكەڵ بوون: خوێندكاران، تاكەكانی چینی ناوەڕاست، ژنان، ژنانێكی زۆر. بەڵام لەم میانەیەدا خەڵكانی هەژار لە ناوچە هەژارنشینەكانی تاران، ژنانی لەچكپۆش، و كەسە هەژارەكان، تەنانەت مەلاكانیش. ئەمە بزووتنەوە و جوڵانەوەیەكی گەورە بوو. ئەمە لەو جۆرە بزووتنەوانەیە كە مرۆڤ لە سەرەتای هەر شۆڕشێكی حەقیقیدا چاوەڕوانییەتی كە كۆمەڵگا تا قوڵایی خۆی دەجوڵێنێت. بەپرسان دەستیانكرد بە سەركوتكردن؛ زیان بە خۆڕێكخستنی خەڵك كەوت. لێیاندرا، زیندانی كران، و هەندێكیشیان كوژران. بەڵام هیچ شتێك سەركەوتنی لە وەستاندنی بزووتنەوەكەدا بەدەست نەهێنا. بەشوێنێك گەیشت تەنانەت خەریك بوو لەنێو پۆلیسیشدا دروست دەبوو.

 ئەم خۆپیشاندانانە سەروئاسایی بوون، چونكە كەس ڕێكی نەخستن. پێموایە ئەگەر تا ئێستا بەڵگەهێنانەوەیەك لەبەرژەوەندیی ئەنارشیزمدا بووبێت، دەبێت هەر ئەم ڕووداوانە بێت. بزووتنەوە، خۆڕسك و دەم بەدەم دروست بوو. لاوان لەڕێگای مۆبایلەكانیانەوە و هەموو تەكنەلۆژیا مۆدێرنەكانی دیكەیان بەكارهێنا كە ئەمڕۆ لەبەردەستیانە.

ڕژێم هەوڵیدا ئینتەرنێت بلۆك بكات و پەیوەندییەكانی مۆبایلیش هەر بلۆك بكات، بەڵام لاوان ڕێگایان دۆزییەوە. چۆن دەكرێت جوڵانەوەیەك بووەستێنی كە ڕێبەری نییە و كەسێك نییە دەستگیری بكەیت؟ هەر ئەوەیە نەیانتوانیی جوڵانەوەكە بووەستێنن. بێگومان ئەنارشیستەكان زۆر بەم دۆخە دڵخۆشن. بەڵام دەبێت بە ئەنارشیستەكان بڵێین ئەگەرچی نەبوونی ڕێبەرێك لە ڕوویەكەوە خاڵی بەهێزی خۆى هەیە، بەڵام خاڵی لاوازیشی هەیە.

دواجار جوڵانەوەكە نەیتوانی بە ئامانجەكانی بگات. دەبێت بپرسین بۆ؟ دوو لازازیی كوشندە لە جوڵانەوەكەدا هەبوو. یەكەم دەقاودەق لاوازیی خۆڕسكبوون و عەفەویەتی بزووتنەوەكە بوو. ڕێبەر و بەرنامە و ستراتیژ بوونی نەبوو. بەبێ بەرنامەیەكی ئاوا ناكرێت پارێزگاریی لە كۆمەڵانی خەڵك لەنێو شەقامەكاندا بكرێت. سەرەنجام جوڵانەوەكە پەرتەوازە دەبێت، دروست وەك دوكەڵێك كە بەهەوادا دەچێت، مەگەر ئەوەى لە سندوقێكی داخراودا چڕبكرێتەوە و كەڵەكە بكرێت.

گرنگتر لەوەش، كرێكارانی ڕێكخراو بەشدارییان نەكرد. ئەمە خاڵی لاوازیی دووەم و خاڵە لاوازە هەرە سەرەكییەكەش بوو. ئەمەش دیسان سنووردارێتیی ڕێبەرانی كرێكاریی لە ئێران دەردەخات. لە قۆناغی ڕابردوودا چەندین مانگرتنمان بینیون، بەڵام لە ساتێكی دیاریكەردا، ئەم ڕێبەرایەتییە لەكوێ بوو؟ بەداخەوە، بەمانایەك پێشڕەویی كرێكاریی نەیتوانی پشتیوانیی جوڵانەوەكە بكات و داوای لە كرێكاران نەكرد بچنە پاڵ جوڵانەوەكەوە.

واپێدەچێت ئەمە بە مانایەك كرێكارانی پێشڕەو یان ستالینیستەكانی پێشوون و یان فاكتەرگەلی لاوازبووی نەوەی پێشوون كە لەژێر كاریگەریی ئایدیا ستالینیستییەكاندان. هەرچییەك بن، وەزیفەیەكی زۆر خراپیان هەبوو. ترۆتسكی وتارێكی بێ وێنەى لە ساڵی 1930دا نووسیوە، كە گەڕانەوەیەكی ڕاستەوخۆی بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران تیادایە. ئەمە ناوی وتارەكەیە: "شۆڕشی ئیسپانیا و وەزیفەى كۆمۆنیستەكان". لەو ڕۆژگارەدا خۆپیشاندانی گەورەى خوێندكاریی هەبوو و ترۆتسكی سووربوو لەسەر ئەوەى كرێكارانی ئیسپانیا و كۆمۆنیستە ئیسپانییەكان دەبێت پشتیوانیی ئەم خۆپیشاندانانە بكەن و خواستە دیموكراتییە شۆڕشگێڕییەكان بهێننە پێشەوە.

حەیف لە ئێران ڕێبەرانی كرێكاریی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كرد و بایكۆتی ئەم جوڵانەوەیەیان كرد كە ئەمەش كردەوەیەكی زۆر خراپ بوو. مانگرتنی گشتیی دەیتوانی ئەم ڕژێمە پەك بخات، بەتایبەت ئەگەر ئەگەر هاوكات بووایە لەگەڵ دامەزراندنی سۆڤێتەكان یاخود وەك بەزمانی فارسیی پێیدەگوترێت "شوراكان". بیرۆكەى مانگرتنی گشتیی لەئارادا بوو و تەنانەت موسەویش گەڕانەوەیەكی ناڕوون و ناڕۆشنی بۆ ئەم بیرۆكەیە هەبوو. تەنها پێویست بوو ڕۆژێك دیاریبكرێت و هەر ئەمەش بەس بوو. بەڵام هەرگیز ئەم خواستە نەهێنرایە پێشەوە.

بەڵام لە وتارەكانی وێبساتی "بەرگریكردن لە ماركسیزم"دا ئاماژەمان بەوە كردووە كە ناكرێت هەلومەرجێك هەبێت بەردەوام داوا لە خەڵك بكەیت بڕژێنە شەقامەكانەوە و پێیان بڵێیت خۆپیشاندان بكەن، خۆپیشاندان بكەن، خۆپیشاندان بكەن. ئەویش بەبێ هیچ پێرسپێكتیڤ و ڕوانگەیەكی ڕوون یاخود بەبێ هیچ ئاسۆیەك. خەڵك هەموو ڕۆژێ خەریكن دەڕژێنە شەقامەكانەوە و سەریان با دەدەن و هیچ ئاسۆیەكیش بوونی نییە. و لە ئەنجامدا ئەگەر شتێك ڕووبدات مەحاڵە خۆى لێ لابدەیت. من لە وتاری یەكەمی خۆمدا گوتم: ئەگەر بارودۆخەكە بەمجۆرە بچێتە پێشەوە، دەكەوێت. و هەر ئەمەش ڕوویدا.

واپێدەچێت لە ڕواڵەتدا ڕژێم كۆنتڕۆڵی دۆخەكەى كردووە، بەڵام وەهاش نییە. هیچ شتێك چارەسەر نەكراوە و ئێستا درزەكانی ڕژێم بە تەواوی كراونەتەوە. تەنانەت لەنێو چەپیشدا ئەم درزە كراوەتەوە (دەكرێت بە ڕیفۆرمخوازان بڵێین چەپ) و لەنێو بەرەى ڕاستیشدا هەربەمجۆرەیە. ڕەفتاری بەتایبەت ڕەفسنجانی سەیروسەمەرەیە. ئەو یەكێكە لە گانگستەرە سەرەكییەكانی ڕژێم – گانگستەرێكی زۆر دەوڵەمەند و گانگستەرێكی زۆر پارەدار. ئەو ئێستا بەرەو بەرەى ئۆپۆزیسیۆن ملی پێوەناوە.

ڕەفسنجانی نزیكەى پێش دە ڕۆژ، پێشنوێژی جومعەى كرد، نوێژی جومعە لە یەكێك لە مزگەوتە گەورەكانی تاران. ئەمە شتێكی تازە نییە؛ بەگشتی ڕابەران ئەم كارە دەكەن. ئەحمەدی نەژادیش بەم دواییانە هەر ئەم كارەى كرد. بەڵام لە خۆپیشاندانێكی گەورەدا (كە نوێژی جومعەش هەر بەمجۆرەیە) بەلایەنی زۆرەوە 50 هەزار كەس دێن. بەڵام ئەمجارە چەند كەس بۆ نوێژی جومعە لەگەڵ ڕەفسنجانیدا ڕۆیشتن؟ یەك ملیۆن! باشە لەوانەیە یەك ملیۆن كەسیش لەناكاو بە حەزێكی پڕ جۆش و خرۆشەوە بۆ نزا و پاڕانەوەى ئەڵڵا ڕۆیشتوون. ئەمەش دەگونجێت، بەڵام من وابیر ناكەمەوە. ئەمە خۆپیشاندانی سیاسیی جەماوەریی بوو. و هەر ئەم بەڕێزە گانگستەرە، هەمان ڕەفسنجانی، وتارێكی تەواو خەباتگێڕیی لە مزگەوت پێشكەش كرد.

پێموانییە زۆر باسی خوا و ئەڵڵای كردبێت. بەپێچەوانەوە داوای دیموكراسیی كرد، گوتی لە هەڵبژاردنەكاندا تەزویرات كراوە و گوتی ناتوانین بەكارهێنانی توندوتیژیی دژی خەڵك قبوڵ بكەین و داوای ئازادیی هەموو دەستگیركراوانی كرد. ئەمە باوەڕی پێناكرێت. تەنانەت سەیرتر لەوەش ڕۆحانییە دیارەكانی حەوزەى قوم، كە ناوەندی ئایینیی سەرەكییە لە ئێراندا، پشتیوانییان لە ڕەفسنجانی كرد. پێموایە لانیكەم چوار یان پێنج ئایەتوڵڵای گەورە پشتیوانیی ڕەفسنجانیان كرد. ئەمە واتا درزێكی دیكە هەیە و پێدەچێت وردە وردە بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵی عەلی خامەنەیی دەربچێت.

خامەنەیی ڕێبەری گەورەیە و نەك تەنها لە پرسە ئایینییەكاندا. ئەو ڕێبەری گەورەى دەوڵەتە. كۆنتڕۆڵی سوپا و پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەریی بەدەستەوەیە و ئێستا ڕەفسنجانی بە ئاشكرا تەحەدای ئەو دەكات. سەیرتر لەوەش شەوێك بەر لە نوێژی جومعە، لە شەوی پێنج شەممەدا، 24 ئەفسەری باڵای سوپا دەستگیركران. دووانیان ژەنەڕاڵ بوون. بۆچی دەستگیركران؟ ئەوان بە جلوبەرگی ڕەسمییەوە چووبوون بۆ نوێژی جومعە و ئەمەش بەدیاریكراوی كردەوەى یاخیبوون بوو.

لە ئەنجامدا هەموو ئەو مەرجانەى لینین بۆ شۆڕش دەیانخاتەڕوو لە ئێراندا هەن ، جگە لە یەك مەرجیان و ئەگەر وردتر بیڵێین، یەك و نیو، چونكە پرۆلیتاریا، ئەمجارەش بەهۆى نەبوونی ڕێبەرایەتییەوە، ئەو ڕۆڵە سەرەكییەى دەبێت بیگێڕێت، بەم ڕۆڵگێڕانە هەڵنەستاوە. لینین لە ساڵی 1905دا دەنووسێت لە بارودۆخێكی ئاوادا دەبێت پرۆلیتاریا خۆى وەك سەركردەى وڵات جێگیر بكات. پرۆلیتاریا و پارتەكەى دەبێت لەپێناوی بەرەوپێشبردنی خواستە دیموكراتییە شۆڕشگێڕییەكان بجەنگن و ئەمانە نەك تەنها كرێكاران، بەڵكو چینی ناوەڕاست، خوێندكاران، لاوان و ژنانیش كێشدەكات.

دەبێت ئەم خواستە دیموكراتییانە لە یەك دروشمدا كورت بكرێنەوە: مانگرتنی گشتیی سەرتاسەری و شوراكان. ئەگەر ئەم كارە بكرێت، حكومەت كۆتایی پێدێت. تەنها بیر لەمانای ئەمە بكەنەوە. بیر لە كاریگەرییەكانی شۆڕش لە ئێران بكەنەوە. ببینن چ ئاسەوارێك لەسەر هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیە دادەنێت. ڕژێمەكانی وەك میسر، ئوردن، عەرەبستانی سعودیە یەك لەدوای یەك دەكەون. بیر لەوە دەكەنەوە بۆچی ئیمپریالیستەكان هێندە لە كاروباری ئێراندا بێدەنگن؟

لەوانەیە لێم بپرسن فۆرمی نوێی حكومەت چۆن دەبێت. وەڵامی من بەمجۆرەیە: ئەگەر پارتی بەلشەڤیكیی (تەنانەت پارتێك بە 8000 ئەندامی وەك بەلشەڤیكەكانی شوباتی 1917) بوونی هەبووایە، ئێستا لە ئێران دەبوو باسی شۆڕشی پرۆلیتاریی كلاسیك بكەین. بەڵام پارتێكی وەها بوونی نییە. لە ئەنجامدا بەڕادەیەك یەكلاییبووەتەوە شۆڕشی ئێران دەبێت بەنێو قۆناغی جۆرێك ڕژێمی پەرلەمانیی بۆرژوازییدا تێبپەڕێت ، وەك ئیسپانیا لە ئاكامی ساڵی 1931دا. بەڵام لە بارودۆخی قەیرانی ئابوورییدا ئەمە هەمان نوسخەیەكە بۆ ئاشتیی و پێكەوەیی كە لە ئیسپانیای ساڵی 1931دا هەبوو.

لەناوبردنی ڕژێم تەنها تاكە قەیرانی دواتر كەمێك دوا كەوتووە، كە لە شەش مانگ، دوانزە مانگ یان دوو ساڵی داهاتوودا دەبێت. بەڵام گەیشتنیشی حەتمییە. و ئەمە دەستپێكی قۆناغێكی تەواو تۆفانیی دەبێت لە ئێراندا. ناتوانین بەدەقیقی باسی جەوهەری ڕژێم بكەین كە دەردەكەوێت. بەڵام پێتان دەڵێین چ شتێك نابێت: ناتوانین هیچ ڕژێمێكی ئیسلامی فەندەمێنتالیستی دیكە لە ئێران ببینین. نەك لە دوای 30ی ساڵی ڕابردووەوە. ئەو قۆناغە ئیتر تەواو بووە. و لە ئەنجامی شۆڕشی ئێراندا بۆ یەكەمجار ئەم شێتییە فەندەمێنتالیستییەى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەستە، تەفروتونا دەبێت.

ئاسۆكان و وەزیفەكان

ئێمە خەریكین دەچینە نێو قۆناغی شۆڕشگێڕییەوە، كە چەند ساڵێك بەردەوام دەبێت و سەروە و خوارەوەى هەیە وەك ئیسپانیا لە ساڵی 1930 بۆ 1937، بەڵام لەژێر ئەم هەلومەرجەدا جەماوەر زۆر بەخێرایی فێردەبن. ئایدیاكانمان هەر ئێستا ڕەنگدانەوەیەكی گرنگیان لەناوەوەى خودی ئێراندا هەیە و لەم قۆناغەى بەردەمماندا بەناچاری گەشە دەكەن.

ڕوونە خوێندكاران دەیانەوێت بە ئەنجام بگەن. ئەوان دەتوانن سنووردارێتییەكانی موسەوی و ڕیفۆرمخوازان ببینن. ئەمەش ڕاستە كە وێب سایتی ئێرانیی ڕەوتی ماركسیزمی ئەنتەرناسیۆنال لەلایەن سەدان خوێندكارەوە كراوەتەوە كە پرسیار لەسەر سۆسیالیزم و ماركسیزم دەكەن. پێموایە ڕەوتی ماركسیزمی ئەنتەرناسیۆنال كاردانەوە و وەڵامدانەوەیەكی زۆر خێرای پیشانداوە بۆ ڕووداوەكانی ئێران. دەتوانم پێتان بڵێم وتارەكانمان ڕاستەوخۆ لەو بارەیەوە هەر هەمان ڕۆژ وەردەگێڕدرانە سەر زمانی فارسی، ڕاستەوخۆ لە ئێراندا بڵاوكرانەوە و بەگوێرەى ڕاپۆرتەكانمان، كاردانەوەى بەرزیان بەدوای خۆیاندا هێناوە.

بەهەرحاڵ، هاوڕێیان من تەنها كاتم هەبوو ئاماژە بە ئیمكانی تەقینەوەى ئەو خاڵانە بكەم لە سیاسەتی جیهاندا و كاتی ئەوەم نییە زیاتر لەسەر ئەم خاڵانە بووەستم. لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم: لینین ڕۆژێك وتارێكی نووسی، ناونیشانەكەى بریتی بوو لە "كەرەستەى هەڵگیرساندنی ئاگر لە سیاسەتی جیهانیدا". هاوڕێیان ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێكدا هەڵگیرسانی ئاگیر دەبینرێت و خەریكە هەلومەرجەكانی شۆڕش ئامادە دەبن.

دیارە نابێت زیادەڕەویی بكەین: هێشتا سەرەتای ڕۆژەكانە. وەك ترۆتسكی دەڵێت، دەبێت ئارام بگرین و لەسەرخۆ بین. بەڵام دوو بابەت لێرەدا ڕوونە: لانیكەم دەستپێكی گۆڕانی ئاگایی جەماوەر دەبینین. ملیۆنان كەس بەگوێیەكی كراوەوە بەجۆرێك گوێ لە ئایدیاكانی ماركسیزم دەگرن كە پێشتر هەرگیز بەمجۆرە نەبووە. بەڵام هەرگیز كاتێكی وەك ئەم كاتەمان نەبینیوە و هیچ شتێكم نایەتەوە بیر وەك ڕەوتی هەنوكەیی بارودۆخەكان بێت.

خاڵی دووەم كۆتایی بریتییە لە ڕۆڵی ئەنتەرناسیۆنال. هێشتا هێزەكانمان زۆر بچووكن. دەمانەوێت هەوڵبدەین یەكەم ناوكی ڕەوتی ماركسیزمی ئەنتەرناسیۆنال لە زۆرێك وڵاتدا دروست بكەین، بەڵام خەریكین گەشە دەكەین. و ئێستا ئیتر تەنها چاودێر نین، بەڵكو بەشێكی چالاكی بزووتنەوەین لەنێو هەندێك وڵاتی زۆر گرنگدا. لە ئەنجامدا دەتوانین متمانەیەكی زۆرمان بەداهاتوو هەبێت. ئێمە ئایدیای ڕاست و دروستمان هەیە، ئایدیای سەروئاسایی بنچینەیی ماركسیزم. هەروەها ئێمە چەندین تاكتیك و میتۆدی دروستیشمان هەیە و گرنگتر لە هەمووی، سوورین لەسەر ئەوەى ئەم ئایدیایانە بە ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی چینی كرێكارەوە ببەستینەوە.

هاوڕێیان! دەتوانین بە دڵنیاییەكی تەواوەوە بە ئایدیاكانی ماركسیزم، بە دڵنیاییەكی تەواوەوە بە ڕۆڵی شۆڕشگێڕانەى چینی كرێكار، بە دڵنیاییەكی تەواوەوە بەخۆمان و بەدڵنیاییەكی تەواوەوە بە سەركەوتنی ڕەوتی ماركسیزمی ئەنتەرناسیۆنال بچینە پێشەوە.