ئەفغانستان: خیانەتی گاڵتەجاڕانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا

شەڕی درێژخایەنی ئەمریکا بە شەرمەزاری و شکستی ئیمپریالیزمی ئەمریکا کۆتایی هات. دوای بیست ساڵ لە داگیرکردنی ئەفغانستان، بەهێزترین ‌‌هێزی سوپا کە جیهان بە خۆیەوە ناسیبێتی بە تەواوی لەسەر دەستی ژمارەیەک چەتەی دەمارگیری ئایینی کاڵفامی سەرەتایی شکستی هێنا.


[Source]

کەوتنی کابول نیشانەی کۆتایی هاتنی شەڕێکی کتوپڕی چەند ڕۆژە بوو کە لە ڕێگایەوە هێزەکانی تالیبان دەستیان بەسەر ناوچەیەکی زۆردا گرت کە نیوەی ئەفغانستان پێکئەهێنن و لە نێویاندا ئەو شارانە هەن کە زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانیان لە خۆگرتووە. هەر ئێستا دەستیان بەسەر هەموو ناوچەکانی تری وڵاتدا گرتووە.

بەڵام ماوەیەکی دوور نی‌یە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی بە هەمووان ئەدا کە تالیبان ناتوانێت دەست بەسەر کابولدا بگرێت، تەنانەت ناتوانێت دەست بەسەر هەموو وڵاتیشدا بگرێت، بە پێ‌ی ڕێکەوتنەکان لەگەڵ تالیبان حکومەتێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی بوونی ئەبێ، و لەم بەیتو بالۆرانە.

مانگێک پێش ئێستا بەوپەڕی باوەڕەوە ڕایگەیاند :" ئەگەریی دەستبەسەرداگرتنی هەموو شتێک لە لایەن تاڵیبان و لەدەستدابوونی هەموو وڵات پرسێکی یەکجار دوورە. هاوبەشە ئەفغانییەکانمان بە هەموو ئامرازەکان پڕچەک کردووە، ڕێگام بدەن لەسەر هەموو ئامرازەکان، ڕاهێنان و هەموو پێداویستی و کەرەسەکانی هەر سوپایەکی نوێ دڵنیاییتان بدەمێ ".

ئێستا ئەم بەڵێنانە وەک بڵقی ئاو بەهەوادا چوون. هێشتا سوپای ئەمریکا پلانی لەپێشدا داڕێژراوی کشانەوەی خۆی تەواو نەکردبوو کاتێک هێزەکانی تاڵیبان وەک پڵنگی ڕاونراو شاڵاویان هێنا. خێرایی هێرشەکەیان ترس و تۆقینی خستە نێو حکومەتی لە بنەڕەت پەشۆکاوی ئەفغانستانەوە.

بەپێ‌ی بەرپرسەکانی ئەمریکا بڕیاربوو ڕژێمی ئەفغان، سوپاو پۆلیس لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەڕێوەبەرایەتی وڵات بگرنە دەست. بەڵام ڕژێمەکە لە هیچ شوێنێکەوە نەبینرا، سوپای ڕاهێنراو و چەکدارکراو لە لایەن سوپای ئەمریکاوە بانگەشەی بوونی سێ سەد هەزاری هێزی چەکداری ئەکرد، زۆر بە سادەی لە بەردەم ئیسلامییە چەکدارکراوە سادەکاندا توایەوە، کە بەپێ‌ی هەڵسەنگاندنە سەخی‌یەکانیش بە بەردەوامیی ٧٥ هەزار چەکدار تێناپەڕێنێت.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا جیاوازییەکی زەق لە نێوان لێدوانە کەفوکوڵەکانی سەرکردە سەربازی و سیاسییەکاندا،کە هەموویان پەیمانیان دابوو تا دواین تاڵاو بەرەنگارببنەوە و بجەنگن، لەگەڵ شکستی تەواوەتی و فێڵکردنیان ئەو کاتانەی ڕووداوەکان هاتنەپێش، بینرا. شار دوای شار، ئەوانەی چەند ڕۆژ لەوەپێش سنگی خۆیان دەرئەپەڕاند دەسەڵاتیان بە تاڵیبان بەخشی و یان لە شار هەڵهاتن، و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا هەڵوێستی خۆیان گۆڕی و خزمەتەکانیان بە ڕژێمی نوێ بەخشی.

سوپای ئەفغان بە خێراییەکی بێوێنە بەرەو هەڵوەشانەوە لێژ بووەوە، شار دوای شار کەوت و بەلێشاو سەربازە حکومەییەکان خۆیان ڕادەست کرد و چەکەکانیان بەخشییە تاڵیبان یان لە بەرامبەر پارەی کاشدا گۆڕییانەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەرەکانی جەنگ لە کابولی پایتەخت، حکومەت دانوستانی لەسەر ڕادەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ڕاگەیاند، کە گرەنتی مافە سەرەتاییەکانی ئەفغانییەکان لە خۆبگرن. تەنانەت سەرۆک ئەشرەف غەنی ڕایگەیاند دانوستان کراوە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی ڕاگوزەر کە تاڵیبان و نوێنەرانی ڕژێمی کۆن لەخۆئەگرن.

پێش ڕاگەیاندنی زیاتر لەسەر ئەم دانوستانە هەواڵەکان گەیشتن کە سەرۆک غەنی لە وڵات هەڵهاتووە. ڕژێمە دواکەتوو و گەندەڵەکەی ئەشرەف غەنی وەک باڵەخانەیەکی لە پەڕەدروستکراو داڕووخا. غەنی دواین لێدوانی تەلەفزیۆنی بڵاوکردەوە و هانی هاوڵاتیانی دا بۆ شەڕکردن تا دواین هەناسە. دواتر و بەخێرایی جانتاکەی کۆکردەوە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ دڵنایبوونەوە لە مەنفایەکی ئامن و خۆشگوزەران و بەجێهێشتنی گەلەکەی تا تاڵاوەکانی حوکمی تاڵیبان بچێژن، بەرەو تاجیکستان هەڵهات.

ئەم شێوازە لەسەر ئاستی هەموو وڵات بینرا. کاتێک جەماوەری خەڵک لەڕێگای ڕاگەیاندنە فەرمییەکانەوە بە هەستێکی درۆزنانەی ئاسایشبوون هێمن ئەکرانەوە، لە پشتەوە ڕێکەوتنەکانی بەرپرسەکۆنەکانی ڕژێم و تالیبان ئەنجام ئەدران، تەنانەت هەندێک پێیان وابوو بەرپرسە ئەمریکییەکانیش، لە پرۆسەیەکی ڕووسپیکردنەوەدا لەپێناو تەئمینکردنی دەربازبوونێکی ناخوێناوییانەی هێزەکانیان لە کابول و ڕێگرتن لە ڕیسوایی و شەرمەزاری زیاترو گەورەتر لە دواین دانیشتنەکاندا بەشدارییان کردووە.

لەکاتێکدا کە غەنی و دارودەستەکەی سەرگەرمی تەنها بایەخدان بە خۆیان بوون، چەکدارەکانی تالیبان بێ هیچ بەرهەڵستکارییەک چوونە ناو پایتەختەوە. ئێستا جەماوەری ئەفغانستان کە ئازاری زۆریان لەسەر دەستی ئیمپریالیزمی ئەمریکا چەشت، ئامادەی گەڕانەوە بۆ ژێر سایەی سیستمی حاکمیەتی دین سالاری(تیۆکراتی) ئەکەن. گەڕانەوەی ئیسلامییە ئسوڵییەکان ترسی خستووەتە نێو جەماوەری خەڵک. لەگەڵ گەیشتنی چەکدارەکان بە کابول ترس و دڵەڕاوکی لە پایتەخت هەژاوە.

لەکاتێکدا کرێکاران و خەڵکی هەژارو ژنان و هەموو ئەوانەی ئازاریان لە سەر دەستی تالیبان ئەچەشت بەتەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووسی خۆیان جێهێڵران، دەوڵەمەندەکان سەرگەرمی خۆپێچانەوە و ڕزگارکردنی خۆیان بوون. دەیان خەڵکی ناسراو بینران لە وڵات هەڵاتن، لە کاتێکدا ژمارەیەکیشیان دڵسۆزییان بە لای تالیباندا بادایەوە و پێیانەوە پەیوەستبوون. وەزیری بەرگریی (بیسمیلا موحەمەدی) وا ڕاپۆرت درا کە لەگەڵ کوڕەکانی ڕووەو ئیمارات هەڵاتوون. (هەمایون هەمایون) جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پێشوو و هاوپەیمانی نزیکی غەنی وا باس ئەکرێت وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی کابول لە لایەن تالیبانەوە دامەزرێنراوە.

لەو کاتانەی کابول ئەکەوت،لە باکوری وڵاتەوە کە بە بەهێزترین بنکەی ڕژێمی پێشوو هەژمار ئەکرێ وەفدێک چەند ئەمیری جەنگ و خاوەنکاری لە خۆئەگرت ، گەشتیان بەرەو وڵاتی هاوکارە سەرەکییە داراییەکەی تالیبان واتە پاکستان کرد. پێئەچێت سەردانکردنەکەیان دانوستان بێت لەسەر ڕۆڵێ پاشەڕۆژیان لە چوارچێوەی ڕژێمی نوێدا، ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی هەژاران و خەڵکی کەمدەرامەتی ئەفغان بە تەنها بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان و چارەنوسیان جێهێڵران.

سەرباری لێدوانە فەرمییەکانی تالیبان بە ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان و لێخۆشبوون لە هەرکەسێک بەرەنگاریان نەبێتەوە ، چەند ڕووداوی کوشتنی ژنان و ڕۆشنبیران ڕاپۆرت دراون. دوێنێ لە هیرات کچان لە زانکۆ دوورخرانەوەو داوا لە کارمەندانی ژنانی بانکەکان کراوە بچنەوە ماڵەکانیان. لە قەندەهار ماڵ ماڵ پشکنینیان بە دوای ئەو ڕۆژنامەنووسانەدا کردووە کە لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندنە بیانییەکاندا کاریان کردووە. لە چەند ڕۆژو هەفتەکانی داهاتوودا ئەم کردەوە تیرۆریستییانە لە لایەن تالیبانەوە بۆ جێپێخستنی دەسەڵاتەکانی خۆی بەردەوام ئەبن .

قسەکەرە فەرمییەکانی تالیبان لەبەردەمی کامێراکانی تەلەفزیۆندا ئەیانەوێ وێنایەکی نەرم و نیان نیشان بدەن. ئەڵێن :" ئێمە وەک چیتر وەک پێشتر نین" ، " وانەیەکی زۆر فێر بووین" و لەم بەیتو بالۆرانە. بەڵام هیچ ڕاستییەک لەم لێدوانانەدا نین. ئامانجی سەرکییان بریتی‌یە لە هێمنکردنەوەی تورەیی "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی" ، و بەم شێوەیە هیواخوازن، لە وانەکانی دەستتێوەرنەدانی سەربازی دەرەکی.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەستتێوەردانی تازەی دەرەکی دوورە، جۆ بایدن بژاردەی خۆی کردووە و هیچ بواری گەڕانەوەی تێدا نەماوە. دوژمنە سیاسییەکانی ئەو دەرفەتە ئەقۆزنەوە بۆ ناوزڕاندنی وەک" ئەو پیاوەی خیانەتی لە ئەفغانستان کرد" . بەڵام ناڕەزایەتی دەربڕی بەوەی سەرۆکی پێشتر دۆناڵد ترامپ، پێشتر بڕیاری چارەنووس سازی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان دەرکردووە.

ئەمە کەس قایل و دڵخۆش ناکات. تەنانەت هیچ شتێکیش لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت، نە کۆمارییەکان و نە هیچ کەسێکی تر پێشنیازی نوێ‌ی دەست تێوەردانی سەربازی ناکات. ئەوەش ڕاستە ، کە هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هەزارەوە بوو بە سێ هەزار ، دواتر پێنج و شەش هەزار سەربازی تر زیادیان کرد.

بەڵام ئامانجی سەرەکی لە ناردنی هێزەکان بۆ کابول لەپێناو شەڕکردن لەگەڵ تالیبان نییە، بەڵکو لە پێناو دڵنیایی و مسۆگەرکردنی کشانەوەی ٢٠ هەزار هاوڵاتی ئەمریکی و سەربازی تری گەمارۆدراون لە کابول. بەڵام دەرکەوت ئەمەش ئەستەمە، هەر لە هەفتەی یەکەمدا ڕوون بووەوە ئەمریکا ناتوانێت هیچ شتێکی زیاتر بۆ ئەو خەڵکانەی گەمارۆ دراون و لەوانەیە لە لایەن تالیبانەوە بکرێنە ئامانج بکات.

هەزاران ئەفغانی چوونە بەردەم خزمەتگوزاری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە پێناو مسۆگەرکردنی ڤیزاو چوونە دەرەوەی وڵات- بێشک بۆ زۆرینە، دەرکەوت هەموو هەوڵەکان شکستیان هێناوە. لە ڕۆژی شەممەوە فڕۆکەخانەی کابول لێوان لێو بوو لە خەڵکانێکی بێ هیوا کە هەوڵیان ئەدا لە دواین ساتەکانی پێش گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن تالیبانەوە وڵاتەکە بەجێ بهێڵن.

خەڵکانێکی تر ویستیان بە ئوتومبیل شارەکان بەجێبهێڵن، کە بوونە هۆکاری داخستنی ڕێگاکان و دروستکردنی ترافیک لە نێوخۆی شارەکان. بەڵام ئەبێت ڕوو لە کوێ بکەن کە ئامن بێت؟ ئەو بیرۆکەیەی ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی پێئەکرد، کە ئەکرێت تالیبان لە ڕێکای دانوستانەوە ئیدارە بکرێت هەرخۆی سەلماندی وەهمێکی ساویلکانەی ئومێد لێبڕاوانەیە.

لەجەرگەی دیمەنە پڕ لە ترس و تۆقینەکانی نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، هەزاران ئەفغانی هەوڵیان ئەدا پێش کۆتاییهاتنی ماوەی کشانەوەی هاوڵاتیان و سەربازانی ئەمریکا ڕابکەن. ئا لەم ساتە وەخت و خاڵەدا، ئەفغانییە "هاوڕێ" و "هاوپەیمانەکەیان" لە کردەوەیەکی خیانەتکارانەی قێزەون و ترسنۆکانەدا بۆ چارەنووسی خۆیان بە تەنها جێهێڵران.

ئەم ڕووداوانە بە تەواوی بڕیار بوو بەم شێوەیە نەبن، بڕیار بوو کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان پرسێکی ڕێکخراو بێت. بە پێ‌ی قسەکانی بایدن، ئەبوایە ڕووداوی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سایگۆن، ئەو کارەساتە شەرمهێنەرەی کە کۆتایی بە شەڕی درێژخایەنی ڤێتنام هێنا لە سالی ١٩٧٥ دووبارە نەبێتەوە.

لەڕاستیدا ئەوەی ئەیبینین دووبارەبوونەوەی هەمان سینایۆی سایگۆنە، لە دیمەنی ئەو کۆپتەرە سەربازییانەی کە سەرگەرمی گوێزانەوەی خەڵکەکان بوون لە باڵوێزخانەی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا سیناریۆی ئێستا زۆر خراپترە. پەشێوی بە پلەیەک گەیشتووە کە لە زۆبەی حاڵەتەکاندا بزووتنەوەی تالیبان بێ هیچ بەرهەڵستکارییەک پێشڕەوی ئەکرد.

تەنها چەند مانگ لەوەپێش، کاتێک بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان درا، بایدن بەڵێنی بە مانەوەی ڕژێمی ئەفغانستان، و ڕێگریکردن لە دەسەڵاتی ڕەهای ئایینی و پارێزگاری لە مافەکانی ژنان دا. ئەیویست بەهەر ڕێگەیەک بێت بەمە بگات، بەڵام لە کاتێکدا هێزەکانی سوپا بۆ دووراییەکی ئامنتر ئەگوێزرانەوە. هەرزوو ئەوە ئاشکرابوو ئەمریکا زۆر بە سەختی تەنانەت ئەتوانێ ئەندامەکانی خۆشی بپارێزێت چ جای سەلامەتی خەڵکی ئەفغانستان.

تەنانەت زۆرێک لەو خەڵکانەی سەرچاوەیەکی داراییشیان بۆ مسۆگەرکردنی تکتی فڕین بەرەو دەرەوە هەبوو، نەیانتوانی سواری فڕۆکەکانیان بن. سوپای ئەمریکا لە پێناو بوارکرنەوە بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان فڕۆکەخانەی کابولی داخست. بێگومان ئەمە چارەنووسی ژمارەیەک دەوڵەمەند و خەڵکانێکی چینی ناوەنجی بوو. زۆربەی ئەفغانییەکان تەنانەت پارەی تاکسی گەیشتنە فڕۆکەخانەش ناتوانن زامن بکەن. بۆ ئەو خەڵکانە جگە لە چاوەڕوانی و ئامادەسازی بۆ تەحەمولکردنی ئاستێکی نوێ‌ی بالاتر لە کوێرەوەریی هیچ شتێکی زۆرتر نییە ئەنجامی بدەن.

دواین جار خەڵکانێکی زۆر لە گەرمەی کۆنترۆڵکردنی کابول لە لایەن تالیبانەوە لە هەوڵی بێئومێدانەی ڕاکردن لە وڵات ڕێڕەوەکانی فڕینیان لە فڕۆکەخانە دەستبەسەردا گرت. درکیان بەوە کرد تەنها بە بینینان لە ڕێگای گەڕانەوە بەرەو ماڵ ژیانیان لە مەترسیدایە. بەڵام لە جیاتی پێشوازی کردنیان لە لایەن هێزەکانی سوپای ئەمریکاوە و لە پێناو بڵاوەپێکردنیان تەقەیان بەسەردا کرا. لە ڕۆژی دووشەممە سەربازە ئەمریکییەکان دوو کەسیان کوشت، لە کاتێکدا سێ کەسی تر لە پێناو دەربازبوونیان دەستیان بە فڕۆکەکانەوە گرتبوو، هەرزوو لە کاتی هەڵفڕینیدا کەوتنە خوارەوەو گیانیان لەدەستدا. ئەمە پێوانەی چۆنیەتی ڕوانینی ئیمپریالیزمی ئەمریکایە بۆ هاوپەیمانەکانی، ئەمانە حەشوەی تۆپەکانن هەرکات سوودبەخش بوون و وەک زبڵ وخاشاکی بێسوودیش خۆیانیان لێ ڕزگار ئەکەن هەرکات سوودیان لەدەستدا.

تالیبان چۆن سەرکەوتنی بەدەست هێنا؟

ئیدارەی جۆ بایدن بە خێرایی پەنجەی تۆمەتیان بۆ خەڵکی ئەفغانستان ڕاکێشا، و داوای شەڕکردن لە پێناو خۆیانی لێکردن. بەڵام ڕەفتاری مامەڵەکردنی لە گەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووە گٶرانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگی هێز بە قازانجی بززتنەوەی تالیبان. لە ڕێگای دیاریکردنی وادەی کشانەوەی هێزەکانیان پێش مانگێک چرای سەوزی هێرشکردنیان بۆ تالیبان هەڵکرد و هەموو ئەو کاتانەش کە پێویست بوون بۆ ئامادەسازیی هێرشکردنی کۆتایی.

بەڵام خیانەتکردنەکە زۆر لەمە قوڵتر هەنگاوی نا. لە دانوستانەکانی فێبریوەریدا،ئەمریکا بەهەموو ئەو داخوازییانەی تالیبان داوای کردبوون ڕازی بوو، لە بەرامبەریشدا بێ هیچ تەنازولاتێک لە لایەن تالیبانەوە. ئەمە خۆی لەخۆیدا بووە بەرزکردنەوەی ورەی ئیسلامییەکان، بە ناردنی ئاماژەیەکی ڕوون بۆ سوپای ئەفغانستان کە ئەمریکا لە هەرکاتێک بیەوێت بەڕەیان لەژێر پێ دەرئەکێشێ. دۆمینەکە کاریگەری خۆی دانا و سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان پەیتا پەیتا بە خێرایی و لەژێرەوە لە هەوڵی مامەڵەو دانوستان بوون لەگەڵ تالیبان.

دواتر، سەرباری چەند ئاگادارکردنەوەی پنتاگۆن، بایدن لە خێراکردنی پلانەکانی کشانەوەی سوپای ئەمریکا هەر شکستی هێنا، پێ‌ی وابوو ناکۆکیەکان چەند مانگی تریان ئەوێت تا بە کۆتایی ئەگەن. ئەمە بووە هۆکاری گەورەکردنی پەشێوی و هەستکردن بە فەوزا بە قازانجی جیهادییەکان. لەهەر پێچێکێدا، بێتوانایی ئەمریکا و نائامادەیی، و سازشکردنەکانی بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی تالیبان بووەنەتە هۆکاری خێرایی هەڵوەشاندنەوەی سوپای ئەفغانی و دەزگاکانی دەوڵەت.

هەمیشەو بە بەردەوامی دەوڵەتی ئەفغان بوکەڵەیەکی دەستی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بووە. بە درێژایی چەندین ساڵ ئامرازی دەستی داگیرکاریی ئەمریکا بوون و بوونەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی هەزارەها کەس لە ئەفغانییەکان، و ئازارچەشتن و کوێرەوەی بێئەندازەی جەماوەری خەڵک. لەبەرئەمە ئامرازێکی سەرکوتگەریی بەتەواوی قێزەون بوون. پێکهاتەیەکن لە ژمارەیەک خەڵکانی ئینتهازی کە وڵاتەکەیان بە نرخێکی یەکجار هەرزان فرۆشت- هاوپەیمانییەک بوون لەگەڵ چەند خەڵکانی تەکنۆکراتی کۆن و ئەمیرەکانی جەنگی نێوخۆیی و چەند سەرکردەیەکی هۆزەکان کە سیستم و دەزگای دەوڵەت جگە لە ئامرازێک بۆ خۆدەوڵەمەندکردن هیچی تر نەبووە. لە سایەی حوکمدارییاندا، خەڵکانی ئاسایی،کە لەوپەڕی هەژار و کەمدەرامەتیدا ژیانیان ئەکرد، بێ پێدانی بەرتیل بۆیان ئەستەم بوو بگەنە هیچ خزمەتگوزارییەکی حکومیی.

سوپای ئەفغانی،کە بە فەرمی لە ٣٠٠ هەزار سەرباز پێکدێت،پڕبوون لە" سەربازە تارمایی" (بن دیوار)* ،ئەو سەربازانەی تەنها لەسەر پەڕاوەکان وەک ئامرازێکی پارەخستنە نێو گیرفانی سەرکردە و بژاردە نێوخۆیی‌یەکانەوە بوونیان هەبوو. کە لەکۆتاییدا ئەرکە ڕاستەقینەکەی جگە لە بارگرانی بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکا نەبێت، شتێکی تر نەبوو. کاتێکیش کەوتە کارکردن،وەک هێزێکی داگیرکاریی چاوی لێئەکرا وەک لەوەی هێزێکی نیشتمانیی بێت. هیچ گومانی تێدا نییە ئەم ماڵە گەندەڵە تەنها بە وازهێنانێکی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە لێدانی یەکەم دائەڕووخێت.

جەماوەری ئەفغانی ڕقیان لە تالیبانە. بەڵام لە لایەکی ترەوە،هیچ باوەڕیان بە ڕژێمە گەندەڵە داسەپێنراوەکەی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە نییە،هەربۆیە هیچ کەس لەپێناو ڕزگارکردنیدا ئامادە نییە ژیانی بخاتە مەترسییەوە. بە پێچەوانەوە هێزەکانی تالیبان لە چەند ئسوڵیی ئیسلامیی و دەمارگیر پێکدێن کە مردنێکی شەهیدانە بەرزرین خەڵاتە لایان.

ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرستانەیەلە دەیان ساڵە لەلایەن چینی بالادەستی پاکستانەوە هاوکاری و پشتگیریی ئەکرێت، کە لە باری مێژویی‌یەوە هەمیشە هەوڵی داگیرکردنی ئەفغانستانیان داوە. لەگەڵ ئەمەشدا،لەم دواییانە لە پشتگرییەکی زیاتر لە لایەن ئێران، چین و ڕوسیاوە بەهرەمەند بووە. و هەمووشیان بەهۆی ناجێگیرییەک لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بارودۆخێکی پەشۆکاویدان.

ئەم بارودۆخە یارمەتی تالیبانی داوە لە هاتنەوە پێشەوەی زیاتر. ئەم هێزانە هەموویان ئامانجیانە ئەم ئسوڵییە ئیسلامییانە بە بەخشینی هاندانی ئابوری و سیاسی تا چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی سنورەکانی ئەفغانستان خۆیدا سنووردار بکەنەوە دەم چەور بکەن. بەڵام ئەمە بەزەرورەت بەمانای دەستکەوتێکی هەروا ئاسان نییە. تالیبان بزووتنەوەیەکی سەنتراڵی نییە، و خەڵکانێکی ئەقڵانی سەرکرادیەتی ناکەن تا بە ئاسانی بە سەریاندا سەربکەون. خودی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە ڕاستەوخۆیی بە زۆرێک لەم ئەزموونانەدا تێپەڕیوە بۆ ڕازیکردنیان بەم ڕاستی‌یە.

ئەبێت بە کێ متمانە بکرێت؟

گاڵتەجاڕیی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی بۆ هەمووان دیارە کە لێ‌ی بڕوانن. هەمان ئەو خەڵکانەی ڕۆژانە باس لە "بەهاکانی ڕۆژئاوایی" وەک "دیموکراسی" و " مافەکانی مرۆڤ" ئەکەن، لە ئەفغانستان ئەکشێنەوە و هاوکارە خۆجێییەکانی خۆیان لەژێر بەزەیی ژمارەیەک چەتەی بەربەری دواکەوتوو بەجێئەهێڵن. سکرتێری بەرگری بەریتانیا هاوخەمی خۆی دەربڕی کە " ژمارەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە" لە کاتێکدا بەریتانیا هەوڵی ڕزگارکردنی هاوڵاتییەکانی خۆی و هەندێک ئەفغانی کە هاوکاری هێزەکانیان بوون ئەدات. گەر " هاوکاری خەڵک" بە مانای بۆمبارانکردن و داگیرکردنی نەتەوەیەکی هەژار بێت لە بەخەرجدانی هیچ سەرچاوەیەک درێغی ناکەن، بەڵام هەر کات " هاوکاری خەڵک" بە مانای دابینکردنی ژیانی خەڵک لە ڕێگای یارمەتیدانیان لە ڕاکردن لە ڕژێمێکی بکوژ بێت هێڵێک ئەکێشرێت.

ئیمپریالیزمی ئەمریکا، و بە هاوکاری هێزەکانی ناتۆ ، ئەفغاستانیان بە بەڵێنی ڕیشەکێشکردنی ئسوڵییە ئیسلامییەکان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی نوێ داگیر کرد. دوای بیست ساڵ لە بەخەرجدانی تریلیۆنەها دۆلار، گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، و وێرانکردنی نەوەیەک بە تەواویی، ئەفغانستان تەنها تۆزقاڵێکیش لەم بەڵینانە نزیک نەبووەوە. پاش ئەوەی بۆ ماوەی ٢٠ساڵ وڵاتەکەیان وێران کرد، ئەم ترسنۆکانە هەرئێستا وەک ئەو سەگانەی کلکیان لە نێو لاقیاندایە هەڵدێن. و جەماوەری خەڵکی ئەفغان لەژێر بەزەیی سەرشێتیەکانی تالیبان بە تەنها بەجێئەهێڵن. هەربۆیە پێویستە لە لایەن جەماوەری کرێکارەوە لەهەر جێیەک بۆ هەتا هەتایە نەفرەت بکرێن.

ناکرێت جەماوەری ئەفغانستان متمانە بە هیچکام لەم هێزانە بکەن. و تەنانەت ناکرێت متمانە بە چینە باڵادەستەکانی چین،ڕوسیا، ئێران و هەر هێزێکی تر بکەن کە لە تارماییدا خۆیان بۆ کاریگەریدانان لەسەر بارودۆخی ئێستا مەڵاس داوە. تەنها ئەتوانن متمانە بە هێزی خۆیان بکەن، کە هەروەک لە مێژووی خۆیاندا سەلمێنراوە هەر کاتێک ڕێکخراو بووە گەورەتر بووە لە هەر هێزێکی تر.

خەڵکی ئەفغانستان لە سەخترین بارودۆخدا ژیان و گوزەرانیان کرد ، بەڵام چەندین جار دوای خراپترین کوێرەوەری و ناسۆرییەکانی ژیان هەڵساونەتەوە. ئێمە بڕوای پتەومان هەیە کە جارێکی تر هەڵئەستنەوە و وڵاتەکەیان لە هەموو تارماییەکی تاریکپەرستی و دواکەتوویی و ئیمپریالیزم پاک ئەکەنەوە.