شۆڕشی ئێران بەرەو کوێ؟

Kurdish translation of Where is the Iranian revolution going? (June 11, 2010)

ئالان ودز

وەرگێڕانی بەدەستکارییەوە: حەسەن حسێن

ساڵی رابردوو بزووتنەوەیەکی مەزن ئێرانی گرتەوە و رژێمی ئیسلامیی بونیادگەراى قێزەونی لەبنەوەڕا لەرزان. گشت هەل و مەرجەکانی شۆڕشێکی سەرکەوتوو کە رژێم بڕوخێنێت لە ئارادا بوون. بەڵام ئەوەى ئامادە نەبوو، بەشدارى کاراى چینی کرێکار وەک هێزێکی رێکخراو، بوو، لەویش گرنگتر نائامادەیی رابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕ بوو بۆ بزووتنەوەکە.

ئێران بەرلەساڵێک چووە سەر رێگاى شۆڕش. شۆڕشێک وەک هەورەبروسکە لە ئاسمانێکی ساماڵەوە، هات. هەزاران رۆڵەى تووڕەى گەل، کە زۆرینەیان گەنجن، بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژى ساختەکاریی ئاشکراى ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، شەقامەکانی تارانیان داگیر کرد.ئەو خەڵکە ناڕازییە، بە پاڵەوانێتییەکی بێ وێنەوە، بۆ بەرەنگارى پیاوانی کۆنەپەرستی ئایینی، کە بەردەوام ئازار و ئەشکەنجەیان داون، بە گژ توند و تیژیی رێکخراوى دەوڵەتدا چوونەوە.

ئەم بزووتنەوەیە بووە ئیلهامێکی مەزن بۆ کرێکاران و لاوان لە سەرتاسەرى دنیادا. ئەوە دوا وەڵام بوو بە هەموو ئەو ترسنۆک و رەشبین و هەڵگەڕاوانەى کە گومانیان لە توانا شۆڕشگێڕییەکانی جەماوەر هەیە.

ئەم تەقینەوە جەماوەرییە کت و پڕە گەلێک کەسی راچڵەکاند. بەتایبەت ئەوانەى بە خۆیان دەڵێن "پێشڕەو"، واتە ئەو کڵۆڵانەى کە جاران خۆیان بە " کۆمۆنیست" و " ترۆتسکیست" دەزانی، ئەوانەى کە هیچ هیوایەکیان بە پڕۆلیتاری و شۆڕشی سۆسیالیستی نەم و رادەستی فشارەکانی بۆرژوازى و ئیدۆلۆژیاکەى بوون.

دوێنێ (نوسەر مەبەستی رۆژێک بەرلەنوسینی وتارەکەیەتی و.ک) نامەیەکی گرنگم لە هاوڕێیەکی ئێرانییەوە پێگەیشت، تیایدا دەڵێت:

"{...} تایبەتمەندییەکی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەیە کە زۆر ئاڵۆزە و بەسروشتی خۆى جیاوازە، بۆ نمونە دەڵێی جوڵانەوەکە جارێکی تر لە چەندین شوێن سەریهەڵداوەتەوە، یا لایەنی کەم لە گەشەسەندن بەردەوامە، لەکاتێکدا بەر لەچەند مانگێک لەهەندێک شوێن گەیشتە ترۆپکی خۆى و ئاوا بەم جۆرە( هەرچەندە ئەم زنجیرەیە لەرووى رێژەى کرێکاران و جوتیارانەوە جیاوازە لەگەڵ ئەوەى لە 1905ى روسیا روویدا ـــ چونکە لە ئێران جوتیارى زۆر نینە ــ تاران و ناوچەکانی تریش جیاوازییان هەیە.

بەڵام ئەمەش زۆر دروست نییە چونکە تاران بە پێچەوانەى هەندێک شارى وەک شیرازەوە، کە مەزاجێکی زۆر رەشبینانە دایگرتووە، چەندین شوێنی تیایە کە جەماوەر بەشێوەیەکی روو لەسەر کەوتنەجوڵە.)"

مرۆ دەتوانێت پێشبینی روودانی ئەوە بکات. بۆنمونە لە هەندێک ناوچە کەجوڵانەوەکە زوو چووە سەرەوە، جەماوەر پاشەکشێ دەکەن. چەندین نیشانەى ماندوێتی و بگرە بێهواییش هەن. ئەمەش سروشتییە، ئەگینا دەبێت چۆن بێت؟. چونکە پاش چەند مانگێک لە هەوڵی نائاسایی سەروو سروشتی و بەبێ ئەوەى ئاسۆیەک دیار بێت، جەماوەر تووشی هیلاکی دەبێت و جووڵانەوەش بەشێوەیەکی کاتی دەکەوێتە پاشەکشە. ئەو کەسانەی خۆڕاگریی کەمتریان هەیە دەکەونە بەند و داوى تەمەڵییەوە و کەسە زۆر خەباتکار و جەربەزەکانیش بەشێوەیەکی کاتی خۆیان بەتەنیا دەبیننەوە.

بەڵام ئەمەش تەنیا جەمسەرێکی هاوکێشەکەیە و ناوچەى تر هەن جووڵانەوەکە بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت. توێژى دیکەى جەماوەر دێنە ناو مەیدانی خەباتەوە و بەجۆشن بۆ خەباتکردن. ئەو توێژانەى رەشبینترن، پیرەکان و کەسانی خاوەن ئەزمونن، بەو کەسانەشەوە کە بەخۆیان دەڵێن " پێشەنگ". بەڵام توێژەکانی لاوان مەزاجێکی تەواو جیاوازیان تێدایە، ئەوان بە جۆش و خرۆش و ئامادەى خەبات کردنن. ئەمەش ئەو توێژانەن کە دەبێت پشتیان پێ ببەستین.

شۆڕش چییە؟

گرنگترین سیماى شۆڕش بەشدارى کردنی راستەوخۆى جەماوەرە کە دەیەوێت جڵەوى ژیان و چارەنووسی خۆى بگرێتە دەست. ساڵێک بەرلەئێستارێک هەر ئەمە روویدا. هەر کەسێک ناتوانێت ببینێت کە ئەمە شۆڕش بوو، ئەوە کەسێکە تێناگات شۆڕش چ مانایەکی هەیە." چاویان هەیە بەڵام پێی نابینن". ئێمەش هیچمان نییە بەم کڵۆڵانەى بڵێین. گشت ئەو مەرجانەى کە لینین بۆ شۆڕش دیاریکردوون لە ئێستادا لە ئێران هەیە: قڵشت و جیابوونەوە لە سەرەوە( دەسەڵات)، جۆش و خرۆش و کوڵانی ریزەکانی چینی ناوەڕاست، چینی کرێکارى بەهێز و خاوەن نەریتی شۆڕشگێڕانە، شەپۆلێک لە مانگرتنی گشتیی گرنگ و ... هتد.

ئەگەر رابەرانی جوڵانەوەکە تەنانەت لەسەدا یەکی ئەو پەیگیریی و ئازایەتییەى جەماوەریان هەبایە، ئەوا بەبێ هیچ سەختییەک مەسەلەى دەسەڵاتیان یەکلا دەکردەوە. بەڵام ریفۆرمخوازەکانی بۆرژوازى نەیاندەویست مەسەلەى دەسەڵات یەکلابکەنەوە. لەراستیدا ئەوان هەترەشیان چوو لەو هێزانەى کە بێداریان کردنەوە، ئیدى بوونە زۆنگێک لەبەردەم بزووتنەوەکەدا. یەک مانگرتنی گشتی مەسەلەى دەسەڵاتی یەکلا دەکردەوە. هەرلەبەر ئەم هۆیەش سەرکردە ریفۆرمخوازەکان بانگەشەى مانگرتنی گشتییان رەت کردەوە.

نائامادەیی رابەرایەتییەکی دڵسۆز و جدى هۆکارى سەرەکی بوو بۆ ئەوەى بزووتنەوەکە بچێتە قۆناغی پاشەکشێوە. هەر ئێستاش حاڵەتێکی بێهوایی لەنێو هەندێک لەتوێژەکاندا هەیە. هەموو لایەک تێدەگەن کە بزووتنەوەکە پێویستیی بە ستراتیژییەکی نوآ هەیە، بەڵام کەس ناڵێت ئەو ستراتیژییە چییە، هیچ کەسێکیش تواناى بینینی دەرچەیەکی نییە. لەسایەى ئەم بارودۆخەى ئێستادا، کارێکی شێتانە دەبێت ئەگەر خەڵکی نارێکخراو و بآ چەک بنێردرێت بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەلڕ رژێمدا. ئەوەى کە پێویستە بۆ هێزە شۆڕشگێرە ناڕێکخراو و پەرش و بڵاوەکان بکرێت، رێکخستنە.

زاڵ بوونی هێزەکانی دژە شۆڕش، تەنیا رواڵەتییە، جۆرە ئاگربەستێکی لاواز هەیە، بۆچوونی" چاوەڕێ بکەین و بزانین" بەسەر هەردوو ئۆردوگاکەدا زاڵە. هیچ کام لەو دوو ئۆردووە بەو دۆخە خۆشحالڕ نین، بەڵام هیچ کامیشیان ئەو تواناییەى نییە ململانێکە بە قازانجی خۆى یەکلا بکاتەوە.

قەیرانە ئابوورییەکە بەتوندى لە ئێرانیشی دا. رژێم ناچارە پشتیوانی کردنی خۆى لە نەوت و پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک نان ببڕێت. بەڵام ئەحمەدى نەژاد ئەترسێت( ناهەقیشی نییە) لەوەى ئەمە ببێتە پریشکێک بۆ هەڵگیرسانی شەپۆلێکی تازە و مەترسیدارترى ناڕەزایی. ریسوایی گەندەڵیی لە ئاستە بەرزەکانی دەسەڵاتدا هەیە، سەرکردەکانیش وەک پشیلەى ناو گوێنی لەشەڕدان. ئەمەش هەمووى نیشانەی داڕزانی رژێمن.

کەس ناتوانێت ئەوە دیارى بکات کە ئەم دۆخە چەند درێژە دەکێشێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کە زۆر درێژە نەکێشێت. لەبەرئەوەى لەپێناو هێشتنەوەى جەماوەر لە ژێر کۆنترۆڵدا، بەتەنیا سەرکوتکردن بەس نییە. رژێم هەموو یەدەگەکانی خۆیی ببەکاردەهێنێت و لەگەلڕ ئەوەشدا رووبەرووى رق و سوکایەتییەکی فراوانی توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە. لەگەلڕ ئەوەى خۆپیشاندانەکانی مانگی ئایارى ئەمساڵ لە چاو ساڵی رابردوودا کەمتر جەماوەریی بوون، بەڵام فراوانتر بوون کە نزیکەى هەموو شار و شارۆچکەیەکی گرتەوە. ئەم واقیعە سەرەتاى راسانی چینی کرێکارى ئێرانە. مانگرتنی گشتیی 24 سەعاتیی لەکوردستان، هەنگاوێکی سەرکەوتووى بەرەنگار بوونەوەى جەماوەریی بوو، کە رژێمی شکست پێهێن و ئاستی هێزەکەى خۆیشی دەرخست.

کێ لە پێناو دیموکراسیدا دەجەنگێت؟

ئەو ئەرکە بابەتییانەى کەلەبەردەم بزووتنەوەکەدان، ئەرکی دیموکراسین. جەماوەر لەپێناو مافی دیموکراسیدا خەبات دەکات. بەڵام ریفۆرمخوازانی بۆرژوازى و وردە بۆرژوازى ناتوانن رابەرایەتی خەباتێکی راستەقینە بکەن لەپێناو دیموکراسیدا. ئەوان لەباشترین حاڵەتدا بزووتنەوەى جەماوەریی وەک سەودایەکی بازرگانیی بۆ فشارخستنە سەر رژێم لە پێناو بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئیمتیازدا، سەیردەکەن. هەروەکو بازرگانێک کە مامەڵە بەکاڵایەکەوە دەکات، بەڵام هیچ نیازێکیان نییە بۆ گۆڕینی ریشەیی رژێمێک کە تاکاتێکی زۆر نزیکیش بەشێک بوون لە پێکهاتەکەى.{ لێرەدا سەرنجی خوێنەرى بەڕێز بۆئەوە رادەکێشم کە هەر ئەم سیفاتەى ریفۆرمخوازەکانی ئێران لە گۆڕانخوازەکانی کوردستانیشدا هەیە، هەرچەندە ئەوان بەخۆیان دەڵێن ریفۆرمخواز واتە مەبەستیان چاکسازییە لە ئەداى حکومەتدا، بەڵام گۆڕانخوازەکانی لاى ئێمە دەڵێن دەیگۆڕین و کەسیش نازانێت چی دەگۆڕن و چۆن دەیگۆڕن!!!و. ک}.

کێ لە پێناو دیموکراسیدا دەجەنگێت؟

هەموو ئەزموونەکانی مێژوو، بەتایبەت ئەزموونی شۆڕشی روسیی، دەریدەخات کە بۆرژوا لیبراڵەکان ناتوانن ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتیکی بۆرژوایی لەوڵاتانێکی وەک ئێراندا بەئەنجام بگەیەنن. ئەم کەسانە باس لە دیموکراسی دەکەن، بەڵام هەمیشە لە دواشیکردنەوەدا ئامادەن بۆ سازشکردن، پاشەکشێ، یاخود لەیەک وشەدا: بۆ خیانەت کردن. تەنیا هێزێکی کۆمەڵگە کە بتوانێت خەباتێکی شێلگێر بکات لەپێناوى دیموکراسیدا خەڵکی شۆڕشگێڕە واتە کرێکاران و جوتیاران و هەژارانی شار گەنجانی شۆڕشگێڕ و ژنانی کەمدەرامەت و نەتەوە چەوساوەکانن.

ئەمانە ئەو هێزانە بوون کە لەمانگی حوزەیرانی 2009دا رژانە سەر شەقامەکان و و ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە. ئەوان لەسەر بانگەوازى ئەو سەرکردە ریفۆرمخوازانە نەهاتنە دەرەوە، کە سەرەتا خۆپیشاندانیان رەت کردەوە و تەنها کاتێک تێیدا بەشداربوون کە لە خوارەوە فشاریان کەوتە سەر. ئەو جەماوەرە خۆى رێکخست و لەوە واوەتر چوون کە سەرکردەکان دەیانویست. بەڵام نەبوونی رابەرایەتی و نەبوونی روانگەیەکی رۆشن و پلانێک بۆ خەباتکردن دواجار بووە هۆى ئەوەى بزووتنەوەکە گورزى بەربکەوێت. هەربۆیە خاڵی سەنتەریی لە شۆڕشی ئێراندا پرسی رابەرایەتییە.

رۆڵی کۆنەپەرستانەى گومانگەراکان scepticism

دەڵێن یەکەمین ئەوروپایی گەڕۆک کاتێک زەڕافەى دیتووە، بەسەرسوڕمانەوە گوتوویەتی" باوەڕناکەم" ئەمە رێک وەڵامی " مارکسییە داناکان " بوو کاتێک رووبەڕووى هەستانی شۆڕشگێڕانەى حوزەیرانی 2009 بوونەوە و تێنەگەیشتن لە هەقیقەتی ئەوەى بەبەرچاویانەوە دەگوزەرێت.

تەواوکردنی شۆڕش کارێکی زۆر ئاسان دەبوو گەر هەموو شتێک لەسەر هێڵێکی راست رۆیشتبا. بەڵام ژیان هەروا ئاسان نییە! بزووتنەوەکە پاشەکشێیەکی کاتی بەخۆوە دی، ئیتر ئەم "زانا مارکسییانە" گووتیان:" ئەها دیتتان! ئێمە پێمان گوتن شۆڕشێک لە ئارادا نییە! هەموو ئەمانە ناشێن، رژێم بەهێزە، هیچ هیوایەک نییە!" و پاشان گەڕانەوە نزیکترین قاوەخانە بۆ ئەوەى خەریکی قاوە خواردنەوەى خۆیان بن، ئەوەش ئەو شوێنەیە کە دەکرێت لێیانگەڕێین بێ سەرئێشە بن.

ئەم کەسانە رازى نین بەوەى ئەوە پەسەند بکەن کە ئێران شۆڕشی بەخۆوە دى و دەسەوسان بوون لە دیتنی ئەو پەرەسەندنەى کە بەبەرچاویانەوە روویدەدا. ئەوان پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد کە لەئەنجامی ساختەکارى لە هەڵبژاردنەکاندا شۆڕش هەڵگیرسێت. ئیتر رووداوەکان کت و پڕ لەگەلڕ خۆیاندا هەڵیانگرتن. ئەوان لەبارەى هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانەوە هیچیان پێنەبوو بیڵێن، سەرەڕاى ئەوەى کە لە تاران میتینگی جەماوەرى گەورە بەرپاکرا. لەراستیدا ئەوان لە ئاست ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییەدا، کە رژێمی تووشی قەیرانێکی قوولڕ کرد، واقیان وڕما. بەم پێیەش نەیانتوانی لە نێو رووداوەکاندا بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە جووڵە بکەن و رۆڵێکی پەراوێزییان هەبوو، ئەمە ئەگەر رۆڵێکیشیان بووبێت.

رۆژى 18ى حوزەیران ی 2009 نووسیم:

" ئەوەى زۆر سەیر و نامۆیە، هەندێک کەسانی چەپن، تیاشیاندایە پێیان خۆشە خۆیان وەک مارکسیست ناوزەد بکەن، ئەوانەى لە واقیع تێناگەن. پاش چەندین ساڵ وا دەهاتە پێشچاو کە هیچ شتێک لە ئێراندا روونادات. چەندین کەسی چەپ، ئەوانەى لە گەنجێتییاندا زۆر رادیکالڕ بوون و لە ناوەڕاستی تەمەنیاندا رادەستی بەدگومانی بوون و هیچ هیوایەکیان بە گۆڕینی شۆڕشگێڕانەى کۆمەڵگە نەما. ئەوان پێشبینی روودانی ئەوهەستانەى ئێستایان نەدەکرد، چونکە هیچ متمانەیەکیان بە تواناییە شۆڕشگێڕییەکانی جەماوەر نییە. ئەمێستاکەش، لەگەلڕ ئەوەى بزووتنەوەکە بەبەرچاویانەوەیە، هێشتا ئامادەنین بڕواى پێبکەن."

هەر لەو وتارەدا باسی ئەوەم کرد کە ترۆتسکی مەنشەفیەکانی روسیاى بەو مامۆستا پیرە ماندووە شوبهاند کە ساڵانێکی دوور و درێژ ماناى وەرزى بەهارى فێرى خوێندکارەکانی دەکرد، بەڵام بەیانییەک ئەو مامۆستا پیرە پەنجەرەى ژوورەکەى کردەوە تاکو هەندێک هەواى پاکژ بێت ژوورە خەمبارەکەیەوە، بەڵام کاتێک پەنجەرەکەى کردەوە، لەپڕێکدا ئاسمانی شین و خۆرى تازە هەڵهاتووی بەدى کرد و گوێی لە پاسارییەکان بوو جریوە جریویان دەکرد، خێرا پەنجەرەکەى بەتوندى داخستەوە و گوتی وەرزى بەهار شێوێنەرێکی ترسناکی سروشتە.

ئەم "چەپ"ە گوماناوییانەمان رێک لەو مامۆستا چەنەبازە دەچن. ئەوان زۆریان حەز لە باسی شۆڕش و گێڕانەوەى یادەوەرییەکانیانە کاتێک لە پاریسی 68 یا تارانی 79 گەنج بوون. بەڵام لە راستیدا ئەوان تۆزقاڵێک گیانی شۆڕشگێڕیی یاخود یەک گرام هوشیاریی مارکسییان نییە. ئەم جۆرە کەسانە کۆسپن لەبەردەم شۆڕشد و گەنجان تووشی پەتاى بەدگومانیی ژەهراوى دەکەن. خۆش بەختانە لەنێو ریزەکانی نەوەى نوێی ئێراندا هیچ کاریگەرییەکی نییە، ئەو نەوەیەى کە پێویستی بەم "پرۆفیسۆرانە" نییە کە فێری بکات چۆن خەبات بکات.

هەمیشە ئەرکی گشت مارکسییە راستەقینەکان ئەوە بووە پشتیوانیی لە بزووتنەوەى جەماوەریی، سەربارى هەموو کەم و کوڕى و هەڵە و خەوشەکانی، بکەن.ئەرکی پێشڕەوانی راستەقینە ئەوەیە گشت هەوڵێکی شیاو بدەن بۆ هەڵخراندنی کرێکاران بۆ ئەوەى پشتیوانی لە خوێندکاران بکەن و کۆمیتەى چەکدار پێکبهێنن و دنەیان بدەن بۆ مانگرتنی گشتی. تەنها لەم رێگەیەوە دەکرا هەڵبەز و دابەزى موسەوى و سەرکردەکانی ترى بۆرژوازى لەقاو بدرێت و ریسوا بکرێت، بۆ ئەوەى بەڵگەى سەرکەوتوویی سیاسەتی پڕۆلیتارى نیشان بدرێت و پێگەى رابەرایەتی بزووتنەوەکە بەدەستەوە بگیرێت.

ئەو"پێشڕەو" ی نەتوانێت شۆڕشێک بناسێتەوە کەلەبەردەمیدا هەڵگیرساوە پێشڕەوێکە هیچ بەهایەکی نییە. بە رەتکردنەوەیان بۆ بەشداریکردنێکی یەکلاکەرەوە لە شۆڕشدا، دەریانخست کە بەکەڵکی رابەرایەتی نایەن. ئێمە پێشبینی دەکەین شەپۆلێکی نوێی شۆڕشگێڕانە، کە ئەو شەپۆلە شتێکی حەتمییە، بەبەرچاوى ئەم بەڕێزانەوە دەست پێبکات و بەجێیان بهێڵێت بەبآ ئەوەى بەخۆیان بزانن .

لینین و شۆڕش

رەخنەگرانمان ناتوانن جگە لە دۆڕان و کزیی هیچی دیکە ببینن، ئەوان هاوار دەکەن:" شۆڕش، کامە شۆڕش؟". ئەمانە، کە هیچ بڕو و متمانەیەکیان بە تواناییە شۆڕشگێرییەکانی جەماوەر نییە، سوورن لەسەر نکوڵی کردن یا کەم کرنەوەى بایەخی هەر نمایشێکی شۆڕشگێرانە. ئەم "زانا مارکسییانە" نەک لەسەر بنەماى جووڵەى واقیعی بەڵکو لەسەر بنەماى رەچەتەى ئەبستراکت دەبزوێن. ئەمانە تێڕوانێنێکیان هەیە بۆ شۆڕشێکی پاکژی پڕۆلیتارى، کە لە هەرە وردەکارییەکانیدا نمونەیی( ئایدیال)یا پێرفێکت بێت، بەو جۆرەى کەکرێکاران رابەرایەتی شۆڕش دەکەن، لەوێدا ئەم "زانا مارکسییانە" یش ،بێگومان، رابەرایەتی کرێکاران دەکەن.

بەڵام بەداخەوە ژیان پێرفێکت و نمونەیی نییە، بزووتنەوەى جەماوەرییش هەموو کات ناکەوێتە ژێر جڵەوى پلانی ئامادەکراو و لەپێشدا داڕێژراو. کاتێکیش بزووتنەوەى واقیعی لەگەلڕ نەخشەکانیاندا ناکۆک دەبێت، ئەوە هەڵناهێنجن کە بیرۆکە پێشوەختەکەیان هەڵە بووە. بەڵکو ئەو دەرئەنجامە دەردەکێشن کە واقیعەکە بەتەواوى هەڵەیە و بەهیچ کلۆجێک شۆڕش لەئارادا نییە، بەڵکو شتێکی ترە( ناشزانن چییە). بەمانایەکی تر وەک سیکولاستیکەکان رەفتار دەکەن نەک وەک ماتریالیستێکی دیالەکتیک.

پێشتر لینین رەخنەى لەم مەزهەبییانە گرتووە کە ناتوانن شۆڕش وەک دیاردەیەکی زیندوو وێنا بکەن، کاتێک نووسیویەتی:

" هەرکەسێک چاوەرێی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی" پاکژ" بکات، هەرگیز چاوى پێی ناکەوێـت، ئەم جۆرە کەسە باس لە سۆڕش دەکات بەبێ ئەوەى بزانێت ماناى شۆڕش چییە."

"شۆڕشی روسی 1905 شۆڕشێکی بۆرژوا ــ دیموکراتیک بوو. لەزنجیرەیەک شەڕ و پێکدادان پێک دەهات کە گشت چینە تووڕەکان و گروپەکان و توێژە ناڕازییەکانی گەل بەشدارییان تێداکرد. لەناویشیاندا خەڵکانێکی تیابوو کە تێر ببوون لە قورسترین حوکمی لەپێشدا داڕێژراو و ئەشکەنجەدان، لەگەڵ زۆرترین ئامانجی ناڕوون و دوور لە واقیع، گروپی بچووکیشی تیابوو کە پارەیان لە یابان وەرگرتبوو، جامباز" مچاربون" و خەڵکی سەرچڵ و هی تریشی تیابوو. بەڵام لەلایەنی بابەتییەوە، بزووتنەوەى جەماوەریی پشتی رژێمی قەیسەری شکاند بوو و رێگاى بۆ دیموکراسی خۆش دەکرد. هەر لەبەرئەم هۆیەش بوو کەکرێکارانی هوشیار لەرووى چینایەتییەوە رابەرایەتییان کرد.

"شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئەوروپا ناشێت شتێکی تر بێت جگەلە هەڵچوونی خەباتی جەماوەریی لەهەموو لایەکی کۆمەڵگەوە و لەلایەن سەرجەم خەڵکانی چەوساوە و تووڕەوە. بێگومان سەرجەم کەسانی وردە بۆرژوازى و کرێکارانی دواکەوتووش بەشدارى دەکەن ـ بەبآ ئەم بەشدارى کردنەش خەباتی جەماوەریی مەحالڕ دەبێت و شۆڕشیش ناکرێت ـ، ئەوەش شتێکی حەتمییە کە ئەمانە بیر و بۆچوونە پێشوەخت و وەهمە کۆنەپەرستانە و خاڵە لاواز و هەڵەکانیشیان هەڵگرتووە. بەڵام لەڕووى بابەتییەوە هێرش دەکەنە سەر سەرمایە. پێشەنگی هوشیارى چینایەتی شۆڕشیش واتە پڕۆلیتاریاى پێشکەوتوو( کە راستیی بابەتیی ئەم ناکۆکییە جەماوەرییە فرەرەنگ و لێک جی و پەرش و بڵاوە دەردەبڕێت) دەتوانێت یەکی بخات و رابەرایەتی بکات، دەسەڵات یەکلابکاتەوە و دەست بەسەر بانک و ترۆستەکاندا، کە هەموو لایەک ڕقیان لێیەتی( ئەگەرچی هۆکارەکان جیاوازیش بن!)بگرێت و رێ شوێن دیکتاتۆرییانەى تر بگرێتە بەر کە بەگشتی دەبێتە هۆى رووخاندنی بۆرژوازى و سەرخستنی سۆسیالیزم، کە ئەمەش لەگەلڕ ئەوەشدا ناتوانێت بەهیچ رێگەیەک یەکسەر خۆى "پاک" بکاتەوە لە پیس و پۆخڵییەکانی وردە بۆرژوازى." Lenin، The Discussion on Self-Determination summed up، July 1916)

ئەمەیە گەوهەرى راستەقینەى لینینیزمی شۆڕشگێر، نەک کارێکاتێرى کڵۆڵانەى گروپێکی دۆگما، کە لەبەر خراپ تێگەیشتنێکی کۆمیدی، بەخۆیان دەڵێین " مارکسیست لینینیست" و بەمەش راست و رەوانی مارکسیزم و لینینزم لەبەرچاوى گەنجی شۆڕشگێرى ئێرانی دەخەن.

هەڵچوون و داچون لە شۆڕشدا حەتمییە

نووسەرى ئەم چەند دێڕە لەکەنارە دڵڕفێنەکانی ئۆقیانووسی ئەتڵەنتی لە ساوس وێڵز لەدایک بووە. من ئەو پانتاییە فراوانەى لمی کەنارەکانم لەبیرە، شەپۆلەکانیش کە رۆژانە دوو جار دەهاتن.. ئەگەر کاتی داچوون بەسەر ئەو کەنارانەدا پیاسەیەک بکەیت، دەتوانیت ژمارەیەکی زۆر زیندەوەرى سەیر ببینییت: ماسی مردوو، هیتر گیان دەدات، هەن لە گۆلاوێکدا گیریان خواردووە. پاشان هەڵچوون دێتەوە و هەموو ئەو پاشماوە خراپانە لەگەڵ خۆیدا دەباتەوە، ئۆکسجینێکی بژوێن و ژیانێکی نوێ دەگێڕێتەوە.

لێکچوونێکی زۆر لەنێوان جوڵەى هەڵچوون و داچوونی ئۆقیانووسەکان و ململانێی چینایەتیدا هەیە. ئەوە سروشتییە کە لەرۆژێکدا دووجار شۆڕش روونادات، بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، لەمێژوودا رووداوى وا دەگمەنن. شۆڕش رووداوێکی تەنیا نییە، شانۆییەکی یەک پەردەیی نییە. ئەمە رەوتێکی زیندووە کە چەندین توخمی ناکۆکی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە، دەتوانین بڵێین کە شۆڕش روبەرووبوونەوەیەکە لەگەلڕ هێزەکانی دژە شۆڕشدا. لەم ئەزمون کردنە گەورەیەى هێزەکاندا بێگومان دەبێت قۆناغی هەڵچوون و داچوونیش هەبێت. لەهەموو شۆڕشەکانی مێژوودا ئەوەمان بەدى کردووە.

مارکسییەکان پشت بە واقیعی بابەتیی دەبەستن نەک بە بە پلانی ئامادەکراوەوە. ئێمە هەر یەکسەر توانیمان تێبگەین لەوەى کە ئەوەى لە ئێران روودەدات شۆڕشە و بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە پێشوازیمان لێی کرد. چاودێرى رووداوەکانمان، لەکاتی هەڵبەز و دابەز و وەرگێڕ و داگێرێدا، کرد لەرۆژى 26 حوزەیران ئەمە نووسی:

" رژێم، کە ئاهێکی کەمی بەبەرداهاتەوە، کار بۆ سەپاندنی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان دەکات، ئەمەش ماناى وایە خەڵکێکی کەمتر دەچنە سەرشەقامەکان. ئەمەش شتێکی سروشتییە. چونکە جەماوەر ناتوانێت بەردەوام هەموو رۆژە بچێتە سەر شەقامەکان و سەرى بشکێت مەگەر چارەیەکی یەکلاکەرەوەى بەدى کردبێت. لەگەڵ ئەوەى رەنگە شەپۆلی ناڕەزایەتی و توڕەیی تر بەڕێوە بێت، بەڵام گەر بزووتنەوەکە نەخرێتە ئاستێکی باڵاترەوە، ئەوا بەبێگومان ئاراستەیەکی رووە و پاشەکشە، لایەنی کەم بەشێوەیەکی کاتی، دەست پێدەکات." ئەم چەند دێڕە بەئەندازەى پێویست رۆشنە بۆ هەر کەسێک بیەوێت تێی بگات. شۆڕش شانۆییەکی یەک پەردەیی نییە. بەڵکو بەچەندین فرسەخدا تێدەپەڕێت، لەگەلڕ چەندین قۆناغی هەستانەوەى مەزندا. وەک چۆن لە حوزەیرانی 2009دا لە عاشور و تاسوعا بینیمان (مەبەست لە دەو نۆى موحەرەمە، عاشورا لە عشرە و تاسوعا لە تسعەى زمانی عەرەبییەوە وەرگیراوە ـ و. ک ـ). بەڵام هەندێک تافی هێمنی، پاشەکشە و بگرە شکستی کاتیشی تێدەکەوێت. هەر کەسێک لەمە تێناگات لە سروشتی شۆڕش تێناگات.

لەم ساتەوەختەدا شۆڕ بەزەبرى هێز سەرکوت کرا، بەڵام هیچ چارەسەرێکیش بۆ هیچ شتێکیش نەخرایە روو. ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵگاى ئێرانی نەک هەر چارەسەر نەکرا بگرە تەنانەت سەرکوتیش کرا. ئەوەش لە بێدەنگ کردنی گیزەگیزى سەرقاپی مەنجەڵەکە دەچێت بەوەى زمانەى دڵنیایی مەنجەڵی هەڵمپەستەکە دابخرێت. دەشێت بەم هۆیەوە دەنگەکە بۆ ماوەیەک کپ بکرێتەوە. بەڵام هەر نەختێک فشارەکە زیادبکرێت، کە دواجار هەر دەبێت زیادبکرێت ـ ئەوا تەقینەوەکە سەد جار زیاتر خوێناوى تر و توند و تیژتردەبێت. کۆنەپەرستەکان، بە تێکشکاندنی باڵی ریفۆرمخوازەکان، هیچ رێگەیەکیان نەهێشتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی لەسەرخۆ و ئاشتیخوازانە. ئەمەش لە داهاتوودا هەستی بێزاریی و توڕەیی لە قوڵایی کۆمەڵدا بەهێز دەکات و چڕترى دەکاتەوە.

بەراوردێکی مێژوویی

چەندین سیماى مێژوویی هەن کە هاوشێوەى ئەم دۆخەى ئێستاى ئێرانن. نزیکترین لێکچوونی مێژووییش شۆڕشی 1905ى روسیەیە کە پێشتر ئاماژەمان پێیدا. ئەو کاتەى پرۆلیتاریاى روسی بۆ یەکەمین جار هاتە سەر شانۆى مێژوو، ئەوەش لە شێوەى خۆپیشاندانێکی هێمنانەدا بووکە پیاوێکی ئایینی( کە بەکرآ گیراوى پۆلیبس بوو) بەناوى بابە گاپۆنەوە رابەراریەتی دەکرد.

خۆپیشاندانی ئۆکتۆبەرى 1905 وەک ئەوەى ئیلیا ریبین وێناى کردووە

ئەمڕۆکە خوێندنەوەى لێدوانەکانی برادەرە"پێشڕەوەکانمان" لە ئێران، کە هەمیشە گلەیی ئەوە دەکەن گوایە هوشیاریی چینی کرێکار نزمە، شتێکی زۆر پێکەنیناوییە. لەسەرەتاى شۆڕشی یەکەمی روسیەدا، رۆژى 9ى کانونی دووەم، کرێکاران ئاڵاى سووریان بەرز نەکردبۆوە، بەڵکو ئایکۆنی ئایینیان بە دەستەوەبوو. ئامانجی خۆپیشاندانەکەش پێشکەش کردنی یاداشتنامەیەک بووبۆ تزار( باتیۆشکا، یا خواوەندى بچووک، وەک ئەوەى کرێکاران پێیان دەووت).

ئەو دەمە باس کردن لە نزمیی ئاستی هوشیاریی کرێکارانی روس شتێکی زۆر ئاسایی بوو. چونکە ئەوان تەنها جوتیار بوون و کاتێکی زۆر بەسەر کۆچ کردنیان لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان تێنەپەڕیبوو. ئەوان بەشێوەیەکی زۆر توند ئایین پەروەر بوون، تەنها کەمێکیان نوسین و خوێندنەوەى دەزانی. ڤۆدکایان دەخواردەوە و لە ژنەکانیشیان دەدا. لە رووى سیاسیشەوە، بەتەواوى نەخوێندەوار بوون. کاتێکیش مارکیسیستە رووسەکان دەیانویست بڵاوکراوەى دامەزراندنی سیستمێکی کۆمارى دابەش بکەن، کرێکاران( کە زۆربەیان لایەنگرى پادشایەتی بون) بەزۆرى دەیاندڕاندن و هەندێکجاریش ئەوانەیان کوتەک کارى دەکرد کە دابەشیان دەکردن.

بەڵام تەنها بەچەند سەعاتێک و دواى کوشتارى یەکشەمەى خوێناوى، کە هێزە سەرکوتگەرەکانی تزار خۆپیشاندەرانی بێ چەکیان شەڵاڵی خوێن کرد، ئەمانە هەمووى گۆڕان. هەر ئێوارەى رۆژى یەکشەمەى 9ى مانگ، هەر ئەو کرێکارانە روویان کردە بەڵشەفیکەکان، کە بەژمارە کەم بوون، یەک داوایان لێدەکردن:" چەکمان بدەنآ!". تەنیا بە چەند سەعاتێکی کەم هوشیارى کرێکاران گۆڕا. ئێرانیش، هەرکە کرێکاران و گەنجان وانە و پەند لەو ئەزمونانەی ئەم دواییانەیان دەربکێشن، رەوتێکی هاوشێوەى ئەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

لەماوەى چەند مانگێکدا،شەپۆلێکی شۆڕشگێڕیی روسیەى گرتەوە. لەگەلڕ ئەوەى چینی کرێکار لەو دەمانەدا لەرووى ژمارەوە کەم بوو بەڵام رۆڵێکی سەرەکیی تێیدا گێڕا، بەڵام جوتیاران کە زۆرینەى کۆمەڵگە بوون، لە جوڵەیاندا خاوتربوون. بەتێپەڕبوونی کات لە ساڵی 1906 شۆڕش بەرەو ناوچە گوندنشینەکانیش فراوان بۆوە. راپەڕینی 1905 ى کرێکاران لەمۆسکۆ لە خوێندا گەوز و شۆڕشیش چووە قۆناغی پاشەکشێوە.

تیرۆرى دژە شۆڕش بەدرێژایی چوارساڵ بەردەوام بوو، تا هەڵایسانی راپەڕینێکی شۆڕشگێرانەى تر لە 1911 ـ 1912.

نمونەیەکی تریش شۆڕشی ئیسپانیایە کە حەوت ساڵ لە 1930 ـ بۆ 1937 درێژەى کێشا. بەڵام لەم ماوەیەدا چەندین هەڵچوون و داچوونی بۆخۆوە بینی، دەمی هەستانی گەورە و مەزن، تافی ماندوێتی و پاشەکشە و دۆڕان، بگرە ماوەى هەڵگەڕانەوەش، بۆ نمونە" دو ساڵی رەش" کە بەدواى شکستی کۆمۆنەى ئاستۆریاس لە ساڵی 1934دا هات.

ئەوە تافێکی سەرکوتکردنی وەحشییانە بوو کە تێیدا هەزاران کەس کوژران و سەدان هەزاریش دەستگیرکران، بەڵام دوایی، پاش هەڵبژاردنی بەرەى میللی لە ساڵی 1936دا، دەرکەوت کە ئەوە هیچ نەبوو جگەلە راپەڕینێکی نوێی شۆڕشگێرانە.

بەدڵنیاییەوە، هەموو بەراوردکردنێکی مێژووییش سنوورداریی خۆى هەیە. تێکەڵاوبوون و جیاوازیش هەیە. لە روسیە و ئیسپانیا چینی کرێکار کەمینەى کۆمەڵگە بوون و زۆرینەى رەها جوتیاران بوون، بەڵام لە ئێراندا ئەمە نییە. زۆربەى خەڵکی ئێران لە شار و شارۆچکەکاندا دەژین و جوتیاران، کە ئەگەرچی هێشتاش هێزێکی گرنگن بەڵام،کەمینەن. لە ساڵی 1979دا بایەخی گەورەى چینی کرێکار دەرکەوت، کاتێک بە هۆى لێکهەڵپێکانی راپەڕینی جەماوەریی و مانگرتنی گشتییەوە رژێمی شا رووخێنرا.

ئەرکەکانی کۆمۆنیستەکان

پێناچێت ئەم هاوسەنگییە لەرزۆکە زۆر درێژە بکێشێت. قەیرانێکی قوولڕ هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەى ئێرانیی داگرتووە: لەرووى سیاسیەوە، لەرووى ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە. هیچ کەس لە بارودۆخەکە رازى نییە، کاتێک راپەڕینی نوآ دەبێت، کە بێگومان هەر دەبێت، بەچۆنایەتیەکی باڵاترەوە دەبێت. مانگرتنی خۆرسک و خۆپیشاندانی جەماوەریی لەدژى لە سێدارەدانی پێنج تێکۆشەر لە ناوچە کوردنشینەکان و بەرپاکردنی رۆژى یەکی ئایار لەچەندین شارى ئێرانی، نیشانەیەک بوو لەوەى دۆخەکە لەتەقینەوەدایە و ئاماژەیەکیش بۆ ئەو تواناییە شۆڕشگێڕانەیەى کەچینی کرێکار هەڵی گرتووە.

ئەرکەکانی کۆمۆنیستەکانی ئێران لەسایەى ئەم بار و دۆخەدا چییە؟ لیۆن ترۆتسکی ساڵی 1930 وەڵامی ئەمەى داوەتەوە:

" کاتێک بۆرژوازى بەئاگاهانە و کەللەڕەقییەوە رازى نابێت بەوەى پرسی چارەسەرکردنی دەرەنجامەکانی قەیرانی کۆمەڵگەى بۆرژوازى بگرێتە ئەستۆى و واش دەردەکەوێت کە چینی کرێکار هێشتا ئامادە نییە بۆ ئەوەى چارەسەرێک بۆ ئەو ئەرکانە بخاتە روو. لەم کاتانەدا بەزۆرى خوێندکاران شانۆکە داگیردەکەن. خەباتی شۆڕشگێڕانە و نیمچە شۆڕشگێڕانەى خوێندکاران ئەوە دەگەیەنێت کە کۆمەڵگەى بۆرژوازى بەقەیرانێکی قووڵدا تێدەپەڕێت...

"کرێکارانی ئیسپانیا رەمەکێکی(غریزە) شۆڕشگێڕانەى دروستیان بەتەواوى نیشاندا، کاتێک پشتیوانییان لە خۆپیشاندانی خوێندکاران کرد. ئاشکراشە پێویستە لەژێر ئاڵاى تایبەتی ئەواند و لەژێر رابەرایەتی رێکخراوە پڕۆلیتارییە تایبەتییەکەیانەوە ئەمە بکەن. پێویستیشە لەلایەن کۆمۆنیستەکانی ئیسپانیاوە ئەمە دەستەبەربکرێت، هەر بۆیە ئەوان پێویستییان بە سیاسەتێکی دروستە".

"ئەم رێگایە ئەوە دەخاتە سەر شانی کۆمۆنیستەکان کە خەباتێکی پەیگیر و جەسورانە و چالاک بکەن لە پێناو دروشمە دیموکراتییەکاندا. تێنەگەیشتن لەمە گەورەترین هەڵەى سیکتاریستیی دەبێت.. ئەگەر قەیرانە شۆڕشگێڕانەکە گۆڕا بۆ شۆڕش ئەوا بێگومان سنووری بۆرژوازی تێدەپەڕێنێت. لەحاڵەتی بەدیهێنانی سەرکەوتنیشدا، ئەوا پێویست دەکات دەسەڵات بگوێزرێتەوە بۆ پڕۆلیتاریا"( لیۆن ترۆتسکی: گرفتەکانی شۆڕشی ئیسپانیا، تۆخ کردنەوەکان لەمنەوەن ـ ئالان ودزـ)

لە ئێستادا، وادەردەکەوێت هەڵگەڕانەوەى کۆنەپەرستانە لە ئێراندا گەیشتبێتە ترۆپک. بەڵام ئەم هەڵگەڕانەوەیە بەهیچ کلۆجێک بەهێز نییە. ململانێ ودابەش بوونەکانی نێوان رەوتە رکابەرەکاندا کار بۆ روخاندنی وردە وردەى رژێم لەناوەوە دەکەن. ئێمە لە سەختییەکان کەم ناکەینەوە، رژێمی ئێران بەشێوەیەکی زۆر ترسناک سەرکوتگەرە، بەڵام هێشتاش لە دەوڵەتی تزار" قەیسەر"ی روسیە سەرکوتگەرترنییە. هەموو ئەزموونەکانی مێژووش نیشانیانداوە کە تەنانەت زۆردارترین دەوڵەتیش ناتوانێت لەبەردەم جەماوەردا، هەر ئەوەندەى رێک بخرێت و جۆش بدرێت بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە، خۆى رابگرێت. ساڵی 1789ئەمەمان لە فەرەنسا بینی، 1917ش لە روسیە و ساڵی 1979یش لە ئێران. لە ئاییندەشدا لە گشت وڵاتاندا، یەک لەدواى یەک و دواى ئەم قۆناغەى کە تێدەپەڕێت.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو پاشەکشە کاتییەى کە بزووتنەوەى جەماوەریی بەخۆیەوە دەیبینێت، باشتر وایە بەشێوەیەکی روون لە خواستە زۆر دیموکراتیکەکانەوە دەست پێبکرێت: ئازادکردنی گشت زیندانیانی سیاسی، مافی رێکخستن و خۆپیشاندان، سزادانی بەرپرسانی سەرکوتکردنی جەماوەر و ... هتد. بەڵام هەر کە بزووتنەوەکە سەرلەنوێ هەستێتەوە، ئیدى مەسەلەى خەباتی شۆڕشگێڕانەى جەماوەریی بەمانگرتنی گشتیشەوە، لە خاڵێکی دیاریکراودا، دەبێتە شتێکی پێویست.

ئەگەر کرێکارانی پێشڕەو بیانەوێت بەراستی پێشڕەوى شۆڕشگێریی بن و هەر بەقسە نەبێت، ئەوا پێویستە لەسەریان رێگایەک بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی جەماوەرییدا بدۆزنەوە و شێلگیرانە بەرگرى لە خواستە دیموکراتیکە هەرە پێشکەوتووەکان بکەن و پەیوەستی بکەنەوە بە دروشمە ناوەندییەکەوە کە خۆى لە مانگرتنێکی گشتیی لەسەرتاسەرى وڵاتدا دەبینێتەوە بۆ روخاندنی رژێم.

بۆ خۆ ئامادەکردنیش بۆ ئەمە، زۆر پێویستە شێلگیرانە کاربکرێت بۆ سەرپێخستن و رێکخستنی شوراکان، ئەوەى کە لە دوانزە مانگی رابردوودا زۆر پێویست بوو و ئامادەیی نەبوو، لە کارگە و گەڕەکە کرێکارییەکاندا. هەر ئەمەشە تەنها رێگەی چوون بەرەو پێشەوە.

هەر هێندەى خەڵکى ئێران بجووڵێن، جیهان دەهەژێنن. دەشێت شۆڕشی داهاتوو شێوازێکى جیاواز بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام تەنیا شتێک کە لێی دڵنیاین ئەوەیە: بزووتنەوەیەکی بونیادگەرا نابێت. 28 ساڵی رابردووى دەسەڵاتی ئاخوندى هیچ متمانەیەکی پیاوانی ئایینی لەلاى جەماوەر و گەنجان نەهێشتووە. زۆرینەى دانیشتوانی ئێران لاون، بۆیە بەرووى بیرى سۆسیالیستی و شۆڕشگێریی و مارکسیدا کراوە دەبن. شۆڕشی ئێران سەرتاپاى دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قڵپ دەکاتەوە و نیشانی دەدات کە بەرەنگار بوونەوەى راستەقینەى ئیمپریالیزم پێویستیی بە بونیادگەرایی نییە و کاریگەرییش لەسەر گشت ناوچەکە دادەنێت.

زەمینەکان بۆ هەستانەوەیەکی نوێ لە ئێراندا لە خەمڵیندان.گرنگترین فاکتەریش لەهاوکێشەکەدا ئەوەیە توێژێکی لاوان هەن بیردەکەنەوە لەوەى چی روویدا، پەیجوورى دەکەن، پرسیاردەکەن و رەخنە دەگرن. بە پێداگرییەوە ئەو پرسیارە دەکەن: ئێمە کە ئەو بزووتنەوە مەزنەمان بەڕێخست، بۆچی شکستمان خوارد؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش وردە وردە رۆشن دەبێتەوە: شکستمان خوارد لەلایەکەوە لەبەرئەوەى پێویستیمان بەبەشداریکردنێکی چالاکانەى کرێکارانە، وەک ئەوەى لە ساڵی 1979دا روویدا، بەڵام هۆکارى سەرەکی شکستەکەمان نەبوونی سەرکردایەتییەکی شێلگیرى شۆڕشگێرە.

لەراستیدا، هەبوونی رابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕى پەیگیر و دووربین تەنیا هۆکارێکی پێویستە بۆ ئەوەى سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران زامن بکرێت. هێشتا هێزە مارکسییەکانی ئێران لەرووى ژمارەوە لاوازن، بەڵام لەرووى تیۆرییەوە بەهێزین. ئەو کارەى هاوڕێ ئێرانییەکانمان ئەنجامی دەدەن جێگەى بایەخێکی مەزنە و پێویستە لەسەر ئێمەش بەهەر شێوەیەک کە بتوانین پشتیوانییان لێبکەین.

کەمیی ژمارەمان ورەمان دانابەزێنێت، بۆ نمونە لەسەرەتاى شۆڕشی یەکەمی روسیەدا، بەلشەفیکەکان کەمینەیەکی زۆر کەم بوون. بەڵام لەسەر بنەماى ئایدیاى روون، کە بە توندى لەگەلڕ هەل و مەرجی بابەتی و پێداویستیی مێژوییدا تەبا بێت، دەتوانین زۆر بەخێرایی گەشە بکەین. ئێمە لەگەڵ گەشەکردنی بزووتنەوەى واقیعیدا گەشە دەکەین و پێدەگەین.

گرفتی سەرەکی بابەتیی Objective نییە بەڵکو خودییە(Subjective): ئەو گرفتە لە سایکۆلۆژیاى جەماوەردایە، کە مەزاجی جۆر و جۆر باڵ بەسەر توێژە جۆراوجۆرەکانیدا دەکێشێت ، بۆ نمونە هەندێک داڕوخاون بەتایبەت رەوتە چەپەکان، بەڵام خەباتگێرانی دیکەش لە بزووتنەوەکەدا هەن، بەتایبەت گەنجان، بەجۆشن و مێشکیان بەرووى ئایدیاکانماندا کراوەیە. ئەمەش شتێکی سروشتییە چونکە ئەوان لاون و پڕن لە چالاکی و وزە و ئالودە نەبوون بە بەدگومانی، کەبەرهەمی شکستەکانی رابردووە.

ناپلیۆن پێشتر گووتویەتی سوپا تێکشکاوەکان باشتر فێردەبن. بەهۆى ئەزموونی کردارییەوە هەزاران گەنجی باش و شۆڕشگێڕ ئاستی وشیاریی پێویست بەدەست بەدەهێنن بۆ ئەوەى تا کۆتایی رابەرایەتی شۆڕش بکەن. ئەوان فێر دەبن کە چارەسەرى نیوە ناچلڕ هیچ بەهایەکی نییە، هیچ جۆرە تەوافوقێکیش لەگەڵ رژێمدا ناکرێت، ئەورابەرانەیش کە رێگەى دان و سان لەگەڵ رژێمدا دەگرنەبەر، ئەوە حەتمییە ناپاکی لەگەلڕ بزووتنەوەکەدا دەکەن.

ئیتر وردە وردە دەرکەوت کە توێژێک هەن لەنێوگەنجاندا خوازیارى گۆڕینی رادیکاڵ و ریشەیی کۆمەڵگەن. گەنجانێک کە متمانەیان بە سەرکردە ریفۆرمیستەکان نەماوە و خۆیان بە سۆسالیست دەزانن و بایەخی زیاتر دەدەنە مارکسیزم. ئا ئەمە ئاییندەى راستەقینەى بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانەیە لە ئێراندا. ئەو روحیەتە رەشبینانەیەى کەبەسەر پۆلێک لە"پێشڕەوان"دا زاڵە رەنگدانەوەى رابردووە. بەڵام روحیەتی نەوەى نوێ لە لاوانی خەباتکار، نوێنەرایەتی ئاییندە دەکات. ئێمەش بەپاڵ ئاییندەوە، نەک رابردوو، راوەستاوین. بەرسڤی ئێمە بۆ هەموو ئەوانەى بەردەوام سەر دەلەقێنن و دەڵێن" ئەمە کۆتاییە"، ئەوەیە: نا هاوڕێیان ئەمە راست نییە، ئەمە کۆتایی نییە، ئەمە سەرەتایە!

Source: Hawpshti.com