کرێکارانی فه‌ره‌نسا لە جووڵەدان

Kurdish translation of The French workers are on the move (October 14, 2010)

کرێکارانی فه‌ره‌نسا لە جووڵەدان !

نوسینی ئالان وودس - تولوز ، پێنجشه‌ممه‌ ١٤ ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٠ --  وەرگێرانی هاوپشتی : کامەران ئەحمەد

بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی له‌ فه‌ره‌نسا سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ سه‌رجه‌م خه‌باتی کرێکارانی ئه‌وروپا. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یە ده‌رخه‌ری ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی چینی کرێکاره‌ له‌ فه‌ره‌نسا.  پاش چالاکی سه‌رنجڕاکێشی دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر دوێنێش چوارشه‌ممه‌ کرێکارانی ناڕازی به‌رده‌وام بوون له‌ چالاکی‌یه‌کانیان بۆ ڕۆژی دووه‌م.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ دووتوێی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ناڕه‌زایه‌تی‌یه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن نه‌قابه‌ کرێکاری‌یه‌کانی فه‌رنساوه‌ دژ به‌ پێشنیاری سیستم و به‌رزکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینیی به‌ڕێ خران شاهیدی گه‌وره‌ترین ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان بووین . ژماره‌یه‌ک له‌ نه‌قابه‌کان ڕاشکاوانه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ تا کاتێکی نادیار‌ درێژه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تی‌یه‌کانیان ئه‌ده‌ن. خزمه‌تگوزاری‌یه‌کانی هێله‌ ئاسنینی‌یه‌کان تاوه‌کو ئێستاش په‌رتوبڵاون، که ‌ئه‌مه‌ش هۆکاری دواکه‌وتن و لێکەوتنەوەی قه‌ره‌باڵخی زۆرە لە نێو شارەکاندا.

مانگرتن و خۆپیشاندانەکان بوونەتە هۆکاری داخستنی هەر شەش پاڵاوتگەکەی نەوتی سەر بە کۆمەلە (تۆتاڵ، ئەمەش هەڕەشەکردنێکی دیارە بۆ کورتهێنان و کەمی سووتەمەنی لە ولاتدا. تاوەکو ئێستا لە ١١ پاڵاوتگە لە کۆی ١٢ ی سەرەکی لە فەرەنسا مانگرتن بەردەوامە. لە مینای فۆس- لاڤێرا Fos-Lavera  لە نزیک مارسیلیا مانگرتنی کرێکاران پێ‌ی ناوەتە ڕۆژی هەژدەمینەوە کە ئەمەش بارهەڵگرەکانی نەوتی ناچار بەوەستاندن لە نێو دەریا کردووە و ناتوانن بارەکانیان ڕۆ بکەن.

بە پێی راپۆرتی هێڵی ئاسنینی فەرەنسا  (SNCF ) لە ئاستی ناوخۆییدا ژمارەیەکی کەم لە شەمەندەفەرە ناوخۆیی‌یەکان و هێڵی بەستنەوەی نێوان شارەکان کار ئەکەن.  ڕۆژی سێشەمەش پاش کشانەوەی کرێکاران لە کارکردن ( بورجی ئیفڵ ) یش دەرگاکانی خۆی بە ڕووی گەشتیارەکاندا داخست . بەهۆی مانگرتنەکانەوە فڕۆکەخانەکانیش زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە،  هەروەها دەرگاکانی سەدان قوتابخانە داخراون ، لە زانکۆکاندا دەستەکانی ڕێکخستن کۆئەبنەوە و سەرگەرمی ڕێکخستنی ئەو چالاکی‌یانەن کە ئەبێت ئەنجام بدرێن.

سەرباری ئەوەی کە زۆرینەی مانگرتنەکان لە کەرتی گشتین، بەلام کاردانەوەی لەسەر ئاستی کەرتی تایبەتیش هەبووە.  لە ڕاستیدا خاڵی لاوازی ئەم بزووتنەوەیە کەرتی تایبەتە. لە جەرگەی بەلێشاویی بێکاریی وڵاتدا بەشداریی کرێکارانی کەرتی تایبەتی لە مانگرتنەکاندا ئەستەمتر کردووە.

بە پێ‌ی ئاماری نەقابەکان تاوەکو ڕۆژی سێشەممە نزیک بە سێ ملیۆن و نیو بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە. لێرەش لە تولوزToulouse  بە پی‌ی ڕاپۆرتی  یەکێتی  گشتی کرێکاران نزیک بە ١٤٥ هەزار کەس بەشداری خۆپیشاندانیان کردووە کە بەمەش گەورەترین خۆپیشاندان لە مێژوویی شاردا تۆمار ئەکات. هەروەها لە پاریسیش دا ژمارەکان گەیشتوونەتە ٣٥٠ هەزار خۆپیشاندەر.

هەروەها هوبەرت پرێڤاود ئەندامی حزبی کۆمۆینست و یەکێتی گشتی کار  (Hubert Prévaud) ئاماژەی بە مەزنیی خۆپیشاندانەکانی تولوز  - کە بە یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکان لە مێژویی شاردا ئەژمار ئەکرێت -  و ئاستی بەرز و ڕوحی تێکۆشانی خۆپیشاندەران کرد :

 " لەوانەیە وا هەست بکەیت کە پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکان کرێکاران ماندوو ئەبن ، بەلام پێچەوانەکەی ڕاستە، کرێکاران زۆر بەگەرمی و پەیگیرانە تر لە جاران دێنە پێشەوە.  توڕەیی و بێزاری خەڵک شەپۆل ئەدات،  هەر ئێستا کاتی ئەوەیە کە پاڵ بە بزووتنەوەکە بنێین بۆ ئاستێکی بالاتر و پاشەکشەپێکردنی حکومەت بۆ پاشگەزبوونەوە لە پێشنیارەکەی. "

تەنانەت لە شارۆچکەکانیشدا خۆپیشاندانەکان بەڕێخراون و شایەنی ئاماژەپێکردنن ، لە شارۆچکەیەکی بچوکی وەک نیۆرت  (Niort)  لە هەرێمی دوکس-سیڤەر نزیک بە ١٥ هەزار خۆپیشادەر ڕژاونەتە سەر شەقامەکان کە کۆی دانیشتوانەکەی ٦٠ هەزار دانیشتووە. کە ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنی کە  چارەکی شارەکە لە خۆپیشاندانەکان بوون.

 وێنای گشتی ڕەنگدانەوەی هەڵچوونی بزووتنەوەیەکی کۆمەلایەتی بەهێزە، چوونەسەری شەپۆلێکە کە ئەستەمە خامۆش بکرێت.  سیمای گشتی دەرخەری پشت بەخۆبەستوویی و لەهەمان کاتدا دڵخۆشی و کامەرانی کرێکارانە بۆ ڕژانە سەر شەقامەکان، کرێکاران یەکگرتوون و تێئەکۆشن . بەڵام هاوشانی ئەمەش ڕەخنەیەکی ڕوو بە رابەرایەتی روو لەسەرە . لە شاری نیوز یەکێک لە کرێکاران پێ‌ی وتم :

"  خۆپیشاندانەکان بێ وێنەبوون، بەڵام من لەوە تێنەگەیشتم بۆچی هیچ کۆبوونەوەک دوای ئەمە ڕێک نەخرا، هیچ لێدوانێک لەلایەن رابەرایەتی‌یەوە ئەنجام نەدرا.  هیچ باس لەوانه‌ نەکران کە دواتر چی بکەین ، خەڵک دوای خۆپیشاندانەکان بلاوەیان لێکرد و چوونە مالەوە و وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ. "

هەروەها ئەندامێکی حزبی کۆمۆنیست جوزیف کوتان باسی لە رارایی خۆپیشاندەران کرد لە نیوز و وتی :

"  خەڵک بێئەندازە دڵخۆش بوون. هەروەها لە نێو خۆپیشاندەراندا مزاجێکی توورەبوون هەبوو ، بەلام نەگەیشتبووە ئاستی هەڵچوونی تەواویی. بەلام ئەم ئامادەیی هەیە ، جۆرێک لە توڕەیی و هەڵچوونی دیلکراو کە ئامەدەیی هەیە لە هەر ساتێکدا بتەقێتەوە."

سۆزی جەماوەر

ئەمە ڕۆژی چوارەمینی بزووتنەوەکان بوون لە سەرەتایی مانگی سێپتەمبەرەوە ، هەر ڕۆژێک شاهیدی چونەسەری ڕێژەی خۆپیشاندەران بووین بە بەراورد لەگەڵ پێشووەکەیدا.  بۆ نمونە ژمارەی خۆپیشاندەران لە دوو ملیۆنەوە زیاد بوو بۆ سێ ملیۆن و نیو.  هەروەها بانگەوازی ڕۆژێکی تر ئەکرێت لە تێکۆشان لە ١٦ ی ئۆکتۆبەردا. 

هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکان پلانەکانی سەرکۆماری فەرەنسا نیکۆلا سارکۆزی‌یە بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵی‌یەوە بۆ ٦٢ ساڵیی و بردنە سەری بیمەی پیرانە لە ٦٥ ساڵی‌یەوە بۆ ٦٧ ساڵیی ، پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ ئەم داوایەی قبوڵ کردووە و ئێستا داواکە چووەتە بەردەم شوورای پیران.

حکومەت پێ‌ی وایە کە سیستمی خانەشینی دروست نی‌یە و پێویستی بە دەستکاریکردن هەیە. بە پێ‌ی ئاژانسی هەواڵنێریی فرانس پرێس سارکۆزی لە بەردەم  ئەنجومەنی نوێنەراندا رایگەیاندووە کە " چیتر تەنازوول ناکەین. "

بە پێ‌ی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکان بەهۆی راوەستاندن و دواکەتنی خزمەتگوزاری‌یەکانی هیلەکانی شەمەندەفەرەکانەوە جۆرێک لە بێزاریی و تێرامانیی لە نێو خەڵکدا دروست کردووە بەلام هاوسۆزن لە گەڵ خۆپیشاندەراندا.  ئیسماعیل بلمەولود بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگەیان "  مانگرتنەکان ناخۆش و بێزارکەرن بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە کار ئەکەن ، بەلام لە هەمان کاتیشدا تێگەیشتنی تەوام بۆ بٶچوونەکانی مانگرتووان هەیە."  ئیریک فلوریس رایگەیاند  کە ناتوانێت بچێتە سەر کار بە هۆیەکی دیار ، درێژەی بە قسەکانی دا و وتی "  ئەم دەستکاریکردنە زاڵمانەیە ، ئەمە سەرباری ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی بەتەمەن هەن کە بەدەست بێکاری‌یەوە ئەناڵینن. "

ئەم قسانە کە لە ڕووپەری ڕۆژنامەکاندا بلاوکرانەوە  ڕەنگدانەوەی هەلوێستی رای گشتی خەڵکە بەرامبەر بە مانگرتن و خۆپیشندانەکان، ژمارەیه‌ک لە راپرسی ‌یەکان ئەوەیان دەرخست کە %٧٠ ی خەڵکی فەرەنسا پشتگیری لەو بزووتنەوەیە ئەکەن کە لە لایەن نەقابەکانەوە بانگەوازی بۆ کراوە.

ئەمە نیشاندەری ئەوەیه‌ کە هێزی زیندووی کۆمەلگای فەرەنسا لە پشت کرێکارانەوەن.  لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە نزیک بە %٦٠ ی فەرەنسی‌یەکان لەگەڵ چوونەسەری  ناڕەزایەتی‌یەکاندان .

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە نەقابەکان - بە تایبەت لە کەرتی گواستنەوەدا -  رایانگەیاندووە کە مانگرتنەکانیان کراوەیە و ڕۆژانە کۆبوونەوە ئەنجام ئەدەن  بۆ باسکردنەوەی لە درێژکردنەوەی مانگرتنەکانیان بۆ ٢٤ کاتژمێری داهاتوو. .

سیما و ڕیشەی  چوونەسەری ناڕەزایەتی‌یەکان لەبەرچاو ڕۆشنن. لەو کۆبوونەوانەی کە لە چەند ڕۆژی رابردوودا کە بلاوکراوەی  La Riposte زمانحاڵی باڵی مارکسیستی لە حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا ڕێکیخست ئاماژەم پێدا کە مرۆڤ هەست بە بایەخدانی بەربڵاو بە بیرۆکەکانی مارکسیزمی شۆڕشگێرانە ئه‌کات نەک تەنها لە نێو لاواندا بەڵکو لە نێو ئەو بەتەمەنانەش کە بەدرێژایی ژیانیان ماندوو بوون لە چاکسازی‌یەکانی ڕابەرایەتی ، و هەروەها لە نێو ئەو کەسانەش کە بەدوای بیرۆکەکانی کۆمۆنیزمی راستەقینەدا ئەگەڕێن.

سوونەتە شۆڕشگێڕی‌یەکان .

سارکۆزی هەڵەیەکی گەورەی کرد بە چوونە شەڕی لەگەڵ نەقابە کرێکاری‌یەکان . سارکۆزی ئەوەی لە بیرکرووە کە فەرەنسا ولاتی شۆڕشەکانە ، ولاتی شۆڕشی ١٧٨٩-١٧٩٣ ، شۆڕشی ١٨٤٨ ، وڵاتی کۆمۆنەی پاریسە،  ولاتی مانگرتنە گشتی‌یەکانی سالەکانی ١٩٣٦ و مەی ١٩٦٨ ە. 

نوێنەرانی چینی سەردەستی فەڕەنسا ئەتوانن ئاگاهانەتر هەست بەم مەترسی‌یە بکەن، بە تایبەت سەرۆکوەزیرانی پێشوو دومینیک دوفیلبان ئاگاداری خۆی دا لە چوونە سەری ڕێژەی بێکاری و دابەزینی ئاستی گوزەران و ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی کە حکومەتی سارکۆزی بۆ سەر ژیانی خەلک ئەیکات کە  ئەبنە هۆکاری شۆڕشێکی نوێ‌ی کۆمەلایەتی لە فەرەنسا.

بێگومان بارودۆخی ئێستا ئامادەیی گۆرانێکی کۆمەلایەتی لە داهاتوو پیشان ئەدەن.  ئەگەر بۆرژوازی فەرەنسا ئامادە نیە کە چیتر تەنازول بکات- کە پێشتر ناچار کراوە پێ‌ی- ئەوا کرێکارانی فەرەنساش دەستەوەستان دانانیشن دەستکەوت و بیمە کۆمەلایەتی‌یەکانیان کە بە درێژایی ٥٠ ساڵی رابردوو بەدەست هاتوون هەروا بە ئاسانی تێکبشکێنرێن.

هەربۆیە دەورەی داهاتوو دەورەی توندوتیژبوونەوەی زیاتری ناکۆکی چینایەتی‌یە لە فەڕەنسا و بۆ چینی سەردەست  ئەوە ڕۆشنە کە رووبەرووی شەڕێکی سەخت ئەبێتەوە!

Translation: Hawpshti.com